نەبوونی دەوڵەت پاساو نییە بۆ ئەوەی موزیکەکەمان بە زانستی نەکەین

:: AM:10:49:10/11/2020 ‌
کاوە فەقیەزادە، موزیکناس و سەرپەرەشتی ئۆرکێسترای فیلارمۆنیک لەو چاوپێکەوتنەدا تیشک دەخاتە سەر شارستانیەتی مۆسیقای کوردی و رای دەگەیەنێت، مۆسیقای کوردی زۆر بەباشی دەتوانێ بەجیهانی بکرێت، لەبەر ئەوەی مۆسیقای کوردی دەتوانی ئەو چارەکە دەنگانەی لە هەندێک سکێڵ، لێ هەڵبگیرێت و بە دنیا بڵێی مۆسیقای منیش لەسەر ئەو پەیژە و نەریتەیە کە دنیا لێی شارەزایە و کاری پێ دەکات.
مۆسیقای کوردی ریتم و ئاهەنگی تایبەت بەخۆی هەیە و زۆر نایابیشە .
  
چاوپێکەوتنەکە لەو پرسەوە دەست پێ دەکەین کە ئاخۆ مۆسیقای کوردی شووناسێکی سەربەخۆی هەیە؟ واتا ئێمە وەک کورد دەتوانین بڵێین خاوەن مۆسیقایەکی سەربەخۆ و تایبەتمەندین و ئەو مۆسیقایەمان ناسنامەیەکی کوردی هەیە؟
مۆسیقای کوردی لە کۆڵەکە و ریشەکانیدا بوونی هەیە، ئەگەر بمانەوێ بزانین شووناسی چییە، مۆسیقای کوردی ریتم و ئاهەنگی تایبەت بەخۆی هەیە و زۆر نایابیشە، وەک چێژ ئەگەر بگەڕێینەوە بنەڕەتی مۆسیقای کوردی و ئەو بابەتانەی تاموچێژی فۆلک دەدەن یان دەستیان لێ نەدراوە، ئەگەر لێکیان بدەینەوە، بەوە دەگەین کە مۆسیقای کوردی چێژێکی ناسنامەداری هەیە، کاتێک میلەتێکی تر گوێی لێ رادەگرێت، دەزانێت ئەوە تایبەت بە کوردە، مۆسیقای ئێمە بە زانستی نەکراوە، ئەگینا سەرجەم ئەو تایبەتمەندییانەی هەیە کە مۆسیقایەکی سەربەخۆ پێویستییەتی، کە دەڵێم بەزانستی نەکراوە، مەبەستم ئەوەیە کە ئێمە موزیسیەنی هەڵکەوتوو و زانستیمان نەبووە، لەوەش گرنگتر، ئێمە وەک کورد دەوڵەتمان نەبووە، بۆیە نەپڕژاوینەتە سەر مۆسیقا و بیهێنین کۆی بکەینەوە و بزنسی پێ بکەین و بە دنیا بڵێین کوردیش مۆسیقای هەیە، ئەوە تامەکەیەتی و ئەوە جۆرەکەی و ئەوەش تەکنیکەکەیەتی و دابونەریت و کولتووری بەو شێوەیە، دەنا ئێستاش منی موزیسیەن لە هەر جێیەک کەم دەهێنم، یەکسەر روو دەکەمە فۆلک و بەیتوباو و مەقامی ناوچەی گەرمێن و ستران و ئاوازی کورمانجەکانی خواروو و سەروو و ناوچەی موکریان و ناوچەکانی تر، بۆیە ئێمە دەگەینە ئەو چوارچێوەیە کە ئێمە وەک زمانەکەمان، مۆسیقایەکمان هەیە، زمان و ئەدەبیاتمان کاریان لەسەر کراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی مۆسیقا لەباری ریتم و بیرکارییەوە زانستییە، کەسی هەڵکەوتوو و بەتوانا نەبووە بێت کاری لەسەر بکات، ئومێدم وایە لە داهاتوودا کەسانێک هەبن بۆ ئەو ئاواتەی کورد هەیەتی بۆ ناسنامەی مۆسیقاکەی، بە زانستی کاری لەسەر بکەن و بە هەموو دنیا بڵێین ئێمەش وەک کورد چۆن زمان و جلوبەرگ و خاک و وڵاتمان هەیە، موزیکیشمان هەیە و خاوەن تاموچێژی تایبەت بەخۆیەتی بە هەموو کولتور و نەریت و بڕگەکانی تریەوە.
بە بەنۆتەکردنی چوار ئاواز، مۆسیقای وڵاتێک نابێت بە هیچ .

کۆمەڵێک کارت لەگەڵ ئەنستیوتی کەلەپووری کوردی لە سلێمانی کردووە و نۆتی هەندێک لە بەیت و مەقامەکانت نووسیوەتەوە، ئەوەش دەچێتە قاڵبی بە زانستیکردنی مۆزیکەوە؟
بە بەنۆتەکردنی چوار ئاواز، مۆسیقای وڵاتێک نابێت بە هیچ، بەڵکو ئێمە دەبێ ئەو مۆسیقایە بە زانستیی بکەین و دەبێ لەسەر نەریتێک کە پێی دەڵین زانستی موزیک، بتوانین ئەو مۆسیقایە تاپۆ و تۆمار بکەین، پێشتر تۆماریان کردووە، کێشە لەوەدایە، ئێمە هێشتا لەباری تێکستی ئەو بەیت و باوانە ئەوەندە شارەزا نین، لەو کتێبەدا کە ئاماژەت پێ دا، من زۆر پێداگریم کرد کە دەبێ لەوە زۆر زیاتر کاری تێدا بکرێت، بەڵام مەیدان نەدرا. ئەو کتێبە نووسینەوەی تێکست و دەنگی بەیتبێژەکانی بە سیدی لەگەڵە کە لە کۆندا تۆمار کراون، نووسینەوەی نۆتەکان و دانانی سکێڵەکانی و ئاخۆ ئەو بەیتە لە چیدا گوتراوە و لەسەر چ مەقام و سکێڵ و دەزگا و ئاواز و پەیژەیەکە؟ ئەوە کارێک بوو چەند ساڵ لەمەوبەر کردوومە، بەڵام نەکەوتووەتە بەرچاوی کەس و بە چەند هۆکار ئەو کتێبە بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام لە داهاتوودا زۆر بە پتەوی و تۆکمەتر ئەو کارە بۆ بەیتوباوەکان دەکرێت و تەنانەت بۆ مەقام و خانەبەندیش.
ئەو ناسنامەیەی ئێمە باسمان کرد، بەڵێ ئەو کتێبەش بەشێک لەو ناسنامەیە دەگرێتەوە، بەڵام هونەرمەندێک هەڵدەستێ و هەموو توانای خۆی بەکار دەهێنێت و 100 گۆرانی بۆ نموونە حەسەن زیرەک دەنووسێتەوە، ئیتر کۆتایی پێ دێت، ئەو 100 گۆرانییە نە بەدەستی کەس دەگات و دیار نییە ئاخۆ ئەوە بۆ کەمانێک دەنووسێت یاخود نەی یان ئامێری عود؟ دیارە شارەزایە لەو بوارەدا کە بۆی نووسیوەتەوە، ئەوە تەنیا تایبەتە بەو ئامێر یان ئەو فکرەی کە لە ماڵیکدا نووسراوە، ئێمە پێویستمان بە تیمە، پێویستمان بە کارێکی زۆر گەورەیە کە وڵات و حکوومەتێک هەبێت پشتیوانی لێ بکات بۆ ئەوەی لە چەند رەهەندی جیاوازەوە کاری لەسەر بکرێت، زمانناسی تێدابێت، موزیسیەن و کولتوورناس و جوگرافیاناس و هەموو ئەوانە لەناو تیمەکەدا هەبێت. ئەوە شتێکی ئاسان نییە، بەڵام دەکرێ. من تا ئاستێک بەو بیرکردنەوەیە گەیشتووم و لە کارەکانی خۆمدا رەچاوم کردووە، کاتێک لە سلێمانی مامۆستای پەمانگای هونەرەجوانەکان بووم و ئەوکات کە لە ئەنستیوتی کەلەپوور کارم دەکرد، نزیک بە سێ هەزار میلۆدی ناوچەکانی کوردستانم بە نۆتە نووسیوەتەوە و کتێبەکانیش هەن، بەڵام ئەوە نابێتە ناسنامە، کاتێک دەبێتە ناسنامە کە ببێت بە مۆسیقایەکی ئەکادیمی کوردی و لە زانکۆ و پەیمانگاکان و ناوەندە زانستییەکان دیراسە بکرێت و شتێکی داڕێژراو و رێکوپێکیش بێت، چاک و خراپی لێ جیا کرابێتەوە، ئێستا لە دنیای مۆسیقای کوردستان، من بە جورئەتەوە دەڵیم، مۆسیقای ئێمە پاک و پیسی لێ دەرنەکراوە و وەک چێشتی مجێورە. کەس نازانێت کامە ئەدەبیاتی باشە و کامە میلۆدییەکەی جوانە و کامەیان رەسەنە و کامی لەباری تێکست و ئەدەبیات و زانستەوە ئەو بایەخەی هەیە کە بیهێنین وەک چەپکە گوڵیک هەڵی بژێرین و بڵیین ئەوە مۆسیقای زانستی کوردییە و بۆ دیراسەکردن و فێربوونی نەتەوەیەک هەڵیبژێرین.
ئەگەر ئەدیبەکانمان چاوەڕێی دامەزرانی دەوڵەتیان کردبا، ئێستە ئەدەب و زمانەکەمان زۆر لە مۆسیقاکەمان خراپتر دەبوو .

تا ئێستە کە باسی بەزانستیکردنی موزیکی کوردی کراوە، هەمیشە رووبەڕووی ئەو وەڵامە بووینەتەوە لەلایەن مۆسیقاناسانمان کە ئێمە خاوەنی دەوڵەت نین، لێرەدا رووبەڕووی گریمانەیەک دەبینەوە، ئەگەر هات و ئێمە تا سەدەیەکی تریش نەمانتوانی ببین بە خاوەنی دەوڵەت، ئەو وەڵامە پاساو نییە بۆ ئەوەی خۆ لەو ئەرکە گرنگ و نیشتیمانییە بشارینەوە؟ مادام مۆسیقاری باشمان هەیە، ئەی بۆچی ئەو تیمە لە دەرەوەی خەیاڵی بەدەوڵەتبوون دروست نابێت، یان ئەوەی کە پێویستی بە هەندێک کەرەستە و ئامراز هەیە و تەنیا لەلایەن دەوڵەتەوە دەستەبەر دەکرێت؟
نا ئەوە نابێتە پاساو بۆ ئەوەی ئێمە هەر دابنیشین و بڵیین چوون دەوڵەتمان نییە، چوون وڵاتمان هەیە و دابەش کراوە و زوڵممان لێ دەکرێت، ئیتر دەست لەسەر دەست دابنێین، لەو ماوەیەدا وتارێکی رەخنەییم بڵاو کردەوە کە لە سەرەتاکەیدا ئاماژەم بەو خاڵە داوە، ئێمە لە ئەدەبیات و زماندا، ئەگەر کورد دوو زمانی سەرەکی هەیە و شێوەزاری لێ دەبێتەوە، ئەگەر ئەوانە کاریان تێدا نەکردبا و هەر چاویان لەوە بوایە حکوومەت و دەوڵەتێک دابمەزرێنین، ئێستە ئەدەب و زمانەکەمان زۆر لە مۆسیقاکەمان خراپتر دەبوو، ئێستە لەبواری نووسین و شانۆ و و زۆر بواری هونەریدا رەنگە مۆسیقا لە هەندێکیان باشتر و لە هەندێکی تریان خراپتر بێت، بەڵام ئەدەبیات لە کۆنەوە کاری تێدا کراوە، بیریان لەوە نەکردووەتەوە بۆ ئەو فۆنت و نووسینە لە هی عەرەب دەچێت، یان لە کوردستانی باکوور بیریان لەوە نەکردووەتەوە بۆ ئەو فۆنتە لە هی فڕەنسی یان ئینگلیزی دەچێت، بەڵکوو بیریان لەوە کردووەتەوە کار بکەن و تا ئێستە سەرکەوتوو بوون و هەرنەبێ توانیویانە چیرۆک و بەسەرهات و کولتوور و داونەریتی ئەدەبی زارەکی کوردستان لە چوارچێوەی کتێب و لێکۆڵینەوەدا تۆمار بکەن، بۆیە پێم وایە مرۆڤ کە گەیشتە ئەو ئاستەی لە کارەکەیدا پسپۆڕ بوو، گێژاو بۆ دەوروبەری دروست نەکات و من، من نەکات و تەنیا خۆی نەبینێت، بەڵکو بیر لەوە بکاتەوە بەو زانستەی شارەزایی لێی هەیە کار بکات، ئەگەر ئەمڕۆش تیمێک نەبێت، لە پەنجا و سەت ساڵی داهاتوودا تیمێک هەر دروست دەبێت ئەو کارەی بخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و ببینێت کاوە فەقیەزادە سەتا چەندی کارەکانی بەسوود بووە لەپێناو ئەو بەزانستیکردنەی مۆسیقای وڵاتەکەی و ئەویتریان چەندە کاری کردووە، یان ئەمەیان زۆری کار کردووە و رێژەیەکی زۆر کەمی باش بوون و یەکیتر کەمی کار کردووە بەڵام کارەکانی زۆر باش بوون. من لەسەر ئەو باوەڕەم کە کار بکرێت باشترە و وا بیر نەکەینەوە تا دەوڵەتمان نەبێت هیچ ناکرێت، وەک خۆت ئاماژەت پێدا، رەنگە قەت ئەو ئاواتەمان نەیەتە دی. ئێستە من دەزانم، بەڵام منداڵەکەی من نازانێت مامۆستا عەلی مەردان چی تۆمار کردووە و کامیەک لە کارەکانی باشن و کامی باش نییە، یان م. حەسەن زیرەک چی هەیە و چی کردووە، ئەگەر من هێنام نووسیمەوە و چوارچێوەم پێدا و کردمە بابەتێکی زانستی و رێکوپێک، ئەوکات مامۆستا و گەنج و زانای کورد لێی تێدەگا کە بەڵی ئەو مامۆستایە هاتووە و ئەو مۆسیقایەی نووسیوەتەوە و لێکۆڵینەوەی تێدا کردووە.
هەشت تا نۆ فۆڕممان لە مۆسیقا هەیە کە ناسنامە بە مۆسیقاکەمان دەدەن .

لە سەرەتاوە ئاماژەت بەوە کرد کە کورد خاوەن مۆسیقایەکی ناسنامەدار و سەربەخۆیە، ئاماژەت بەوەشدا کە مۆسیقاکە بەزانستی نەکراوە، بەڵام وەک چێژ و پێکهاتەکانی تر، تەواو مۆسیقایەکی خاوەن شووناس و ناسنامەدارە، ئەو تایبەتمەندییانە چین کە وا لە ئێوە دەکات بڵێی بەڵی، من خاوەنی شووناسێکی سەربەخۆی مۆسیقام؟
ئێمە ئەگەر بمانەوێ بنەمایەک بۆ مۆسیقای کوردستان دابنێین، هەشت تا نۆ فۆڕممان لە مۆسیقا هەیە، ئەو فۆرمانە هەمان ئەو ناسنامەیە کە بە مۆسیقاکەمانی دەدات، کاتێک تۆ دەڵیی گۆرانی، خۆی یەک فۆڕمی مۆسیقایە کە دەتوانم بڵێم هەموو کوردستان بەکاری دەهێنێت، هەر لە سۆرانییەوە تا کرمانجەکان کە بە ستران ناوی دەهێنن، لەناو گۆرانیدا ناخی بچوکتر دروست بووە، وەک هەوا کە تایبەتمەندە بە ناوچەیەک کە بەیتوباو و شینگێڕی و نەهامەتی و ناخۆشی تێدا بووە و بۆ دڵخۆشی دەوروبەر گوتراوە، ئەوە فۆرمیکی تایبەت و بچووکە و زۆرتر تایبەتە بە ناوچەی موکریان. لە گەرمیانیش ئێمە مەقاممان هەیە، ئەوهەمۆ "لێ لێ"یەمان هەیە، "ئای ئای"مان هەیە کە ئەمانە هەموو ناسنامەی ئێمەن، ئەگەر بێین تەبەقەبەندی "خانەبەندی" بکەین، ئێمە کتێبخانەیەکمان هەیە پڕژوبڵاوە و هەر لینگە کتێبێکی لە لایەکە، ئێمە دەبێ ئەو کتێبانە بهێنین و لە تەنیشت یەک دایان بنێین و بڵێین ئەمەیان ئەوەندە تایبەتمەندییەی هەیە و ئەوەیان ئەوەندە زانستی تێدایە، مۆسیقای ئێمە لە فۆڕمەکان پێک هاتووە، من ئەو تایبەتمەندییە ناگێرمەوە بۆ سکێڵ یان پەیژە، ئێمە ئەگەر بڵێین مۆسیقاکەمان ناسنامەی هەیە، پێک هاتووە لە فۆرم و چێژ، ئەگینا پەیژە و سکێڵ بابەتێکە کە لە هەموو دنیا یەک زمانە، واتا ناتوانین بڵێین وەک کورد، چۆن لە دنیادا مۆسیقای کلاسیک ماژۆڕ و مینۆڕی هەیە، بێین و بڵیین مۆسیقای ئێمەش فڵان و فڵانی هەیە و ناوێکی بۆ دابنێین، ئێمە هەر سەر بەو بنەمایەین و هەر لەو زانستی پەیژە و بنەما مۆسیقاییەین کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵقوڵاوە و ئێمەیش هەر ئەندامێکین لە 12 مەقامە کۆنەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە  فارس و عەرەب و تورکیش سوودیان لێ وەرگرتووە، هی ئێمە 12 مەقامە و هی تورکەکان 14 مەقامە، بەڵام ئەوانی دەوروبەرمان زانستیان زیاتر بووە و زووتر بە هاواری مۆسیقاکەیان گەیشتوون، دەربەدەری و ناڕەحەتی و شاخ و کێو و نەهامەتیمان زۆر بینیوە و نەمانتوانیوە بپڕژێینە سەر ئەو بابەتە، بەو بابەتانەی لەبەر دەستمە و قسەم لەگەڵ کۆمەڵیک زانای بواری مۆسیقا کردووە، گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی لە ئایندەیەکی نزیکدا خانەبەندییەکمان لەو فۆڕم و چێژانە دەبێت لەسەر مەقامەکان، جا ناوی دەنێین پەیژە یان ئاواز یان هەر ناوێکی تری لێ بەنێین، لە ئێران دەڵێن دەزگا کە ئەویش تێکەڵەی چەند بەشێکە، بۆ نموونە پێی دەڵین شوور یان بەیات یان دەڵین ئەمە نەهاوەندە کە لە ئێران پێی دەڵین ئیسفەهان، ئێمەش وەک کورد دەبێ نمونەیەکی رێکوپێک و جوانمان لە مۆسیقایەکی رەسەنی کلاسیکی کوردی هەبێت بۆ فێربوون، ئەگینا ئەو فرەجۆری و دەریا بێ بنەی هەیە با هەر هەبێت و هەموو گۆرانیبێژ و ژەنیارێکیش بۆخۆی با کەڵکی لێ وەربگرێت وەک نەریتێکی مۆسیقای کوردی، بەڵام من دەمێکە بەوە گەیشتووم کە دەبێ لە هەر بەشە و خوێندنەوەیەکمان هەبێت، کاوە فەقێزادە خوێندنەوەیەکی هەیە و لەو دەریا بێ بنە گێڕانەوەیەک دەردەکێشێت و دەڵی ئەوە مۆسیقای کلاسیکە و بە خوێندنەوەی من دەبێ مۆسیقای کلاسیکی ئێمە لە ئایندەدا بەو شێوەیە بێت، کەسێکی تر لەناو کرمانجەکان دێت و کارێکی هاوشێوە دەکات، یەکیتر لە هەولێر و ئەویتر لە قامیشلوو دێن و کارێکی هاوشێوە دەکەن، کاتێک ئەو خوێندنەوانە کۆ کرانەوە، لەسەریان دەگەین بەو ئەنجامەی کە مۆسیقایەکی رێکوپێک و بەتەواوەتی زانستیمان هەیە و شان لە شانی مۆسیقای وڵاتان دەدات، بەگشتی ئێمە دوو سکێڵ یان پەیژەمان هەیە کە پێکهاتوون لە راست کە ئەویش تەواوی یەک گا و دووگا و  سێ گا و چوارگا و پێنج گاکەی لێ دروست دەبێت و ئەویتریشیان عەجەمە کە ئەو کۆمەڵە ماژۆڕ و مینۆڕەی لێ دروست دەبێت وەک نەهاوەند و راست پێنج گا و... ئەوە شتێکە کە دەبێ ئێمە بێنین دیراسەی بکەین و مۆسیقاکەمانی لەسەر کۆ بکەینەوە جا بە دنیا بڵێین ئێمەش ئەو هەنبانەیەمان هەیە بۆ مۆسیقاکەمان.
مۆسیقار بەو کەسە دەگوترێت کە لەسەر سکێڵ و تیۆرییەکانی موزیک زانستی هەیە .

چەند جارێک ئاماژەت بە مۆسیقای کلاسیک دا، بەوە تێگەیشتم کە ئێمە وەک زۆربەی وڵاتان کە بەرەو بەزانستیچوونی مۆسیقا رۆیشتوون، قۆناغێکیان بڕیوە کە پێی دەگوترێ کلاسیک، ئەگەر بۆمان روون بکەیەوە ئاخۆ من بە هەڵە تێگەیوم یاخود هەمان مەبەستت هەبووە؟
گرنگی باسەکەی من ئەو کلاسیکە نییە کە مۆسیقای ئەوروپی یان ئەمریکی هەیەتی، بەڵکو باسەکەمان زانستی و ئەکادیمیکردنی مۆسیقایە، ئێمە نامانەوێ مۆسیقاکەمان وەک مۆزارت و بێتۆڤن و چایکۆڤسکی و باخ لێبکەین و ناشمان هەوێ خۆ لە فۆڕمە کلاسیکەکان بدەین، هەرچەند ئەوان زانستیان زۆر بەرزە و وەک زۆربەی مامۆستایان کە ئێستە لە کوردستان و دەرەوەش دێنن مۆسیقای کوردی لەسەر زانستی مۆسیقای کلاسیکی جیهانی سوار دەکەن و دایدەمەزرێنن، وەک هاڕمۆنی و کۆنترپوان و فۆک، ئەوانەش زۆر جوانن، ئێستە لە رۆژهەڵاتیش زۆربەی مۆسیقازانەکان ئەو کارەیان کردووە، وەک م. موجتەبا میرزادە و م. هوشەنگی کامکار و برایانی یوسفزەمانی، بەڵام دەزانی گرفتەکە چییە؟ ئەو مامۆستایانە کاری خۆیان کردووە و دەستیشیان خۆشبێت و زۆر کاری جوانیان بۆ وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە کە من هەمیشە لەگەڵیانم و دەیانگوشم بەخۆمەوە، بەڵام هەنگاوێکیان بەسەر بەدیراسەکردنەکەدا هەڵێناوەتەوە و بەجێیان هێشتووە، دەبوا ئەو دیراسەکردنە پێش ئەو هەنگاوە کرابا، بازێکیان بەسەردا داوە و بەجێیان هێشتووە، بەڵام دیسانیش لەباری ئۆرکێستراسیۆنەوە زۆر کاری جوان کراوە و لەگەڵ ئەوەش هەندێک وردەگلەییشمان لێیان هەیە، بەڵام ئەوەی من مەبەستمە لەبواری زانست و ئەکادیمی موزیکە کە مۆسیقایەکی مەنهەجمان هەبێت بۆ فێربوون، بۆ ئەوەی کیژ و کوڕی کورد لە نەوەی 40 بۆ 50 ساڵی داهاتوو لە کۆلێژی هونەری هەولێر و سلێمانی و شارەکانی باکوور و رۆژهەڵات بتوانن بە مۆسیقای دایکی فێری زانستی میوزیک بن. 
تا ئێستەیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان مۆسیقا تەنیا لە فێرگەکاندا فێر دەبن .

باست لەوە کرد کەمتاکورت هەرکەسە و لای خۆیەوە هەوڵی بۆ بەزانستیکردنی مۆسیقای کوردی داوە، ئەگەر هەڵسەنگاندنی بۆ بکەیت خەساری ئەوە چی بووە و ئاماژەیەکیش بە لەمپەرەکانی بەردەم بەزانستیکردنی مۆسیقای کوردی بدەیت؟
مۆسیقار بەو کەسە دەگوترێت کە لەسەر سکێڵ و تیۆرییەکانی موزیک زانستی هەیە و باس لە فیزیکی موزیک دەکات و دەزانێ پەیژە چییە و دەزانێ ئۆکتافێک یان دوو ئۆکتاف یان سەرتر بە تەواوی نیشانە و گۆڕانی دەنگەکان چییە، هەندێک جار ئێمە بابەتەکان تێکەڵ دەکەین، ئێستە ئێمە وەک موزیکزان و موزیکژەن باس لە مۆسیقا دەکەین، وەک گۆرانیبێژ و بەیتبێژ و حەیرانبێژ باس لە مۆسیقا ناکەین، ئێمە ئەگەر باسی مێژووی 80 ساڵ لەمەوبەر بکەین کەسانێک هەبوون و خولیای خوێندن و بەرهەمهێنان بوون و کاری زۆر جوانیشیان بۆ کردووین، پێش م. عەلی مەردان مشکۆ لە هەولێر ، لە سنە سەید عەلیئەسغەر کوردستانی و لە سلێمانی و کەرکووک کە دواتر چوو بۆ بەغدا، مەلاکەریم ساوجوبڵاغی هەبووە کە خۆی خەڵکی مهاباد بوو، جا بە چ هۆیەک مهابادی بەجێ هێشتووە ئەوە بابەتێکی ترە، ئەوانە هەمووی ئەو فکرەمان پێ دەدەن کە کورد خولیای مۆسیقا بووە، ئەوانە ژەنیارەکانیان زۆربەیان کورد نەبوون، هەڵوەدای تاران و بەغدا و ئیستەنبوڵ و دیمەشق بوون و رۆیشتوون لەگەڵ ژەنیارە ناکوردەکان کاریان کردووە و بەرهەمی زۆر جوانیشیان بۆ ئێمە بەجێ هێشتووە، لەدوای ئەو ئەوانەش کاری لەو شێوەیە کراوە، م. عەلی مەردان لەبواری زمانەوە لەوان شارەزاتر بووە و لەبواری ئەدەبیاتەوە شارەزاتر بووە و لەبواری موزیکەوە هەر شارەزاییەکی سروشتی هەبووە، دواتر م. حەسەن زیرەک هاتووە کە زۆر موشتاق و سووتاوی مۆسیقای کوردی بووە و بە زمانی سۆرانی ئەوەندەی کار کردووە کە مرۆڤ هەست بەوە دەکات کە گەورەی هەبووە، هەست بەوە دەکات کە ئەگەر کورد مۆسیقاریشی نەبووە، کۆڵەکەی هەبووە. ئەوانە بەشێکی زۆر زۆر گەورە بوون و ئەگەر کاریان نەکردبا، رەنگە ئێستە ئێمە بە دەیان و هەزاران میلۆدیمان فەوتابا، لە باکوور و رۆژئاوای کوردستانیش ئەو شتە هەر هەبووە، کەسانی وەک ئایشەشان و مریەم خان خەباتێکی زۆر گەورەیان لەناو سترانی ژناندا خوڵقاندووە، لەوکاتەدا زۆرێک لە پیاوە هەڵکەوتووەکان روویان لە مۆسیقای تورک کرد و مۆسیقای کوردییان بەجێهێشت، لەبەر ئەوەی دیارە توونی ناو و نیشان بوون، لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەو شێوەیە زۆر کەس نەیتوانی وەک مامۆستا حەسەن زیرەک بگەڕێت و ساڵیک لە بەغدا بێت و دوو ساڵ لە هەولێر و سێ لە تاران و پێنج ساڵ لە کرماشان بێت، هەر لە ناوچەی موکریان کەسانی زۆر زۆر بەتوانا، جیا لە بەیتبێژ و حەیرانبێژەکان، کەسانی وەک م. محەمەد ماملێمان هەبووە، ئەوانە هەموو لەڕاستیدا خەباتیان کردووە و وەک خولیای مۆسیقا بە ئێمەیان گوتووە کە ئێمەش هەڵوێستمان هەبووە و ئەو کارەی کە زانیومانە کردوومانە، بەڵام ئێمە لە 50 بۆ 60 ساڵی رابردوو تا ئێستە لە رۆژهەڵاتی کوردستان پەیمانگای هونەرمان لە شارەکانی مهاباد و سنە نییە، تا ئێستەیش لە رۆژهەڵاتی کوردستان مۆسیقا تەنیا لە فێرگەکاندا فێر دەبن، لێرەش هەندێک کەسی خولیای ناو و مۆسیقای رەسەنی ئێران، هەستان چوون لە تاران کاریان کرد و کاری جوانیشیان کردووە ئەگەر بۆ فارسەکانیش بێت یان لەگەڵ مۆسیقای ئێرانی و تەنانەت لەگەڵ مۆسیقای کوردیش، ئەگەر مامۆستا موجتەبا میرزادە و م. محەمەدی عەبدولسەمەدی نەبوان، مەگەر 60 ساڵ لەمەوبەر ئۆرکێسترایەک دروست دەبوو          م. حەسەن زیرەک بچێت و گۆرانییان لەگەڵ بڵێت؟ ئەگەر ئەوە نەبوا دەبوو زیرەکیش ئالوودەی کەمانچەیەک و تارێکی ئازەری بێت وەک م. محەمەدی ماملێ کە هیچ چارێکی تری نەبوو. جا بۆیە ئێمە دەبێ ئەو بەشە بە فاڵیکی گەورە لێک بدەینەوە کە خەبات و هەڵوێستی ئەو گەورە هونەرمەندی گۆرانیبێژانە ئەوەی بۆ ئێمە کرد کە سەتان و هەزاران میلۆدی کوردی نەفەوتێ و بچێتە ئەرشیڤی نەتەوەکەمانەوە، بەڵام هەندێک مۆزیسیەنی زۆر چاک دەیتوانی لە کوردستاندا بێت و کار بکات، مەرج نییە لە هەولێر و مهاباد دانیشتبان، بەڵکو لە ئەوروپا و تاران و بەغدا بووبان و کاریان کردبا، بەڵام بۆ ئەوەی ژیانیان بگەڕێت و سەر سفرەکەیان رەنگین بێت و لە هاوڕێ و دۆستانیان دوا نەکەون، ناچار بوون کار لە مۆسیقای کلاسیکی ئێرانیدا بکەن، واتا نەپڕژاونەتە سەر ئەو بەشەی کە پێی دەڵێن دیراسە و زانست و فێرکردن، کتێبیشیان نووسیوە بە فارسی نووسیویانە کەچی خۆیان کورد بوون، دیارە لە تاران دەژی ناچارە بە فارسی بینووسێت، ئەگەر لە بەغدا ژیابا بە عەرەبی دەینووسی یان لە ئیستەنبوڵ ژیابا بە تورکی دەینووسی، بەڵام کاتێک دێین پاک و پیسی خۆمان دەکەین، دەزانین کە بەشی خولیا و خزمەتکردنی گۆرانیبێژەکانمان زیاتر بووە لە بەشی کارکردن لەسەر موزیکی کوردی، خۆزگە 50 ساڵ لەمەوبەر دوو کەس هەبوان مۆسیقای کوردییان دیراسە کردبا، ئێستا ئێمەش بە دڵنیاییەوە دەستمان پڕتر دەبوو.
خۆزگە 50 ساڵ لەمەوبەر دوو کەس هەبوان مۆسیقای کوردییان دیراسە کردبا .

ئاماژەت بەوە کرد کە دەوڵەت فاکتەرێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی مۆسیقا، ئەوە دەریدەخات کە سیاسەت رۆڵێکی بەرچاو دەبینێت، ئەگەر سەرنجی رەفتاری حکوومەتەکانی تاران و ئەنکەرە و دیمەشق و بەغدا "پێش ئازادی باشووری کوردستان" بدەین، بۆ نمونە لە ئێران کە دێینە سەر مۆسیقای کوردی، ئەوان بە مۆسیقای "محەلی" گەڕەک یان ناوچە ناوی دەبەن، مەبەستیان لەوە چییە، ئایان دەیانهەوێ مۆسیقاکەمان بە کەم پێشان بدەن یان چ مەبەستێکی لە پشتە؟
ئێران لەدوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە چرکەی یەکەمەوە رای گەیاند کە مۆسیقا هێڵی سوورە و تا ئێستەیش هەر بەو شێوەیە، بەڵام هەندێک ناوەندی زانستی مۆسیقا لە ئێران کراونەتەوە کە ئەوانە جارێکی تر هاتوون و مۆسیقای ئێرانییان تاوتوێ کردووە و هەندێک بابەتی وەک بەیتوباو کە ناسراوە، بە مۆسیقای ناوچەکانی ئێران ناویان هێناوە، بەڵام ئەوان لێی تێنەگەیون و تەنانەت زۆر جاریش شاڵاویان بۆ هێناوە و لێشیان هەڵگرتووە، هەندێکیان ئاماژەیان داوە کە ئەو ئاوازە کوردییە، وەک پەرویز مشکاتیان کە "ئەو پەرچەم و ئەگریجە"ی م. عەلی مەردانی کردە فارسی، لە پێشەکییەکەیدا ئاماژەی داوە کە ئەو میلۆدییەی لە کورد وەرگرتووە، هەندێکیش ئەو کارەیان نەکردووە، بەڵام ئەوەی کە بە مۆسیقای ئێمە دەڵێن "مۆسیقای ناوچەیی" لەبەر ئەوەیە کە فارسەکان لێی تێناگەن، لە سەردەمی قاجارییەکان کە مۆسیقا بوو بە رەدیف، لەبەر ئەوەی کوردستان شوێنێکی دوور بووە لە پایتەخت و پێی رانەگەیشتوون، ئەگەر پێشی راگەیشتبێن و شتێکیان لێ هەڵگرتبێ، زۆر کەم بووە، ئەو میلۆدیانەی زۆر نایابن و چ لە زمان و چ لە مۆسیقاوە ماونەتەوە بۆ ئێمە، وەک بەیتوباوەکان و حەیران و بەند و گەلۆ و چیرۆکەکانی سەیدەوان و کاکەمیر و کاکەشێخ و خەج و سیامەند و شێخ مەند و شێخ مەند و شێخ رەش و... ئەوانە بە ئۆرجیناڵی ماونەتەوە و ئەوان نە لێی تێگەیون و نە زانیویانە چییە، دەنا ئەگەر لێی تێگەیشتبان حاڵمان لەوەی کە هەیە خراپتر دەبوو، ئێستە ئەگەر بگەڕێینەوە مۆسیقای پێش سەردەمی قاجار، "مۆسیقارە ئێرانییەکان زۆر بەوە ئاڵۆز دەبن"، کاتێک مۆسیقاکەیان کرد بە رەدیف و خانەبەندییان کرد، کێ نۆتاسیۆنی کردووەتەوە؟ مۆزیسیەنێکی ئەڵمانی ئەو کارەی کردووە، ئەگەر ئەڵمانییەک یان ژاپۆنییەک بێت و مۆسیقای کوردی بۆ ئێمە بنووسێتەوە، چی لەو مۆسیقایە دەزانێت و تۆ بڵێی چی لێ دەربچێت؟ لێرە تێدەگەی چ بەڵایەکیان بەسەر مۆسیقای ئێرانیدا هێناوە. لە ئێراندا مۆسیقای دەزگایی هەیە، کە گوتیان مۆسیقای سونەتی یان کلاسیکی ئێران، ئەوە مەبەستیان مۆسیقای دەزگاییە، ئەوە بە ئامێرەکانی وەک سەنتوور و تار و کەمانچە و سێتار و نەی و بەربەت "عود" دەژەنرێت. ئەگەر کەسێک لە زانکۆ گوتی من کەمان دەژەنم، دەڵین کەمان ئامێرێکی کلاسیکی جیهانییە، ئەوانە جیا لەو مۆسیقای دەزگاییە، بە مۆسیقای تەواوی وڵاتەکانی ئێران، وەک بەلوچ و کوردانی باکوری خوراسان "خۆرهەستان" و گیلەکییەکان و ئازەری و عەرەب و... بە سەرجەمیان دەڵێن مۆسیقای ناوچەکانی ئێران، ئەوە بە مانای بەسووک سەیرکردنی نییە، بەڵکو ئەوان ئەو مۆسیقایانەیان بۆ کۆ نەبۆتەوە و بۆشیان ناچیتە ناو چوارچێوەی مۆسیقا دەزگاییەکەی خۆیان، هەر باشتر کە نەیانگوتووە مۆسیقای کوردی مۆسیقایەکی ئێرانی فۆلکە، ئەوان بەگشتی مۆسیقای فۆلکیان لابردووە و پێی دەڵێن مۆسیقای ناوچەیی، تەنانەت ناسنامەی کتێبیش هەر بەو ناونیشانە دەدەن، ئێستە من لە مهاباد سێ کتێبم لەژێر چاپە، مۆڵەتەکەیان بە ناوی مۆسیقای ناوچەیی پێ داوم، دڵنیام ئەگەر ئێستە بچی بۆ بەغدا و دیمەشق و ئەنکەرەش تێڕوانینیان بۆ مۆسیقای کوردی هەر بەو شێوەیە، من ئەوە بە زیرەکی فارسەکان دەبینم کە هاتوون مۆسیقای خۆیان بەو شێوەیە رێکخستووە و ناوێکیشیان بۆ مۆسیقای دەوروبەریان داناوە، لەبەر ئەوەی نەیانتوانیوە دەستکاری بکەن و بیکەن بە مۆسیقای ئێرانی، کە سەیری ئەوانە دەکەم هەمیشە دەڵێم، زۆر باشبوو مۆزیسیانی خراپمان نەبوو بۆ ئەوەی بێت و مۆسیقاکەمان بنووسێتەوە و تێکی بدات، هەر ئاوا بە گەنجینەیی ماوەتەوە باشترە.
مۆسیقای کوردی لە مۆسیقای ئێرانی پاراوتر و بێ غەلوغەشترە و کەمتر دستی لێ دراوە .

