ساردبوونی پێیەكان ئاماژەیە بۆ ئەم نەخۆشیانە

:: PM:06:02:02/11/2020 ‌

لە وەرزی سەرمادا شتێكی ئاساییە كە پێیەكانی مرۆڤ یان هەر ئەندامێكی تری لەشی سارد بێت، بەڵام ساردبوونی پێیەكان بە بەردەوام رەنگە ئاماژەیەك بێ بۆ چەند نەخۆشییەك، لەوانە نەخۆشی مەترسیدار، پزیشكێكی شارەزای نەشتەرگەری ئاماژە بۆ هەشت هۆكاری ساردبوونی پێیەكان دەكات.
جگەرەكێشان و پەسەتانی خوێن و كۆلیسترۆل و تەمەن هۆكاری رەقبوونی خوێنەبەركانن
وەك دانییلا دیسبرێس، پزیشكی شارەزای نەشتەرگەریی ئێسك باسی دەكات، رەنگە رەقبوونی خوێنبەرەكان یەكێك بێ لە هۆكارەكان، كاتێك بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە سووڕی خوێن پەكی دەكەوێت، بەتایبەتی لە قاچەكان، لوولەكانی خوێن تەسك دەبنەوە و بەو هۆیەشەوە پەلەكانی خوارەوە ساردهەڵدەگەڕێن، جگەرەكێشان و بەرزی پەسەتانی خوێن و زیادبوونی رێژەی كۆلیسترۆڵ و بەتەمەنداچوون لە هۆكارەكانی تووشبوونن بە رەقبوونی خوێنەبەركان. 

ئەو پزیشكە روونی كردەوە، هۆكارێكی تری ساردبوونی پێیەكان نەخۆشی شەكرەیە، چەنكە بەهۆی نەخۆشییەكەوە سڕبوون و تێكچوونی هەستە دەمارەكان روودەدات، هەرەها رەنگە سووڕی خوێن لاواز ببێت، هۆكارێكی تر نەخۆشی رینۆدە كە بەهۆی ساردی و ماندووبوونەوە لوولەكانی خوێن تەسك دەبنەوە، بەوەیش دەردەكەوێ كە رەنگی پێیەكان دەگۆڕێت.

دەكرێی ساردبوونی پێیەكان نیشانەیەك بێ بۆ تێكچوونی هەستە دەمارەكانی پەلەكان كە سووتانەوە و مێروولەكردنی لەگەڵدا دەبێت، ئەوەیش بەهۆی نەخۆشی شەكرە یان جگەر و گورچیلە دروست دەبێت، هۆكارێكی تر كەمخوێنییە، كاتێك لەش ژمارەیەی كەمتری خڕۆكە سوورەكان بەرهەم دێنێت، زۆرجاریش ئەو حاڵەتە بەهۆی كەمی ئاسنەوە دەبێت، كە نیشانەكەیشی كەمی هۆمۆگڵۆبینە.

جیا لەوانەی سەرەوە دەكرێ هۆكاری ساردبوونی پێیەكان نیگەرانی و كێشە لە رژێنی دەرەقی و نەخۆشی بۆرگەر بێت، شێوانی كاری رژێنی دەرەقی كاتێك رژێنەكە ناتوانێ بڕی پێویست بەرهەم بێنێت، ئەوەیش دەبێتە هۆی لاوازیی سووڕی خوێن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل