كاردانەوەكان دژ بە هەوڵی بردنی مووچە فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا بەردەوامە

:: PM:09:35:21/11/2020 ‌

هەوڵی ژمارەیەك بەناو نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر حكوومەتی عێراق، بە مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان لێك دەدرێتەوە و شەقام و حزبە كوردستانییەكان دژی دەوەستنەوە.
نابێتە هۆی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا
 ئەنوەر بازگر، چاودێری سیاسی بۆ"وشە" ئاماژەی دا، هەوڵی هەندێك پەرلەمانتار بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بۆ سەر بەغدا، كێشەكانی نێوان هەرێم و عێراق چارەسە ناكات، روونی كردەوە، ئەوەی دەكرێ كاردانەوەی هەندێك پەرلەمانتارە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی كرد، ئەگەر بڕیارە مووچە بخرێتە سەر بەغدا، ئۆتۆماتیكی دەبێ هەرێمی كوردستانیش بچێتەوە سەر بەغدا، ئەوەیش بكرێ گوشارەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان هەڵناگرێت.

 لای خۆیەوە مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بۆ "وشە"ی ئاشكرا كرد كە ئەو لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا نییە، روونی كردەوە، ئەوكارە بە كارێكی باش نازانم و نابێتە هۆی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا.

شایەنی باسە دوای هەوڵی ژمارەیەك بەناو نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا و بە واژووی 112 پەرلەمانتاری كورد و عەرەب، هاتە راگەیاندن ئەوان داواكاری پێشكەیش پەرلەمان دەكەن بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ سەر حكوومەتی عێراق، ئەوەیش بە یەكێك لە هەوڵە نەزۆكەكان دادەنرێ بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل