دوو پەرلەمانتار زانیاری لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەخەنە ڕوو

:: PM:07:24:18/11/2020 ‌

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان چەند هەنگاوێكی بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خستە ڕوو و بە پێویستی زانی هەرچی زووە شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بكات، پەرلەمانتارێكیش ئاماژە بۆ وادەی گەیشتنی 320 ملیار دینارەكەی بەغدا دەكات.
چاوەڕوان دەكرێ هەفتەی داهاتوو 320 ملیار دینارەكە ڕەوانەی هەرێم بكرێت
زیا جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەم 18ی تشرینی دووەم، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پێویستە حكوومەتی هەرێم چەند هەنگاوێكی خێرا و ستراتیجی بنێت.

زیاتر گوتی، هەنگاوی ئێستا ئەوەیە بە پەلە شاندێكی بڕیاربەدەست ڕەوانەی بەغدا بكات، بۆ دابینكردنی مووچەی دوو مانگی ئەمساڵ، داواكاریی بەغدا بەپێی دەستوور جێبەجێ بكەن و شایستەی دارایی فەرمانبەران دابین بكەن.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، ئێستە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و چاوەڕوان دەكرێ ڕەوانەی پەرلەمان بكرێ بۆ پەسەندكردن، بۆ ئەوەیش دەبێ شاندی هەرێم لەسەر شایستەی دارایی فەرمانبەران و بەشە بودجەی هەرێم گفتوگۆ بكەن و مووچە و بودجە جێگیر بكەن، بۆ ئەوەی جارێكی تر كێشە بۆ مووچە دروست نەبێتەوە.

لە بارەی یاسای چاكسازییەوە، جەبار ئاماژەی كرد، یەكێك لە دروشمەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم بابەتی چاكسازی بوو، ئێستە كە یاسای بۆ دەركراوە، پێویستە پەلەی لێ بكرێ و پەل بۆ سێكتەرەكانی تریش باوێت، تا ئەنجامەكانی فریای ئەم دۆخە بكەون.

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان روونی كردەوە، پێویستە چاكسازی لە سەرچاوەكانی داهاتدا بكرێت، چونكە 822 كۆمپانیای نەوتی هەن، پێویستە كارەكانیان ڕێك بخرێتەوە و داهاتیان ڕوون بێت، لەبارەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد كە پێی وایە سەردانەكە هەفتەی داهاتوو ئەنجام دەدرێت، بەڵام وادەكەی دیاری نەكرد.

لە بارەی وادەی گەیشتنی 320 ملیار دینارەكەی هەرێم لە بەغداوە، حەسەن ئاڵی، پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەموو مانگێك بەغدا دوای دابەشكردنی مووچەی خۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە، ئێستەیش دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 لە بەغدا لە كۆتایی نزیك بووەتەوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێ سەرەتای هەفتەی داهاتوو 320 ملیار دینارەكەی بەغدا ڕەوانەی هەرێم بكرێت.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل