كچێكی شاری هه‌ولێر دوای ئه‌وه‌ی دایكی و پیاوێكی دراوسێیان به‌ڕووتی له‌سه‌ر جێی نووستنی دایك و باوكی ده‌بینێت، تووشی حاڵه‌تێكی ده‌روونیی خراپ ده‌بێت، چیرۆكه‌كه‌ی بۆ "وشه" ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێ: به دایكمم گوت بینیم خیانه‌ت له باوكم ده‌كه‌ی، گوتی وانییه، تۆ خه‌واڵوو بوویت.
سیما ناوی خوازراوی ئه‌و كچه‌یه، په‌یمانگای ته‌واو كردووه و هێشتا نه دامه‌زراوه نه له هیچ كۆمپانیایه‌كی تایبه‌ت كار ده‌كات، كچی ماڵه‌وه‌یه و زۆربه‌ی كاته‌كانی ڕۆژانه‌ی له‌گه‌ڵ دایكی و سێ براكه‌ی به‌ڕێ ده‌كات، باوكیشی كه له یه‌كێك له كۆمپانیاكانی ده‌ره‌وه‌ی شار كار ده‌كات، به‌یانیان تا دره‌نگانی ئێواره ناگه‌ڕێته‌وه ماڵه‌وه.
هیچ باوه‌ڕم به قسه‌كانی دایكم نه‌كرد
ساڵی ڕابردوو ڕۆژێك سیما زووتر له ڕۆژه‌كانی تر له‌خه‌و هه‌ستاوه، بۆ "وشه"ی ده‌گه‌ڕێته‌وه: ئه‌و به‌یانییه گوێم له ده‌نگێكی نامۆ بوو كه خه‌ریكی قسه و گاڵته بوو له‌گه‌ڵ دایكم، ده‌نگه‌كه پیاوانه بوو و باوكیشم نه‌بوو، بۆیه به‌په‌له چوومه خواره‌وه و تا نزیكترین شوێنی ده‌نگه‌كه‌م لێی ده‌بیست چووم، بینیم پیاوێكی دراوسێی خۆمانه و له ژووری نووستنه‌كه له‌گه‌ڵ دایكمه.
درێژه‌ی دایه، هێنده تووشی سه‌رسوڕمان بووم به‌و دیمه‌نه، به‌په‌له چوومه‌وه ژووره‌كه‌ی خۆم، ده‌ستم به گریان كرد و هه‌تا نیوه‌ڕۆ هه‌ر به‌رده‌وام بووم، دواتر دایكم هاته لام، كه بینی وا ده‌گریم یه‌كسه‌ر گوتی چی بووه؟ منیش شه‌رمم نه‌كرد و نه‌مشارده‌وه، گوتم: بۆ خیانه‌ت له باوكم ده‌كه‌یت؟ ئه‌م به‌یانییه تۆم له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌ی دراوسێمان بینی، كه‌چی گوتی: ڕاست ناكه‌یت و وانییه، خه‌واڵوو بوویت، ئه‌گه‌رنا هیچ شتێكی وا ڕووی نه‌داوه.
سیما ده‌ڵێ: هیچ باوه‌ڕم به قسه‌كانی دایكم نه‌كرد، چونكه گه‌یشتووم به‌و ته‌مه‌نه و خه‌و و ڕاستی له یه‌كتر جیا ده‌كه‌مه‌وه، به‌ڵام به‌رگه‌م گرت و هیچم لای كه‌س باس نه‌كرد.
پاش ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ش، سیما هه‌موو كات هه‌ر خه‌یاڵی لای ئه‌و دیمه‌نه بووه كه بینیویه‌تی و به‌رده‌وام خه‌می پێ خواردووه، وه‌ك خۆی ده‌ڵێ: ئه‌و كاتانه زیاتر خه‌مبار و بێتاقه‌ت ده‌بووم كه باوكه ماندووه‌كه‌م ده‌بینی له‌سه‌ر كار ده‌گه‌ڕایه‌وه و به‌وپه‌ڕی متمانه‌وه باوه‌شی خۆشه‌ویستیی بۆ دایكم ده‌كرده‌وه.
چه‌ند جارێكی تر سیما پیاوه‌كه‌ی دراوسێیانی بینیوه كه به به‌رده‌م ماڵیاندا دێت و ده‌چێ، ئه‌مه‌ش زیاتر تووشی دڵه‌ڕاوكێی كردووه، تا یه‌كێك له جاره‌كان دووباره له ژووره‌وه بینیویه‌تییه‌وه.
سیما به گریانه‌وه باسی ئه‌و ڕووداوه‌ی كرد و گوتی: جارێكی تر گوێم له ده‌نگی ئه‌و پیاوه بوو له ماڵه‌كه‌ی خۆمان، تا ئه‌مجاره یه‌كسه‌ر چوومه ژووری نووستنه‌كه، به‌ڵام ئه‌م جاره خراپتر له جاری پێشوو، دایكم و ئه‌و پیاوه‌م به‌ڕووتی له‌سه‌ر جێی نووستنه‌كه بینی، یه‌كسه‌ر به قسه و جنێودان به هه‌ردووكیان ده‌ستم به هاوار كرد، هه‌ردووكیان ترسان و ته‌نانه‌ت دراوسێكه‌مان به‌په‌له خۆی گۆڕی و ماڵی به‌جێ هێشت.
زیاتر گوتی: من به‌رگه‌ی ئه‌و دیمه‌نه‌م نه‌گرت، هه‌رچی له دڵم بوو به دایكمم گوت، هاوارم به‌سه‌ریدا كرد و گوتم: خۆزگه بێ دایك ده‌بووم به‌س دایكێكی خیانه‌تكاری وه‌ك تۆم نه‌ده‌بوو، هه‌رچی قسه‌ی ناشیرینه پێم گوت، كه‌چی سه‌رباری بینینی ئه‌و دیمه‌نه‌ش، دایكم هه‌ر ده‌یویست باوه‌ڕم پێ بێنێ كه هیچ خیانه‌تێك له ئارادا نییه، گوتی ئێمه ته‌نیا هاوڕێین.
ساڵێك به‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوانه تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام بۆ یه‌ك شه‌ویش من به‌بێ گریان و خه‌مخواردن ڕۆژم نه‌كردووه‌ته‌وه، چونكه نه ده‌توانم به‌شاراوه‌یی ئه‌م بابه‌ته بهێڵمه‌وه، نه ده‌توانم ئاشكرای بكه‌م، ئاخر ئێمه له خێزانێكی كۆمه‌ڵایه‌تین و باوكم بزانێ بێگومان دایكم و دراوسێكه‌شمان ده‌كوژێت.
هه‌ولێر/ دیدار سابیر