لەبارەی نوێکردنەوەی مۆسیقا مشتومڕی زۆر کراوە، ئێوە هەندێک لە بەیتوباوەکانی ناوچەی موکریانتان هێناوە بە ئۆرکێسترا کارتان لەسەر کردووە، نوێکردنەوەی مۆسیقا دەبێ بە چ تایبەتمەندییەکەوە بکرێت؟
بە دڵنیاییەوە دەڵێم، مۆسیقای کوردی زۆر بەباشی دەتوانێ بەجیهانی بکرێت، لەبەر ئەوەی مۆسیقای کوردی دەتوانێ ئەو چارەکە دەنگانەی لە هەندێک سکێڵ، لێ هەڵبگیرێت و دەتوانی بە دنیا بڵێی مۆسیقای منیش لەسەر ئەو پەیژە و نەریتەیە کە دنیا لێی شارەزایە و کاری پێ دەکات، ئێستە ئێمە لە بیرکاری کار بە ژمارەیەک دەکەین کە زۆربەی نەتەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاری دەهێنن، وەک چۆن لە نووسینی سۆرانیدا بەو پیتە دەنووسین کە فارس و عەرەبیش بەکاری دەهێنن، ئێمە لە مۆسیقادا دەبێ بەدوای دوو بابەتدا بگەڕێین، یەکەمیان رەسەنایەتی و چێژە کە بە زمان و بە چێژ و تێکست بڵێ کە ئەو مۆسیقایە کوردییە، دووەمیان بەزانستیکردنی لەسەر مۆزیکی جیهانی، واتا دەبێت تۆ گوێت لە ئۆرکێسترایەک بێت و دەنگی مۆسیقای نەبێت و هەموو گرووپەکە هەر تەقە تەقیان بێت؟ یان دەکرێ تۆ ئۆرکێسترایەک بهێنی هەمووی بەیەکەوە ئامێرەکان یەک مێلۆدی بژەنن، بەڵام هیچی بەیەکوە هاڕمۆنیای نەبێت؟ بەو شێوەیە چۆن دەتوانی ناوی بنێی زانستی؟ وەک ئەوەی ئاماژەت پێدا، من بەیتی سەیدەوان و پایزەم بە ئۆرکێسترا تۆمار کردووە، بیرم کردووەتەوە کە بەیتی پایزە لە ئەڵاوەیسی نزیکە، لە بەشی سەرەوەی کە نەهاوەندە و لە بەشی خوارەوەش کە ئەڵاوەیسییە، بە دانانای یەک چارەکەدەنگ و بە نیودەنگ نزیک دەبێتەوە لە ئیسفەهانی ئێرانیش، کاتێک ئەوە دیراسە دەکەی، دەتوانی بە جیهانیشی بکەی و کارێکی زۆر پیرۆزیشە، یان بەیتی سەیدەوان کە لەسەر پەیژەیەکی 100٪ رۆژهەڵاتییە، وەک بەیات کە چارەکە دەنگی بەردەکەوێت و لەناو گاهەکاندا دووگایە، لێرەدا دەبێ بایی ئەوەندە شارەزاییت هەبێ کە بتوانی لە ئۆرکێستراسیۆندا لە چارەکە دەنگەکان خۆت بدزییەوە و لە هەمان کاتدا تۆنی دروست ساز بکەی، تۆ ناتوانی لە بەیاتدا چارەکەدەنگ لادەی، ئەگەر ئەوە بکەی بەیات نامێنێت و کەس نازانێت دەبێتە چی، بەڵام زانستی ئێمە ئەگەر بگاتە ئاستێکی بەرز، دەتوانین لە بەیات دا ئۆرکێستراسیۆن بکەین بە شێوەیەکی تەواو زانستی، لە هەمان کاتدا چێژ و تام و کوردستانیبوونی بە تەواوەتی لەسەر بمێنێت، نەک بەخاتری ئەوەی جیهانی بکەی، تێکی بدەیت و بڵێی مۆسیقای جیهانیی کوردی بەو شێوەیە، کە گوێشی لێ بگری هیچ بە کوردی نەچێت. ئەوە تێڕوانینی منە و تا ئەمڕۆش لەسەر ئەو بنەمایە کارم کردووە، ئێستە من پوئەم سەمفۆنییەکم لەسەر مۆسیقای هەورامان نووسیوە و گۆرانیبێژەکەشم بۆ دۆزیوەتەوە و لە باشترین ستۆدیۆکانی تاران تۆمارم کردووە و هێشتا بڵاو نەکراوەتەوە، شتێکی زۆر تایبەتە، سیاچەمانەی تێدایە و گۆرانی ناوچەی هەورامانی تێدایە و بە ئۆرکێستراش لێدراوە و بە شێوەیەکی تەواو شارستانی و زانستی و لە هەمان کاتدا پاراو و رێکوپێکیشە. ئێمە لە قۆناغێکی زۆر سەرەتاییداین، گۆرانیبێژێک دێت و گۆرانییەکی بۆ نموونە حەسەن زیرەک دەڵێتەوە، زۆر خراپی دەڵیتەوە، یەکیتر بەبێ ئەوەی بزانێ ئەدەب و تێکستەکەی چییە، هەموو تێکستەکان بە هەڵە دەڵیت، یەکیتر دێ دەڵی من ئەکادیمیم و بۆ نموونە ژەنیاری پیانۆیە، مۆسیقاری پیانۆ چۆن دەتوانێ مۆسیقای کوردی بە چارەکە دەنگ بژەنێت؟ ئەوانە کێشەیەکی گەورەیان دروست کردووە و خوا بکا ئەو 15 – 20 ساڵە تا ئەو سۆشیال میدیایە ئاسایی دەبێتەوە، بە ئاسانی رزگارمان بێت، ئێمە بەهۆی ئەو سۆشیال میدیایەوە سەرمان لێ شێواوە، کەس نازانێ کێ زانستی هەیە و لە مۆسیقادا شارەزایە، بەراوردی گۆرانیبێژەکانی ئێستەمان بە کۆڵەکەکانی گۆرانیبێژیی پێشوومان، 80٪ ئاستیان دابەزیوە، دەنگیان خراپتر بووە و تۆن لە دەنگیاندا خۆش نییە، لەو نەوە تازەیە ژەنیارێکی باشمان نییە بتوانێت مەقامێکی دروست و رێکوپێک بژەنێت، ئێستە من هەمیشە خولیای ژەنینی م. دڵشاد سەعیدم کە لاوک و لێلێ و... دەژەنێت، کاتێک دەبینی ئەو مامۆستایە چەندە توانیویەتی خۆ لە مۆسیقای دەڤەری بادینان نزیک بکاتەوە و بیهێنێتە ناو پەنجەیەوە، بە تەواوەتی سەرت لێی سوڕ دەمێنێت. ئێمە دەبێ بەو شێوەیە کار بکەین، واتا مۆسیقاکەمان لە فەوتان دوور بکەینەوە و بە زانستی بکەین، بەڵام دەبێ چێژ و تەکنیکەکەی بپارێزین، ئەگەرچی مامۆستا دڵشادیش هەندێک مۆسیقای کلاسیکی هێناوە کە دیارە لە توانایی ژەنینیدا بووە و بیری لەوە کردووەتەوە ئەگەر ئەوانە هەمووی لە خوارەوەی کەمانەکەیدا دەنگی خۆشە، با هەندێکیش جووڵەی تەکنیکی تێ بکات "کە دڵنیام خۆی دروستی کردووە" لە هەمان کاتدا تاموچێژی کلاسیک دەدات.
ئێمە لەبواری فەرهەنگی گوێگرتن لە مۆسیقا یەکجار لاوازین .

ئێمە کۆمەڵیک مۆسیقاری کوردمان هەیە کە هەلی ئەوەیان بۆ رەخساوە لە رۆژئاوا کۆنسێرت بکەن و لەسەر ئاستی دنیا ناسراون، بۆ نموونە کەسایەتییەکی وەک م. کەیهان کەلهوڕ کە لە ئەمەریکا یان ئەوروپا کۆنسێرت دەکات، زیاتری کارەکانی سەر بە مۆسیقای ئێرانییە، هەرچەند کەسانی وەک م. عەلیئەکبەر مورادی کە دەرفەتێکی کەمیان بۆ دەڕەخسێت دەچن و خۆیان وەک مۆسیقارێکی کورد دەناسێنن و مۆسیقای کوردی پێشکەش دەکەن، بەڵام بۆچی کە ئەو دەرفەتە دەڕەخسێت، مۆسیقارەکانی ئێمە خۆ لە قەرەی مۆسیقای کوردی نادەن و مۆسیقای ئێرانی نمایش دەکەن؟
کارکردن لە دەرەوەی وڵات هۆکار و سپۆنسەری لەپشتە و کارێکی ئەوەندە ئاسان نییە، کاتێک هونەرمەندێک ناوبانگ دەردەکات و دەچێ لە رۆژئاوا ساڵۆن بەو گرانییە دەگرێت و خەڵک دێن و گوێی لێ دەگرن، دەبێ هونەرمەندێکی ناودار بێت لەناو مۆسیقایەکدا کە وڵاتێکی لەپشت بێت، دیسان دەگەڕێینەوە سەر ئەوەی نەتەوەیەک وڵات و حکوومەتی هەبوو و لە وڵاتان باڵوێزخانەی هەبوو، ئەوکات لە رۆژئاوا قبوڵی دەکەن، م. کەیهان کەلهوڕ، لەپێش هەموو شتێکدا زمان دەزانێت و بۆخۆی پێوەندییەکانی دروست دەکات نەک راوێژکاری هەبێت، لە چەندان وڵاتی دنیا مۆڵەتی نیشتەجێبوونی هەیە، دیارە ئەو هونەرمەندە بۆ ئەوەی خەڵکێکی زیاتر راکێشێتە ناو هۆڵی کۆنسێرتەکانی، مۆسیقای ئێرانی و تورکی لێدەدات و لەناویشیاندا رەنگە مۆسیقایەکی کوردی بژەنێت، رەنگە درکی ئەوە باشتر بێت تا ئەوەی مۆسیقارێک هەستێ و بەیتبێژێک بەرێت و لە وڵاتێکی بۆ نموونە وەک ئەڵمانیا کۆنسێرت بکات، کێ گوێی لێ دەگرێت؟ دەبێ لە بناغەڕا خۆمان بۆ ئەوە ئامادە بکەین بۆ ئەوەی وەرمان بگرن، کەیهان کەلهوڕ ئێستە ئەو کۆنسێرتانە دەگێڕێت، ئەگینا بە دەیان ساڵ لەگەڵ شەجەریان و حوسێن عەلیزادە و کەسایەتییە زۆر گەورەکانی مۆسیقای ئێران کاری کردووە و بۆ دنیا ناسراوە کە ئەو ژەنیارێکی ئێرانییە و تازە لەو دەم و وەختەدا ناتوانێ بڵێ من سەر بە مۆسیقای ئێران نیم و لەناو فارسدا گەورە نەبووم و مۆسیقای کوردی دەژەنم، بەڵام کەسانی وەک م. عەلیئەکبەر مورادی وەک ئێمەومانان هەر لە شارەکانی رۆژهەڵات و کوردستان ماونەتەوە و دڵخۆشن بەوەی ئێمە کوردین و نزیکین لە سەرچاوەی گەنجینە و کولتوورەکەمان، یارسانەکان 72 مەقامیان هەیە و دەبێ تێیدا شارەزا بن، ئەگەر م. عەلیئەکبەر لە دەرەوەش کۆنسێرتێکی کردووە، زیاتر لەو روانگەیەوە بووە کە ئەهلی حەقن و مەقامەکانیان بە دووتار لێدەدەن و لە هەندێک فێستیڤاڵ بانگهێشت دەکرێت. ئەگینا هەر هونەرمەندێک ئەوەی دەیزانێت پێوەستە بەخۆیەوە، وا نییە هونەرمەندێک بێت و لە من یان یەکیتر شت وەربگرێت و بچێت نیشانی بدات، هەر چییەکی دەیزانێت بارتەقای توانای خۆیەتی، جا ئەو کەسە شەجەریان بێت یان کەیهان کەلهوڕ یان کامکارەکان بن یان عەندەلیبییەکان، دیارە کارەکانیان خاوەن تاموچێژێکە و خۆیان نمایش دەکەن، بۆ ئەوانەی کە لە پایتەختی ئێرانن، زۆر قورسە بتوانن کارێکی گەورە لە مۆسیقای کوردیدا بکەن، مەگەر ئەوەی لاسایی بکەنەوە، وەک عەندەلیبییەکان، یان وەک کامکارەکان هەندێک مێلۆدییان هێناوە و رێکی دەخەن و بە بنەماڵەیی دەیڵێن کە زۆریش جوانە و سەرجەمیشیان مۆزیسیەنی باشن و بە ئاکادیمی مۆسیقایان خوێندووە، ئەوان نزیکن لە زانست، بەڵام دوورن لەو هەست و تینە کوردییەی لەناو کوردستانە و دوورن لە گەنجینەکە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش بنەماڵەی کامکارەکان کاری یەکجار جوانیان کردووە و مۆسیقای کوردییان بردووەتە ئەوروپا و ئەمەریکا و جلوبەرگی کوردییان گەورە پێشان داوە، بەڵام لێرەدا بابەتی ئابووری رۆڵی خۆی دەبینێت، ئەگەر تۆش بودجەیەکی بۆ تەرخان بکەی و گرێبەستی لەگەڵ بکەی، دێ لە هەولێر هەموو هەفتەیەک کۆنسێرتێکت بۆ بەڕێوە دەبات، تەنانەت ئەگەر کامکارەکانیش ئەوە نەکەن، بە دەیان گروپی تر هەن ئەم کارە بکەن.
ئێمەی کورد مۆسیقای ئەکادیمیمان نەناسیوە .

وەک کەسێکی ئاکادیمی لە مۆسیقادا و بەدوور لە شووناسی کوردبوون، ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ مۆسیقای کوردی بکەیت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چ پێناسەیەکی بۆ دەکەیت؟
ئەگەر بڵێم مۆسیقای کوردی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندە شارستانیەت و چێژ و زانستی پیوە دیارە، من دەڵیم دراوسێکانیشمان خراپ نین، ئازەربایجان لە رەسەنایەتی مۆسیقاکەیان زۆر سەرکەوتوون، مۆسیقای تورکی ئەستەنبوڵی وەک چێشتی مجێور وایە، لە عەرەب و ئازەری و کوردی وەرگرتووە و تا رادەیەک دەتوانم بڵێم مۆسیقایەکی بازاڕییە، بەڵام مۆسیقای زانستیشیان هەیە، ئێستە لە باکۆ مۆسیقای شەقام هەیە، بەڵام ئەو تام و چێژەی هەر پێوەیە کە مۆسیقای ئازەری هەیەتی، لەناو ستۆدیۆ و هۆڵیش مۆسیقایان هەیە کە بە ئۆرکێسترا و گروپی بچووکی خۆماڵی کاری ئازەری زۆر جوان دەکەن، عەرەبەکانی دەوروبەرمان لە دیمەشق و بەغدا و وڵاتانی کوێت و عومان و... مۆسیقایەکی زۆر عەوامیان هەیە، شتێکی زۆر سادە، بەڵام بۆ هەموو بۆنەکانی وەک شینگێڕی و هەڵپەڕکێ و... کەچی مۆسیقای نەریتییان کەمە، ئەگەرچی لە بواری فەرهەنگی زمانییەوە زۆر دەوڵەمەندن، بەڵام کە سەیری مۆسیقاکەیان دەکەی، زیاتر بەشی کلاسیکە جیهانییەکەیان باشترە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ 70 ساڵ لەمەوبەر، لە بەغدا ئۆرکێسترای کلاسیک هەبووە کە رەنگە ئەوکات لە هەولێر و سنە و مهاباد سێ ژەنیاری لێ نەبووبێت، لە میسر نەبێت، ئەگینا مۆسیقای رەسەن لەناو عەرەبدا نەپارێزراوە، فارسەکانیش لە سەردەمی باربۆدی خەسرەو پەروێزەوە مۆسیقایان هەیە کە 30 لەحنە، دواتر تا گەیوەتە سەردەمی ئیسلام و لە سەردەمی عەباسییەکان نەدیمی گەورەیان زۆر بووە، وەک زەڕیاب، کە زۆربەی مەقامەکانی زانیوە، دواتر لە سەردەمی سەفەوییەکان عەبدولقادری مەراغەییان هەبووە کە پەردەناس بووە، دواتر لە سەردەمی قاجار مۆسیقاکەیان کرد بە دەزگایی کە حەوت دەزگا و پێنج ئاوازیان لێ دەرهێنا، ئەگەر لەسەریەکیان بکەیەوە، هەمان 12 مەقامە کۆنەکەیە، راست کە مەقامێکی سەرەکییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوان هێناویانە بچووکیان کردووەتەوە ناو گۆشەیەکی بچووک لە ئەوشاردا، بە گشتی هەموویان لێکداوە و بووە بەو مۆسیقایەی ئێستە هەیانە کە هەندێکیش لە مۆسیقای ئازەربایجان دەچێت، چ لە سکێڵ و ژەنین دا و چ وەک چەهچەهە و تەحریر، بەڵام لە مۆسیقای کوردیدا، ئێمە گۆرانی و بەند و حەیران و هەوای بچووک و لاوک و لاوژە و سیاچەمانە و هۆرە و چەمەرێ و...مان هەیە، بەڵام هەمووی بچووکن و لە ئاستی شین و شایی و خۆشی و ناخۆشییەکدا ماونەتەوە، دوای ئەوەش مەقامەکانی وەک ئەڵاوەیسی و خاوکەرە و ئای ئای و...مان هەیە کە زۆربەیان لە بنەڕەتدا لەبەر ئەوەی خانەبەندی نەکراون، دەبێ بیانهێنین و بەیەکیان بگرین بزانین کامیان خۆی گەورە پێشان دەدات و کامیان بچووکە، هەموو ئەوانەی ئێمە هەمانە، دەتوانم بڵێم لە مۆسیقای ئێرانی پاراوتر و خاوێنتر و بێ غەلوغەشترە و کەمتر دستی لێ دراوە، سەرباری ئەوانە، ئەگەر بێم و وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە کە مۆسیقای کوردی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چ پێگەیەکی هەیە، دیسان دێمەوە سەر ئەوەی کە کاری زانستی بۆ نەکراوە و بەو هۆیەشەوە نەیتوانیوە نە لەناو کورد دا و نە لەناو وڵاتانی ناوچەکە، گەشە بکات.
ئۆرکێسترا بەشێکی زۆر گەورە لە مۆسیقای وڵاتێکە .

هۆکار چییە کە لەناو خۆشماندا دەڵێی گەشەی نەکردووە؟
با ئەوەمان پێ ناخۆش نەبێت، ئێمە لەبواری فەرهەنگی گوێگرتن لە مۆسیقا یەکجار لاوازین، واتا گوێ راناگرین، بە هەزاران کەس گوێ لە "بۆ نموونە" حەسەن زیرەک دەگرێ، گوێناداتە تێکستەکەی بزانێ دەڵی چی، رەنگە لەوە تێنەگات کە بۆ دەڵی "قوربانت بم ئەی فاتمە،  مەمکت شەمامەی گمگمە، من قاوەچیم پێم لازمە" خۆ ناکۆڵێتەوە کە حەسەن زیرەک بۆ ئاوا دەڵی، کۆن قاوەچی شەمامەیان لە قاوەخانەکانیان دادەنا بۆ جوانی، خۆ هەروا بە هەڕەمەکی ئەو تێکستە نەگوتراوە، ئێمە وەک کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان لە گوێگرتندا زۆر ساکار و لاوازین، لە فەرهەنگی شارستانیدا هەموو جلوبەرگی جوانمان لەبەرە و ئۆتۆمبێل و تەلار و باڵەخانەی زۆر سەرسوڕهێنەرمان هەیە و رێوبانمان زۆر جوانە و زۆربەی زانکۆمان بینیوە و خوێندەواری باشمان هەیە، بەڵام لە گوێگرتنی مۆسیقاکەماندا هەمیشە بەلای ئەوەوە دەچین کە دەبێ مۆسیقامان تەنیا هەڵپەڕکێی تێدابێت و ئەگەر هەڵپەڕکێ نەبێ، ئیتر ئەوە مۆسیقا نییە، لەکاتێکدا کورد وەک هەموو نەتەوەکانی دەوروبەری چەندان جۆر مۆسیقای هەیە، مۆسیقامان هەیە بۆ شینگێڕی، هەمانە بۆ شەڕ و هەمانە بۆ هەڵپەڕکێ و مۆسیقامان هەیە بۆ فێربوون و هەشمانە بۆ ژەنین، چۆن لە مۆسیقای کلاسیکدا دوئێت و کوارتێت و سەمفۆنی و کۆنسێرتۆ هەیە، خۆ نابێ هەموو ئەوانە لە لایەک دابنێی و تەنیا هەڵپەڕکێکە بهێنیتە پێشەوە، ئەرێ دەکرێ ئێستە ئێمە بە ژەنیارێکی زۆر پڕۆفشناڵ لە مۆسیقای کلاسیکی جیهانی بڵێین کوڕەکەمان ژن دەهێنێ یان کچەکەمان شوو دەکات، ئا توخوا وەرە مۆسیقامان بۆ لێدە، یان بەو کەسەی کە لە بۆنە و هەڵپەڕکێ و زەماوەندەکان دەوری هەیە، پێی بڵێین وەرە و لەسەر شانۆ مۆسیقای کلاسیکمان بۆ بژەنە؟ ئێمە دەبێ وەک نەتەوەیەک ئەوانە لەیەک جیا بکەینەوە و بە دنیا بڵێین ئێمە رۆشنبیری و زمان و کولتوورمان هەیە.

ئەوە بۆ ئۆرکێسترا و گوێگرتن لە مۆسیقاش وایە، کۆمەڵێک کاری ئۆرکێسترا بە کارەکانی ئێوەشەوە کراوە، بۆ نموونە بەهاری کوردستانی مامۆستا هێمن کە بە ئۆرکێسترا کارت لەسەر کردووە، گوێگرێکی کەمی هەیە و بۆ تاکی کورد نامۆیە، ئەوە پێوەستە بەوەی کولتووری گوێگرتن لە ئۆرکێسترامان نەبووە یان هۆکاری تری لەپشتە؟
ئێمە کە دەڵێین مۆسیقاکەمان بە زانستی و ئەکادیمی بکەین، ئەو کێشانەشی دەبێت، ئێستە ئێمەی کورد مۆسیقای ئەکادیمیمان نەناسیوە، واتا مۆسیقایەک کە هاڕمۆنی هەبێت و وەک یەک نەچێت، تۆ سەیر دەکەی مۆسیقایەک گوێ لێدەگرێت، لە سەرەتاوە تا کۆتایی هەمووی یەک تێم و ریتمی هەیە، میلۆدییەکەشی بە سێ جار و هەرجارە و بە شیعرێک دەخوێنێتەوە و تەواو، ئەو بەهاری کوردستانەی مامۆستا هێمن کە ئاماژەت پێدا، من هێناومە لە مەقامی خورشیدیدا ئاوازم لەسەر داناوە، ئەو ئاوازە پلەوپایەی هەیە، یەکەم لە سەرەتایە و دویی دەڕواتە سێیەمی سەرەتا و دواتر پێنجەمی سەرەتا و دواتر بەش دەگۆڕێ و مۆدێلاسیۆن دەکات، سروشتییە کە هەموو کەس لێی تێناگات. وەک چۆن مامۆستا قانع دەڵێ سەت ساڵی تر رەنگە نەوەیەک هەبێ تێبگات من چی دەڵێم، مۆسیقاکەمان کە 150 ساڵ زیاتر لەدوای ئەدەبیاتمانە، رەنگە تا 200 ساڵی تر کوردیش بگاتە ئەو قەناعەتەی گوێگری مۆسیقای خۆی بێت، مامۆستایەکم لە زانکۆی تاران هەبوو کە هەمیشە پێداگری لەوە دەکرد، بریا و بریا ئێمە ژەنیاری باشمان نەبوایە، بەڵام بیسەری باشمان هەبوایە، لەبەر ئەوەی ئەگەر بیسەری باش و ژیرمان هەبێت، دۆخەکە دەگۆڕێت و ئەوکات ژەنیاری باش خۆی دروست دەبێت، ئێستە ژەنیارمان هەیە لە ئاستی کلاسیکی جیهانی، گەنجیشە و کەمان لێدەدات، رەنگە لە دنیادا سێ کەسی تر ئاوا کەمان لێنەدات، بەڵام چوون بیسەری نییە و خەڵک بایەخی پێ نادات، یان دەروا و وڵاتەکەی جێدەهێڵێت، یان وێڵی دەکات و دەڵی هەر نەیکەم چاکترە، ئەوە کێشەی گەورەی ئێمەیە لە کوردستان و لە هەموو پارچەکانیش هەر ئەو کێشەیە هەیە و رەنگە لە سۆرانیدا کەمتریش بێت.
ژەنیاری ئێمە دەبێ ئامێرەکەی بە چێژی کوردی بژەنێت .

زۆربەی موزیکزانەکانمان باس لە گرنگی ئۆرکێسترا لە مۆسیقای کوردیدا دەکەن، گرنگی ئۆرکێسترا بۆ موزیکی نەتەوەیەک لە چیدایە، ئێوە لە موکریان ئۆرکێسترایەکتان دروست کردووە و ماوەیەکی زۆرە بەردەوامن، پێشتر گروپی ئۆرکێسترا دروست بووە، بەڵام ئەوەندەی نەخایەندووە و هەڵوەشاوەتەوە، ئێستە لە رۆژهەڵات ئاستی مۆسیقارەکان گەیشتووەتە ئەو رادەیەی کۆمەڵیک ئۆرکێسترای باشمان هەبێت؟
بەشێکی زۆر گەورە لە مۆسیقای وڵاتێکدا ئۆرکێسترایە، کاتێک تۆ ئۆرکێسترایەک لەسەر شانۆی وڵاتێک دەبینی، ئەوە رۆشنبیری ئەو وڵاتە پێشان دەدات، فەرهەنگ و زانست و خوێندەواری و ئاستی ئەکادیمی وڵاتەکەت پێشان دەدات، بەڵام ئەوە بە چ نرخێک؟ من کاتێک لە سلێمانی مامۆستای پەیمانگا بووم، هەندێک شتم دەبینی ئازاری دەدام، ئۆرکێسترای سلێمانی هەبوون و هەموان ژەنیاری باش بوون، کە لە پەیمانگا دیراسەمان دەکرد و دەمانبینی لە باشووری کوردستان مۆسیقا زانستییە و بە زانستیش کاری لەسەر دەکەن، بەڵام مۆسیقاکە کوردی نەبوو و هەمووی لەتوکوتە و گیتاریستەکە مۆسیقای ئیسپانیۆلی دەژەنێت و عودژەنەکە لە بەغداوە هێنراوە و عەرەبی دەژەنێت و ئەویتریان سازی تورکی هێناوە و بە تاموچێژ و دیراسەی ئیستەنبول دەیژەنێت و سێتار و کەمانجە و ئەوانیتر ئەوە هەمووی ئێرانییە، من زۆر پێی غەمبار بووم کە بۆ دەبێ لەو سەردەمەدا کە هەمووی بودجەیان بۆ سەرف دەکرێت و وڵات و کیانێک هەیە، ئەوهەمۆ مۆسیقارە بەتوانایە، بەڵام بۆ ئاوایە؟ لە ئێران ئۆرکێسترا کە کار دەکات، یان دەبێ کارەکانی ئێرانی بێت یان جیهانی، خۆ نایە مۆسیقای کورد لێبدا و ئەگەریش بیکا رەنگە یەک جار بێت، بەڵام ئەو ئۆرکێسترایەی لە هەولێر و سلێمانی هەیە، هێشتا وڵات و کیانەکەی ئەوەندە نییە کە بێت مۆزارت و بێتۆڤن لێبدات و بە دنیا بڵێت من لێرە ئەوانە لێدەدەم، یاخود گروپێکی ئۆرکێسترا دروست دەکەن و دەچن لە دەرەوەی وڵات کۆنسێرت دەکەن، لەوێ پێیان دەڵێن، ئەوەی ئێستە ئێوە لێی دەدەن، ئێمە 50 ساڵ لەمەوبەر تەواومان کردووە، ئێمە چاوەڕوانین کە ئێوە لە ناوچەی رۆژهەڵاتەوە هاتوون، مۆسیقای رۆژهەڵاتمان بۆ بهێنن، ئەگینا بە سی.دی هەمانە منداڵ لێیداوە و سەت هێندەی ئێوە ئەو کلاسیکەی باشتر لێداوە، بۆیە دەڵێم بە چ نرخێک، خۆشە ئێمە ئۆرکێسترایەکمان هەبێت لەپێش هەموو شتێکدا چێژی مۆسیقای کوردی بدات، وەک کارەکانی موجتەبا میرزادە کە ئەوکاتەی بۆ م. حەسەن زیرەک و م. عەلی مەردانی کردووە، یان بۆ مامۆستا مەزهەری خالقی کردووە، بابەتەکە هەمووی ئاکادیمیا و زانست نییە، جاری وایە روانینی لەڕادەبەدەری ئەکادیمییانە مۆسیقاکە خراپ دەکات، باشە بۆ دەبێ خۆمان لە مۆسیقای بتۆڤن یان مۆتزارت یان چایکۆڤسکی و... هەوێن بکەین؟ بۆ خۆمان لە میلۆدییەکە هەوێن ناکەین بۆ ئەوەی چێژەکەی لەدەست نەدات و ئینجا بیهێنین دایبڕێژین، من 10 ساڵ لەمەوبەر کە گەرامەوە رۆژهەڵات، لە مهاباد ئۆرکێسترایەکی ساکاری قوتابخانەییم دانا کە بۆخۆم وانەم پێ گوتبوون، هەر کامەیان لە فێرگە و شوێنێکەوە هەر یەکە و بە رەنگێک فێری مۆسیقا بوبوون، من ئەوانەم لەدەوری یەک کۆ کردەوە و لە سەرەتاوە فێری جێژم کردن کە نوارێک، بلانشێک، نۆتێکی خڕ و نۆتێکی رەش بەو تام و چێژە دەژەنرێت و وردە وردە هێنامنە ناو میلۆدی کوردییەوە و میلۆدییەکانم بۆ کردنە دوو دەنگی و سێدەنگی و توانیم کارێک بکەم کە کەمێک چێژی مۆسیقای کوردی هەبێت، بەڵام چوون ئۆرکێستراکەم ژەنیاری زۆر بەتوانای تێدا نەبوو، نەمتوانیوە کارێکی ئەوەندە سەیر و سەمەرە بکەم کە ئێستە بڵێم لە سەرووی ئۆرکێسترای تاران و هەولێر و سلێمانییە، نا بە هیج شێوەیەک. ئۆرکێسترایەکی خۆماڵی بوو بۆ ئەوەی بڵێم ئێمە بەو نەبوونی ئیمکانات و زانکۆ و پەیمانگایەشەوە دەتوانین ئۆرکێسترایەک دروست بکەین کە هونەرمەندی زۆر بەتوانای وەک م. بیژەن کامکار بهێنین لە مهاباد کۆنسێرتی بۆ بکەین، یان کاک عەدنان کەریم بهێنین و لەوپەڕی جوانیدا سێ شەو لەدوای یەک پێنج هەزار کەس رابکێشین بۆ ئەوەی گوێ لە کۆنسێرتەکە بگرن، خۆی عەدنان کەریم باسی لەوە کرد کە لە دەرەوەش مۆسیقام گوێ لێنەبووە ئەوەندە چێژی کوردی هەبێت، جا بۆیە تەنانەت ئەگەر یەک کەسیشمان هەبێت و بەتەنیا ئامێرێک بژەنێت، دەبێ بیر لەوە بکاتەوە بە چێژی کوردی ئەو ئامێرە بژەنێت، جا ئەگەر ئەو ئامێرە بە سەدان ساڵیش فارس و تورک و عەرەب بەکاریان هێنابێت، تۆ دەبێ بە کوردی لێی بدەیت، بۆچی فارس و تورک و عەرەب کەمانی ئیتاڵییان هێناوە و لێرە بە عەرەبی و فارسی و تورکی لێیدەدەن؟ خۆ بۆخۆیان دروستیان نەکردووە، بەو شێوە بیرکردنەوەیە دەتوانین ببینە خاوەن ئۆرکێسترایەکی سەرکەوتوو و بەهێز. هەرچەند کاری جوان لە ئۆرکێسترای هەولێر و سلێمانی و سنە کراوە، لە تاران کەسانی بلیمەتی وەک هوشەنگی کامکار زۆر زانستی ئۆرکێسترانووسی دەکات و ئۆرکێسترای هەیە و بەگشتی کاری زۆر جوان کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەوەندە لە زانستی ئەکادیمی مۆسیقای دەرەوە نزیک دەبنەوە، چێژەکە لەدەست دەدەن. با چێژ و نەریتە کوردەوارییەکە وەک سیمبولێک هەبێت و ئینجا زانستەکەی بخەینە خزمەتەوە.

سەدەی رابردو لە بەغدا و کرماشان و تاران رادیۆ کوردی هەبووە، ئەو سەردەمە هونەرمەندێکی وەک م. حەسەن زیرەک لە ساڵی 1947 چووەتە بەغدا، زۆر هونەرمەندی گەورە، مۆسیقایان بۆ لێداوە و کاری زۆر جوانیشی هەبووە، بەڵام کاتێک گەڕاوەتەوە رۆژهەڵات و لە ساڵی 1955 لەگەڵ سێ، چوار مۆسیقاری خۆشفکرتر و رووناکتر و بەهەڵوێستتر کاری کردووە، بەرهەمەکانی زیاتر دیار و بەرچاو بوون، با ئێمە ئاماژە بەوە بکەین کە لەناو کورد دا گۆرانیبێژ زۆر بەرچاوە، کورد بەبێ گۆرانیبێژ گوێ لە مۆسیقا ناگرێت، مەگەر کەسێک کە خۆی زانستی مۆسیقای هەبێت و خۆی مۆسیقار بێت، بەڵام مۆسیقاری باش دەتوانێ رۆڵەکە بە شێوەیەک بگێڕێت کە بابەتەکە بگۆڕێت، م. حەسەن زیرەک لە تاران لەگەڵ ئۆرکێسترای زۆر بەهێزتر گۆرانی تۆمار کردووە، بەڵام هێندەی ئەوەی کرماشان توانایی و چێژ و کولتووری کوردی تێدا بەکار نەهاتووە، چوون لە کرماشان بیریان بۆ کردووەتەوە، مەبەستم نییە بڵێم هی تاران و بەغدا خراپ بووە، ئەوانیش باشن و کەڵە هونەرمەندی وەک م. قادر دیلان لەوێ کاری کردووە، بەڵام ئێمە باسەکەمان ئەو کات و فەزایەیە کە بیری تێدا دەکرێتەوە، کە بیرکردنەوە دروست بوو، هونەر دەخوڵقێت، جا ئەو هونەرە چ سینەما بێت، چ موزیک و شانۆ یان هەر هونەرێکی تر بێت.



وشە - هیدایه‌ت جان