بەهای نەوت بە خێرایی رووی لە بەرزبوونەوەی كردووە و لە سێ رۆژی رابردوودا نزیكەی پێنج دۆلار لە هەر بەرمیلێك نەوت زیادی كردووە.
بەرمیلێك نەوتی برێنت بە 44 دۆلار و 14 سەنت دەفرۆشرێت.
بەگوێرەی
dailyfx ئەمڕۆ چوارشەم بەهای نەوت گەیشتە بەرزترین نرخ كە لە نزیكەی دوو مانگ و نیوی رابردوو تۆمار كرابێت و هەر ئێستە بەرمیلێك نەوتی برێنت بە 44 دۆلار و 14 سەنت دەفرۆشرێت.
نرخی نەوت لە رۆژی دووشەمەوە رووی لە بەرزبوونەوە كردووە بە تایبەتی دوای راگەیاندنی سەركەوتوبوونی بەرهەمهێنانی پێكوتەی كۆرۆنا لە لایەن كۆمپانیایەكی ئەمەریكییەوە بازاڕ هەستاوە.
بەهای نەوتی تێكساسی ئەمەریكاش بە نزیكەی 42 دۆلار دەفرۆشرێت و بەرزترین نرخە لە چواری ئەیلوولەوە تۆمار كرابێت.
پێرێ دووشەم لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا هەردوو كۆمپانیای فایزەر و بیۆتنیك سەركەوتنی بەرچاوی سێیەم قۆناغی تاقیكردنەوەی پەرەپێدانی پێكوتەی كۆرۆنایان راگەیاند، هاوكات رێكخراوی تەندروستی جیهانیش ئەنجامەكانی تاقیكردنەوەكەی بە گرنگ هەژمار كرد.
هەر ئەوكات بەهای پشەكەكانی فایزەر بە رێژەی 15% بەرز بووەوە و بازاڕی بۆرسەكانیش بەرزبوونەوەیان تۆمار كرد و بەهای نەوتیش بەردەوام رووی لە بەرزبوونەوە كردووە.
یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی دابەزینی بەهای نەوت دەرهاویشتەكانی كۆرۆنا بووە و پاشەكشەكردن بەم نەخۆشییەش بە واتای بەرزبوونەوەی بەهای نەوت دێت.