رێکخراوێکی ژنان هاوکاری بۆ سۆزانییەکان کۆ دەکاتەوە

:: PM:04:41:11/11/2020 ‌
رێکخراوی پارێزگاری لە مافی ژنان "سۆلوۆدی" ئەڵمانی داوای دەستنیشانکردنی بودجەیەک لە حکوومەت دەکات بۆ هاوکاریکردنی ژنانی سۆزانی، ئەو ژنانە دۆخی ئابوورییان زۆر خراپە و توانای ئەوەندەیان نییە بژێوی رۆژانەیان پەیدا بکەن.
ئەو ژنانە بوون بە قوربانی باندەکانی بازرگانی بە ژنان .

لەگەڵ تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەوروپا، بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، ماڵی سۆزانییەکان لەو وڵاتە بۆ ماوەی شەش مانگ داخرا و ئێستەیش جارێکی تر داخراونەتەوە.

رێکخراوی پارێزگاری لە مافی ژنانی سۆلوۆدی داوای لە دەوڵەتی ئەڵمانیا کرد هاوکاری دارایی ژنانی سۆزانی ئەو وڵاتە بکات و دووپاتی کردەوە، ئەو ژنانەی کاری لەشفرۆشی دەکەن، لە دۆخێکی مەترسیدار و کارەساتباردا دەژین و ئاسایشیان لە مەترسیدایە.
زۆربەیان لە رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە روویان لە ئەڵمانیا کردووە .

ئەو رێکخراوە داوای لە حکوومەتی ئەڵمانیا کرد، سندوقێک بۆ گەیاندنی هاوکاری خێرا بەو ژنانە دابمەزرێنێت و لە بەرنامەیەکی درێژمەودا هەوڵ بۆ دوورخستنەوەیان بدات لە کاری لەشفرۆشی.

زیاد لە دوو دەیەیە کۆمەڵێک رێکخراوی ناحکوومی داوای گۆڕانی دۆخی کارەساتباری زۆربەی ژنانی لەشفرۆشی ئەڵمانیا دەکەن، ئەو رێکخراوانە تا ئێستە چەندان پێشنیازە یاسایان خستووەتە بەردەم حکوومەت و داوایان کردووە هەلی کار بەو ژنانە بدرێت و دوای ئەوەی دڵنیا بوونەوە لە دۆخ و گوزەرانیان، بە گشتی لەشفرۆشی لە ئەڵمانیا قەدەغە بکرێت.

لە راپۆرتی رێکخراوی سۆلوۆدی هاتووە، زۆربەی ژنانی لەشفرۆش ماڵ و سەرپەنایەکیان نییە و بەشی هەرە زۆریان توانای ئەوەندەیان نییە بچنە ژێر چەتری بیمەی دەرمانەوە.

بەشێکی زۆر لە لەشفرۆشانی ئەڵمانیا لە رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە روویان لەو وڵاتە کردووە و تەنانەت زمانی ئەڵمانیش نازانن، هەر بۆیە وابەستەی کۆمەڵێک کەس و کۆمپانیان کە وەک کۆیلە رەفتاریان لەگەڵ دەکەن و زانیاری ناراستیان لەبارەی دۆخی ئێستای ئەڵمانیا پێ دەدەن.

ئێستە بەهۆی داخستنی شوێنی لەشفرۆشان، بەشێک لەو سۆزانییانە لە شەقامەکان بە نایاسایی بەدوای کڕیاردا دەگەرێن، لەبەر ئەوەی هیچ پارەیەکیان نییە بۆ دابینکردنی بژێوی رۆژانەیان.

بەشێک لەوانەش کە مۆڵەتی نیشتەجێبونیان لە حکوومەت وەرگرتووە، دەتوانن داوای هاوکاری لە ئەڵمانیا بکەن. بەڵام بەهۆی ئەوەی لە یاسای وڵاتەکە ناشارەزان، نازانن لە چ رێگەیەکەوە ئەو داوایە پێشکەش بە حکوومەت بکەن.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ژمارەیەکی زۆر لەو لەشفرۆشانە بەهۆی دەستکورتی و نەبوونی بژێوی رۆژانە بەرەو وڵاتەکانیان گەڕاونەتەوە.

بەشێک لە پارێزەرانی مافی مرۆڤ و دژبەرانی لەشفرۆشی لە ئەڵمانیا، دڵخۆش بوون بە گەڕانەوەی ئەو سۆزانیانە بۆ وڵاتەکانیان، بەڵام رێکخراوەکانی ژنان و راوێژکارانی کۆمەڵایەتی ئاماژە بە دۆخی خراپی ئابووری ئەو ژنانە دەدەن لە زێدی خۆیان و دەڵێن لەگەڵ ئەوەی دۆخەکە بەرەو باشی رۆیشت، جارێکی تر دەگەڕێنەوە ئەڵمانیا، بەڵام ئەوجارەیان بە دەستی بەتاڵتر و وابەستەبوونی زیاتر بە باندەکانی لەشفرۆشی دێنەوە و زیاتر لە پێشوو دەبن بە قوربانی تاوانە رێکخراوەکان.

رێکخراوی سولوۆدی لە ساڵی 1985 لەلایەن قەشەیەکی ئەڵمانی بەناوی لیا ئاکەرمان بۆ هاوکاری ژنانی لەشفرۆشی کینیا و ئەفریقا دامەزرا و چالاکییەکانی لەناو ئەڵمانیا لە ساڵی 1987 دەست پێ کرد.

ئێستە بە پاڵپشتی چەندان دامەزراوەی نێودەوڵەتی لە وڵاتانی وەک نەیجیریا، رۆمانیا، هەنگاریا و چەندان وڵاتی تر هاوکاری ژنانی لەشفرۆش و قوربانیانی قاچاغ دەکات و دژی بازرگانی بە ژنان و توندوتیژی خێزانی و بەزۆر بەشوودان دەوەستێتەوە.

لە ئەڵمانیا لەشفرۆشی بەپێی یاسا رێ پێدراوە و یەکێتییەک بەناوی خزمەتگوزاری سێکسی لەو وڵاتە هەیە، بەڵام تا ئێستە چەندان جار پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە بەهۆی خراپی دۆخی ژنانی لەشفرۆش و پەرەسەندنی بازرگانی بە ژنان، داوای قەدەغەکردنی لەشفرۆشییان لە ئەڵمانیا کردووە.

ئەو پەرلەمانتارانە داوا لە حکوومەت دەکەن وڵاتی سوید وەک نموونە وەربگرن و ئەو ژنانەی لە ئەڵمانیا لەشفرۆشی دەکەن، لەڕووی داهاتەوە هاوکارییان بکەن و بیانگەڕێننەوە ناو کۆمەڵگە و دوای ئەو پڕۆسەیە بە یاسا لەشفرۆشی لە ئەڵمانیا قەدەغە بکەن و ئەو دیاردەیە لە وڵاتەکەیان بنبڕ بکەن.



وشە - هیدایه‌ت جان