سەركەوتنی بایدن بەهای تمەنی هەڵكشاند

:: PM:03:08:08/11/2020 ‌
سەركەوتنی بایدن بووە هۆی هەڵكشانی بەهای تمەن بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكا، تەنانەت تا 23 هەزار تمەنیش گۆڕانكاری بەسەردا هات و هەرچەندە دیسان كەمێك پاشەكشەی كردەوە، بەڵام بەراورد بە نرخی دوو هەفتەی رابردوو بە رێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

لەگەڵ راگەیاندنی سەركەوتنی بایدن بەهای هەر دۆلارێك بۆ خوارووی 23 هەزار تمەن دابەزی، لە كاتێكدا لە سەرووی 27 هەزار تمەن دەفرۆشرا، هەر لە ماوەی دوو تا سێ هەفتەی رابردوو بەهای دۆلار تا 32 هەزار تمەنیش هەڵكشابوو.

حاجی مووسا خاوەنی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ "وشە" ئاماژەی دا، هەڵكشانی تمەن زۆر خێرا بوو، بەڵام دواتر كەمێك دابەزیوە و ئێستە لە هەولێر هەر دۆلارێك بە 25 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ دەكرێت.
لە بازاڕی تاران هەر دۆلارێك بە 23 هەزار و 300 تمەن ئاڵوگۆڕ دەكرێت

پێویستە بگوترێت بەپێی نرخی تمەن لە بازاڕی تاران هەر دۆلارێك بە 23 هەزار و 300 تمەن ئاڵوگۆڕ دەكرێت و بەراورد بە پێنج رۆژ لەمەوبەر پێنج هەزار تمەن هەڵكشاوە.

وەك خاوەن نووسینگەكە زیاتر خستیەڕوو، بەهای دیناریش كەمێك بەرز بووەتەوە، بەڵام رێژەكەی زۆر نزم بووە و بەراورد بە دوێنێ شەموو تەنیا 50 دینار جیاوازی هەیە و ئەمڕۆ هەر 100 دۆلار بە 125 هەزار و 100 دینار دەفرۆشرێت.



وشە - سلێمان تاشان