لەکاتی کڕینی ئۆتۆمبێل وریای ئەم فێڵەبە

:: PM:05:03:31/10/2020 ‌

ئێستە چەند فرۆشیارێک کە کاری ساختە ئەنجام دەدەن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ''فیتەر و وایەرمەن'' فێڵ لە شۆفێران دەکەن و چەند گرفتێک و کێشەیەکی ئۆتۆمبێل بە چەندان تەکنیکی خراپ دەشارنەوە و کە شۆفێران هەستی پێ ناکەن.

لەمبارەیەوە ئاراس ئه‌حمه‌د شاره‌زای میكانیكی بۆ ''وشه‌'' ئاشكرای كرد، لەکاتی کڕینی ئۆتۆمبێل پێویستە شۆفێر پشکنینی کۆمپیوتەری بکەن بۆ ئەوەی بزانن گرفتی کارەبایی چی هەیە و چ گڵۆپێک تەرک کراوە و چ فرت و فێڵەکی تێدا کراوە، چونکە زۆرجار گڵۆپێک تەرک کراوە پارەیەکی زۆری دەوێت بۆ چاکردنەوی گرفتەکە.

پێویستە شۆفێر لەکاتی کڕینی ئۆتۆمبێل هەموو پشکنینێک ئەنجام بدات، بەتایبەت پشکنینی کارەبایی

زیاتر گوتی، نموونە شۆفێرێک لەکاتی کڕینی ئۆتۆمبێل هەست کردووە کە ABSـەکەی کار ناکات و گلۆپیش دانەگیرساوە، هەروەها کە پشکنینی کۆمپیوتەریمان بۆ کرد دەرکەوت هەستیاریی تەگەری شۆفێر وایەرەکەیان قرتاوە، بەڵام گڵۆپی ABS لە داشبۆرد نەمابوو، کە سەعاتی داشبۆردمان کردەوە دیاربوو پێشتر تێبی ڕەشیان لە گڵۆپی ABS داوە بۆ ئەوەی لە داشبۆرد دیار نەبێت، ئەمەیش فێڵێکە ئێستە ئەنجام دەدرێت بۆ فێڵ کردن لە شۆفێران.

بۆیە هۆشیاریی دەدات کە شۆفێر لەکاتی کڕینی ئۆتۆمبێلدا وریای ئەو جۆرە فێڵانە بێت و ڕاستەوخۆ لەکاتی پشکنین بۆی پشکنینی کارەباییشی بۆ ئەنجام بدات و هەموو گرفتەکان چارەسەر بکات بۆ ئەوەی فێڵی لێ نەکرێت.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان