وادەی سێیەم شەپۆلی كۆرۆنا لە ئەوروپا و وەرگرتنی ڤاكسین لە ئەمەریكا دیاری كرا

:: PM:07:14:22/11/2020 ‌

بەرپرسێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێشبینی دەركەوتنی سێیەم شەپۆلی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەوروپا لە سەرەتای 2021 دەكات، هاوكات بەرپرسێكی تەندروستی ئەمەریكی وادەی پێدانی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بە ئەمەریكییەكان ئاشكرا دەكات.
لە چەند وڵاتێك تووشبوون كەم بووەتەوە، چونكە خەڵكەكە بەتەواوەتی پابەندە
دێڤید نابار، لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەیەكی سویسرایی گوتی، دوای ئەوەی یەكەم شەپۆلی پەتاكەمان كۆنترۆڵ كرد، نەمانتوانی لە مانگەكانی هاوین ژێرخانێكی تۆكمەی تەندروستی بنیات بنێین، بۆیە ئێستە لە دووەم شەپۆلی پەتاكەین، ئەگەر ئەوجارە نەتوانین ژێرخانێكی باشمان هەبێت، لە سەرەتای ساڵی نوێ دەكەوینە بەر سێیەم شەپۆلی پەتاكە.

ئەو بەرپرسە بە رۆژنامەی "سۆلۆتۆرنەر تسایتۆنگ"ی گوت، لە چەند وڵاتێك تووشبوون كەم بووەتەوە وەك كۆریای باشوور، چونكە خەڵكەكە بەتەواوەتی پابەندە و ئاكارەكانیان رێگری لە تووشبوونیان بەو ڤایرۆسە دەكات، ئەوان لەیەكتر دوور ماونەتەوە و دەمامك دەبەستن و كاتێك نەخۆش دەبن، خۆیان دادەبڕن، دەست و رووە جیاوازەكان دەشۆن، ئەو تویژانەیش مەترسی زیاتریان لەسەرە، دەیانپارێزن. 

لای خۆیەوە د مونسف سیلاوی، پزیشك و بەرپرسی هەوڵەكانی حكوومەتی ئەمەریكا لەبارەی پەرەپێدانی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا لە لێدوانێكی بۆ "سی ئێن ئێن"، گوتی، لە حاڵەتی رەزامەندی لەسەر بەكارهێنانی هەر ڤاكسینێك لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكی، كۆمپانیاكان راستەوخۆ بۆ رۆژی دوای دەتوانن بیخەنە بەكارهێنانەوە.

زیاتر گوتی، بەپێی پلانی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، ڤاكسینەكە لە ماوەی تەنیا 24 سەعات دوای رەزامەندیی فەرمی هەر ڤاكسینێك بەردەست دەبێت، كە پێشبینی دەكەم بكەوێتە 11-12ی كانوونی یەكەمی داهاتوو.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل