له هێرشێكی تیرۆریستیی گه‌وره‌دا له
فڕه‌نسا، سێ كه‌س به چه‌قۆی ئیسلامییه‌ك كوژراون و دوو كه‌سیش به سه‌ختی بریندار بوونه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 29ی تشرینی یه‌كه‌م، هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری فڕه‌نسی ئاشكرایان كرد، "له باشووری ڕۆژئاوای فڕه‌نسا له شاری نیزا، له ئاكامی هێرشێكی تیرۆریستیی گه‌وره‌دا، سێ كه‌س به چه‌قۆ كوژران و چه‌ند كه‌سێكیش بریندار كران".
زیاتر هاتووه، "یه‌كێك له كوژراوه‌كان به قه‌چۆ سه‌ری بڕاوه كه ژنێكی به‌ته‌مه‌ن بووه، پۆلیس و هێزێكی زۆر له ناوچه‌كه بڵاوه‌یان پێ كراوه و لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له ڕووداوه‌كه ده‌ستی پێ كردووه".
ڕوون كراوه‌ته‌وه، "ڕووداوه‌كه له نزیك كه‌نیسه‌ی نۆتردام له شاری نیس بووه، هێرشه‌كه تیرۆریستی بووه و له‌لایه‌ن كه‌سێكی ئیسلامی توندڕه‌وه‌وه له‌ڕێی چه‌قۆ ڕووی داوه، دوای گه‌یشتنی پۆلیسی تایبه‌ت به به‌ره‌نگابوونه‌وه‌ی تیرۆر ته‌قه له تیرۆرسته‌كه كراوه و گیراوه و به‌برینداری گواستوویانه‌ته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه."
سه‌رۆكی فڕه‌نسا گه‌یشته شوێنی تاوانه‌كه
دوای ڕووداوه‌كه‌یش ڕاسته‌وخۆ ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فڕه‌نسا، گه‌یشته شوێنی هێرشه تیرۆریستییه‌كه و ئێسته به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی شاره‌وانی نیس سه‌ردانی شوێنی ڕووداوه‌كه‌یان كردووه و بڕیاره پاش كه‌مێكی تر كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانییان هه‌بێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه جێراڵد دارمانین وه‌زیری ناوخۆی فڕه‌نسا ڕای گه‌یاند، "پۆلیس له ناوچه‌كه ئۆپراسیۆنێكی تایبه‌ت ئه‌نجام ده‌دات و هێرشه‌كه هێرشێكی گه‌وره‌ی تیرۆریستی بووه، لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد ده‌ستی پێ كردووه".
ئاماژه‌ی دا، "له وه‌زاره‌تی ناوخۆی فڕه‌نسا به‌وهۆیه‌وه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تمان ده‌بێت و قه‌یرانه‌كان تاوتوێ ده‌كه‌ین و تیمی تایبه‌تی به‌دواداچوون بۆ ڕووداوه‌كه پێكده‌هێنین".
له هه‌مان كاتدا، پۆلیسی فڕه‌نسا له پێگه‌ی فه‌رمی خۆیانه‌وه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، داوایان له هاووڵاتییان كردووه، له كه‌نیسه‌ی نۆتردام له شاری نیسی باشووری ڕۆژئاوای وڵاته‌كه دوور بكه‌ونه‌وه.
ئه‌نجوومه‌نی ئیسلامی فڕه‌نسا په‌یامی بڵاو كرده‌وه
به‌په‌له دوای ڕووداوه‌كه ئه‌نجوومه‌نی ئیسلامی فڕه‌نسا به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه تیرۆریستییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی نیسی فڕه‌نسایان كرد و هاوسۆزی خۆیان بۆ كه‌سوكار و خێزانی قوربانییه‌كان پێشان دا.
له ڕاگه‌یانراوه‌كه‌یاندا هاتووه، "داوا له مسوڵمانانی فڕه‌نسا ده‌كه‌ین كه ته‌واوی بۆنه ئاینییه‌كانی تایبه‌ت به‌یادی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌د هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه و ئه‌نجامی نه‌ده‌ن".
ساتى ڕووداوه‌كه