به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ركووك یه‌كێكه له‌و شاره كوردییانه‌ی به هونه‌ری مه‌قام به‌ناوبانگه و چه‌ندان هونه‌رمه‌ندی له‌و بواره‌دا هه‌یه، جارێكی تر خولی فێربوونی مه‌قام له‌و شاره بۆ ئاره‌زوومه‌ندان به‌ڕێوه ده‌چێت.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م نۆی تشرینی دووه‌م، ڕۆكان جاف به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری كه‌ركووك به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "ناوه‌ندی عه‌لی مه‌ردان بۆ مه‌قام به هاوكاری سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری كه‌ركووك، خولێكی فێربوونی مه‌قام بۆ ژماره‌یه‌ك گه‌نج و هونه‌رمه‌ند و به‌هره‌مه‌ندی شاره‌كه كردووه‌ته‌وه".
ئاشكرای كرد، "خوله‌كه به خۆڕاییه و تا 10 ڕۆژی تر ده‌خایه‌نێت، ئه‌مڕۆ دووه‌م ڕۆژی خوله‌كه‌یه، ژماره‌ی به‌شدارانیش گه‌یشتووه‌ته نزیكه‌ی 15 كه‌س".
ڕوونی كرده‌وه، "خوله‌كه له لایه‌ن مامۆستای مه‌قامه‌كان (عومه‌ر محه‌مه‌د) ده‌گوترێته‌وه و به‌شداران له‌سه‌ر جۆره‌كانی مه‌قام و شێوازه‌كانی مه‌قام ئاشنا ده‌كرێن، هه‌روه‌ها ڕێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كانیش جێبه‌جێ كراون".
سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری كه‌ركووك ماوه‌یه‌كه ده‌ستی به چالاكییه هونه‌رییه‌كان كردووه‌ته‌وه و گه‌نجانی شاره‌كه‌یش به گڕوتینه‌وه به‌شداری خول و سمینار و فێستیڤاڵ و شانۆگه‌ری و سینه‌ما و بابه‌ته هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌كان ده‌كه‌ن.