بڕیاره سبه‌ی له 40 ژنی سلێمانی له پێشانگایه‌كدا كاری ده‌ستی و به‌رهه‌مه‌كانیان نمایش بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 16ی تشرینی دووه‌م، سروه عوسمان سه‌رۆكی گرووپی خه‌یاڵی خانمان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، گرووپی خه‌یاڵی خانمان بۆ كاری ده‌ستی و به‌هره‌ی ژنان، سبه‌ی هه‌ڵده‌سێت به‌كردنه‌وه‌ی پێشه‌نگایه‌كی كاری ده‌ستی بۆ 40 ژن له ئه‌ندامه‌كانی و چه‌ند ژنێكی تازه‌یش. پێشانگاكه جۆری كاری ده‌ستی و هه‌مه‌چه‌شنه‌یی كاره جیاوازه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت له بواره‌كانی ئێكسسواراتی ژنان و چنین و جوانكاریی ناوماڵ و مێخه‌ك و سووف و گوڵ و كاری ڕیسایكلین و به‌رد و شووشه و چه‌ندان كاری ناوازه‌ی تر".
زیاتر گوتی، "له پێشانگاكه‌دا هونه‌ری نه‌خشی خه‌نه و وێنه‌ی ده‌موچاوی منداڵ و شیرینی و خواردن به‌شێك ده‌بن كه نمایش ده‌كرێن و بوونیان ده‌بێت."
ئاشكرای كرد، "پێشانگای كاری ده‌ستی سه‌رای سلێمانی له‌ناو باخچه‌ی كولتووری سه‌رای سلێمانی ده‌كرێته‌وه، سبه‌ی سێشه‌م 17ی تشرینی دووه‌م، سه‌عات نۆی به‌یانی بۆ چواری عه‌سر، هه‌موو ژنه‌كانیش به جلوبه‌رگی جوانی كوردییه‌وه له پێشانگاكه ده‌بین".
ڕوونی كرده‌وه، "به‌شێك له‌و ژنانه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان نمایش ده‌كه‌ن له ئاست و كوالێتییه‌كی باش به‌رهه‌مه‌كانیان نمایش ده‌كه‌ن و شایانی ئه‌وه‌یه وه‌ك به‌رهه‌می كوالێتی به‌رز له‌ناوخۆدا پشتیان پێ ببه‌سترێت، چونكه به‌رهه‌می ناوخۆیی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كوالێتی به‌رزه و ته‌ندروستتره له‌لایه‌ن ژنێكیشهوه دروست ده‌كرێت كه كاتێكی زۆری خۆی به‌وه به‌خشیوه".
له سلێمانی ماوه‌یه‌كه چه‌ندان پێشانگای جیاجیا بۆ نمایشكردن و ناساندنی به‌رهه‌می ناوخۆیی كراونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یش وای كردووه گه‌نجان پشت به‌خۆیان ببه‌ستن و سوودێكی داراییشی بۆیان هه‌بێت.