شارەزایەك: بۆ بەتایبەتكردنی ئابووری پێویستە پڕۆژەی گەورە جێبەجێ بكرێت

:: PM:10:19:14/11/2020 ‌

عێراق بە بەردەوام بەوە تاوانبار دەكرێ كە وڵاتێكە بودجەكەی پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، ئەوەیش هۆكارە كە لەگەڵ هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت، دۆخی دارایی و بودجەی ساڵانەی باش و خراپ دەبێت، بە گشتی جیا لە زیادكردنی سەرچاوەی داهات، پێویستە گیان بە بەر كەرتی تایبەت بێتەوە و هاندانی پیشەسازی و كشتوكاڵی ناوخۆیی بدرێت، بۆ سەقامگیركردنی ئابووری و فەراهەمبوونی هەلی كار و لاچوونی قورسایی سەر كەرتی گشتی و حكوومەت لە دابینكردنی مووچە.  
سەقامگیریی كەرتی گشتی و تایبەت پێویستە و پێویستە خەرجی گشتی بە هەنگاو كەم ببێتەوە
سەفوان قوسەی، شارەزای ئابووری عێراق بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، ئێستە هەموو دنیا بەدوای سەرچاوەی پارەیە بۆ پڕۆژەكانی، بۆ كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری و هەژاریی خەڵكەكەی، بۆیە دەستكەوتنی ئەو پارەیە لە رێگەی بازاڕی كاغەزی دراو و پارەی هەڵگیراوی هاووڵاتییان و بانكەكان بەو ئاراستەیە كە هانی ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورە بدرێت، بۆ نموونە بەندەری فاو عێراق دەگوازێتەوە ناو ئالوگۆڕیی بازرگانی و بەیەكتر بەستنەوە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا و گواستنەوەی كاڵاكان لە رۆژهەڵاتەوە بۆ یەكێتی ئەوروپا و بە پێچەوانەوە.  

زیاتر گوتی، لە رێگەی ئەو جۆرە پڕۆژە گەورانە دەتوانین هەلی كار دابین بكەین و پارەی ناوخۆیی و ناوچەكە و دنیا بە ئاراستەی عێراق رابكێشین، عێراق لەتوانایدا هەیە هەلی كار دروست بكات، بەڵام خراپیی ئیدارەدانی پارە و دەستبڵاوی و نەبوونی ویستی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵكاران، ئەوانە وایان كردووە خەڵكی پەنا بۆ دامەزراندن لە كەرتی گشتی بدات و لە كەرتی تایبەت دووربكەوێتەوە.

ئەو شارەزایە ئابوورییە روونی كردەوە، بۆ كاراكردنی كەرتی تایبەت پێویستە مسۆگەری لەسەر ئاستی سیادی و پەرەپێدان فەراهەم بكرێت، دەكرێ ئەوكات خەڵك و ئەوانەی لە كەرتی تایبەت و پڕۆژە گەورەكان كار دەكەن دڵنیا بكەینەوە، بۆیە پرۆسەی گۆڕینی قیبلەنماكە بە دابینكردنی مسۆگەری و راكێشانی كۆمپانیاكان و پاراستنی وەبەرهێنەر و هاندانی پیشەسازی ناوخۆیی دێتە ئاراوە.

"سەقامگیری لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت پێویستە، بەڵام پێویستە خەرجی گشتی بە هەنگاو كەم ببێتەوە و لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە هەوڵی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیجی بدرێت، بۆ نموونە لەسەر ئاستی پسوولەی خۆراك، هەوڵبدرێ مادەكانی لە ناوخۆی وڵات دابین بكرێت، پێویستە چەندان كارگەمان بۆ بەرهەمهێنانی جلوبەرگی سەربازی هەبێت، بەهەمانشت چیمەنتۆ و كاغەز و كەلوپەلی كارەبایی، بۆ ئەوەی ئەو كەرتانە گەشە بكەن"، قوسەی وای گوت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل