داعش گەڕاوەتەوە سووریا و رۆژ لەدوای رۆژ بەهێزتر دەبێت

:: PM:04:41:04/11/2020 ‌
گروپە توندئاژۆ ئیسلامییەکان لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن و داعشیش ئەمەی قۆستووەتەوە و خۆی رێک خستووەتەوە، لە هەندێک لە شارەکان ئەوەندە بەهێز بوون کە دوکانداران ناوێرن لە ترسی چەکدارەکانیان کارمەندی ژن وەربگرن و ئەگەر ئەمە بکەن دووکانەکانیان دەتەقێننەوە.
لە رۆژئاوای کوردستان زیاترین رێکخستنی داعش بەدی دەکرێت .

ئاژانسی هەواڵی دویچەڤێلەی ئەڵمانی راپۆرتێکی لەبارەی خۆ رێکخستنەوەی داعش لە سووریا بڵاو کردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بە چەندان ناوچە داوە و لەناویاندا ناوی سەرێکانی هێناوە کە لەو رۆژانەدا وەک کاردانەوە بەرانبەر لێدوانەکانی ماکرۆن خۆپێشاندانیان کرد و تیایدا ئاڵای داعش بەرز کرایەوە.

ژمارەیەک لە خۆپێشاندەران بە دروشمی ئەڵاهو ئەکبەر ئاڵای تیرۆریستانی داعشیان هەڵگرتبوو و لەو رێگەیەوە هێزی خۆیان لە ناوچەکە نمایش دەکرد.

شاری سەرێکانی لەژێر دەسەڵاتی یەکینەکانی پاراستنی گەل بوو و تیایدا ساڵی 2011 دەسەڵاتیان گرتە دەست و ساڵی 2012 گروپی تیرۆریستی بەرەی نوسرەیان شکست دا.

لەو راپەرتەدا ساڵانی دەسەڵاتداری کورد لە سەرێکانی بە ساڵە خۆشەکانی ئەو شارە ناو براوە، بەڵام ساڵی 2019 کۆمەڵێک گروپی توندڕەوی ئیسلامی بە پاڵپشتی تورکیا دەستیان بەسەر ئەو شارە داگرت.
لە سەرێکانی هەر دووکاندارێک فرمانیان جێبەجێ نەکات دووکانەکەی دەتەقێننەوە .

لە ئیدلبیش کە دوا پەناگەی ئیسلامییە توندئاژۆکانی سەر بە تورکیایە، کۆمەڵێک خۆپێشاندان دژی فڕەنسا بەڕێوە چوو و بووە گۆڕەپانی نمایشکردنی هێزی گروپە توندئاژۆکان، ئێستە زۆربەی دووکانەکانی ئەو پارێزگایە کاڵای فڕەنسی وەک پەنیر و کەرێ و عەتر و جگەرەی فڕەنسییان بایکۆت کردووە و روویان لە کاڵای تورکی کردووە.

دویچەڤێلە نووسیویەتی، ئەگەر پشتیوانی هێزەکانی تورکیایان نەبوایە، ئەو گروپە توندڕەوانە هیچ چانسێکیان بەرانبەر هێزەکانی ئەسەد و رووسیا نەدەبوو و تا ئێستە لەناوچووبوون.

زیاتر روون کراوەتەوە، ماوەیەکی زۆرە گروپە توندئاژۆ ئیسلامییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی وەک گرێسپی و سەرێکانی کە لەلایەن تورکیاوە داگیر کراوە، پێگەیان بەهێز کردووە، زۆربەی دانیشتووان کە کوردن، رایان کردووە و لە جێگەیان عەرەبی سوننە لە ناوچەکانی تری سووریاوە هاوردە کراوە. ئەردۆغان ئەوانی هێناوە و لەڕاستیدا ئەوە گۆڕانی دیموکرافییە بۆ ئەوەی بەسەر کورداندا زاڵ ببێت.

وەک لە راپۆرتەکە ئاماژەی پێ دراوە، شانە چەکدارەکانی داعش دیسان هێرشەکانیان چڕ کردووەتەوە و پەلیان هاویشتووەتە ناوچە جیا جیاکانی سووریا و رووەو بووژانەوە دەچن.

ئەستەمە بزانرێت ژمارەی ئەندامانی داعش لە سووریا چەندە لەبەر ئەوەی ئەو گروپە بە هێرشی بچووک، بەڵام کاریگەردەیانهەوێ ترس و دڵەڕاوکێ لە سووریا بڵاو بکەنەوە، ئەویش نەک لە بیابانەکانی هاوسنووری عێراق، بەڵکوو لە کەناری رووباری فورات کە لەژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا و هاوسنووری دەسەڵاتی رۆژئاوایە.

زۆربەی گیراوانی داعش کە لە گرتووخانەکانی رۆژئاوای کوردستان بوون، یان رایان کردووە یاخود ئازاد کراون، هۆکاری ئازادکردنیان ئەوەیە، کوردانی رۆژئاوا لەڕووی داراییەوە توانای راگرتن و پاسەوانیکردنیان لەو گیراوانە نەماوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ناوەندی سیاسەتی جیهانی واشنتن، داعش توانیویەتی بەشێکی زۆر لە داراییەکانی رزگار بکات، هەر بۆیە توانای هێرشی چەکدارانەی زۆر بووە و ئێستە دەتوانێ هێزی گەنج بەرەوخۆی رابکێشێت.

چەکدارانی داعش لە هەندێک ناوچەی رۆژئاوا بە رادەیەک بەهێز بوون کە رێگە بە دووکانداران نادەن کارمەندی ژن وەربگرن و ئەگەر هاووڵێتی پابەند نەبن، هەڕەشەی تەقاندنەوەی دووکانەکانیان لێ دەکەن.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا ئاماژە دراوە، هەر کەسێک لە ناوچە کوردنشینەکان فرمانی داعش جێبەجێ نەکات، ماڵ و موڵکی دەتەقێننەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعش لە سووریا.

هاوکات لە عێراقیش باس لە سەرهەڵدانەوە و خۆ رێکخستنەوەی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکرێت و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە هۆکارەکە بۆ دروستبوونی بۆشایی تەناهیی دەگەڕێننەوە، واتا ئەو ناوچانەی هێڵی تەماسن لە نێوان پێشمەرگە و سوپا. لە ناوچەکان سوپای عێراق توانای کۆنتڕۆڵکردنی نەبووە و بەهۆیەوە بۆشایی تەناهی دروست بووە و داعش ئەوەی وەک هەلێک قۆستۆتەوە و خۆی لەو ناوچانە بەهێز کردووە.



وشە - هیدایه‌ت جان