ڤاكسینەكەی فایزەر و بایۆنتیك لە مۆڵەت وەرگرتن نزیك دەبێتەوە

:: PM:10:35:21/11/2020 ‌

بەڕێوەبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكا رای گەیاند لە 10ی كانوونی یەكەمی داهاتوو لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای فایزەر و بایۆنتیك كۆ دەبێتەوە بۆ مۆڵەتپێدانی ڤاكسینەكەیان دژ بە كۆرۆنا بۆ بەكارهێنانی فریاگوزاری.
كاریگەریی ڤاكسینەكە 95%ە و كار لە هەموو تەمەن و رەگەزەكان دەكات
لای خۆیەوە فایزەر پێشبینی كرد 15ی مانگی داهاتوو رەزامەندی بەكارهێنان بەدەست بێنێت، بەتایبەتی كاتێك داوای لە دامەزراوە پزیشكییەكان لە ئەمەریكا كردووە سەبارەت بە بەكارهێنانی ڤاكسینەی، ئەوەیش دوای چەند رۆژێك لە راگەیاندنی هەردوو كۆمپانیا بە سەركەوتنی ئەنجامی سێیەم قۆناغی ڤاكسینەكەیان، دوای ئەوە رایان گەیاند بۆ ئەمساڵ 50 ملیۆن ژەم لەو ڤاكسینە ئامادە دەكەن كە بەشی پاراستنی 25 ملیۆن كەس دەكات. 

لیزا ئۆنیل، بەڕٍێوەبەری پێوەندییەكانی راگەیاندنی جیهانی لە كۆمپانیای فایزەر دەڵێت، هەفتەی رابردوو كاریگەری ڤاكسینەكەمان لە ئەنجامی سێیەم قۆناغی تاقیكردنەوەكان راگەیاند، كە رێژەی كاریگەریی ڤاكسینەكە 95% بوو بێ رەچاوكردنی تەمەن و رەگەز و ئەتنی مرۆڤەكان.

زیاتر گوتی، داتاكان دەریانخست كە لە زیاتر لە 43 هەزار بەشداربوونی تاقیكردنەوەكان، هیچ مەترسی پێوەست بە سەلامەتی ڤاكسینەكە دەرنەكەوتووە و تەنیا ئەوەی هەیە دوو حاڵەت بووە، ئەوانیش هەستكردن بە ماندووبوون لای 3.8%ی بەشداران و سەرئێشە لای 2%ی ئەوانەی ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 37 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