پێوەندی جگەرەكێشان و تووشبوون بە كۆرۆنا

:: PM:10:07:21/11/2020 ‌

لەوەتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سەری هەڵداوە، زانایان لە رێگەی توێژینەوەكانیان هەوڵی دۆزینەوەی پێوەندی لە نێوان جگەرەكێشان و تووشبوون بەو ڤایرۆسە دەدەن، بەو پێیەی هەردووكیان لە رێگەی كۆئەندامی هەناسەدانەوە دەچنە ناو لەشی مرۆڤ.
دووكەڵی جگەرە وەڵامدانەوەی سیستمی بەرگری بۆ ڤایرۆسەكە كەم دەكاتەوە
بەمدواییە توێژەران لە زانكۆی كالیفۆڕنیا لە شاری لۆس ئەنجلۆسی ئەمەریكی، پێوەندییەكی ناراستەوخۆیان لە نێوان پەتاكە و جگەرەكێشان دۆزییەوە، ئەوان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی بەركەوتنی دووكەڵی جگەرە وا دەكات خانەكانی ناوپۆشی رێڕەوی هەوا زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەبێت. 

توێژەران چەند خانەیەكی ناوپۆشی رێڕەوی هەوای پێنج تووشبووی كۆرۆنایان وەرگرت، هەندێك لەو خانانەیان لەناو لوولەی تاقیكردنەوە دایە بەر دووكەڵی جگەرە، ئینجا هەموو خانە وەرگیراوەكانیان دایە بەر ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەك توێژەران لە بڵاوكراوەی زانسی "سێڵ ستێم سێڵ"، باسیان كرد، لەكاتی بەراوردكردنی خانەكان، ئەو خانانەی بەر دووكەڵ كەوتبوون، دوو تا سێ هێند زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە كۆرۆنا هەبووە. 

هەروەها لە شیكردنەوەیەكی خانەكانی ناوپۆشی رێڕەوی هەوا بۆ هەریەك لەو كەسانە، دەركەوت دووكەڵی جگەرە وەڵامدانەوەی سیستمی بەرگری بۆ ڤایرۆسەكە كەم دەكاتەوە، بریجیت گۆمبێرت، ئەندامی تیمی توێژینەوەكە گوتی، ئەگەر رێڕەوەكانی هەوا وەك دیواری بەرز بۆ پاراستنی قەڵایەك وێنا بكەین، جگەرەكێشان وەك بوونی چەند كون و درزێكە لەو دیوارە، هاوكات جگەرەكێشان بەرگری سروشتی لەش كەم دەكاتەوە، ئەوەیش رێگە بە تێپەڕبوونی ڤایرۆسەكە و تووشكردنی خانەكان دەدات.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل