شارەزایەك: هاوكێشەی سیاسی لە عێراق گۆڕاوە و گەنجان خاوەنی قۆناغی داهاتوون

:: PM:07:44:22/11/2020 ‌

تا ئێستە هێزە سیاسییەكانی عێراق گرەو لەسەر كات دەكەن بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەی خۆپێشاندانەكانی 2019، دوای گۆڕانی سەرۆكی ئەمەریكا، ئەوان دەیانەوێ دۆخی عێراق بەوشێوەیە بگۆڕن كە باڵادەستیی ئەوان بمێنێتەوە، شرۆڤەكارێكی سیاسی داوا لە خۆپێشاندەران دەكا خەباتیان بۆ سندووقەكانی دەنگدان بگوازنەوە. 
چەند لایەنێكی سیاسی دەیانەوێ دوژمنی خەیاڵی بۆخۆیان دروست بكەن بۆ هەڵخەڵەتاندنی گەل
ماهر عەبد جۆدە، شرۆڤەكاری سیاسی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، لە دوای یەكی تشرینی یەكەمی 2019، واتە دوای راپەڕینی جەماوەری تشرین، هاوكێشەكە و نەخشەی سیاسی لە عێراق گۆڕانكاری بەسەردا هات، هەندێك لایەنی سیاسی بوون و مانەوەیان لەسەر تایفیەت و شۆڤینیەت و رەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستی بنیات نراوە، بەڵام هەموو ئەوانە بەرانبەر بە گەلێكی راپەڕیو، رەوییەوە كە ئەوان دروشمی "وڵاتمان دەوێت"، بەرز كردبووەوە.  

زیاتر گوتی، ئەمڕۆ میزاجی شەقامی عێراق میزاجێكی نیشتمانییە، ئەوان پشتیان لە تایفەیی و نەتەوەپەرستی كردووە، بەڵام چەند لایەنێكی سیاسی هەن دەیانەوێ دوژمنێكی خەیاڵی بۆخۆیان دروست بكەن بۆ هەڵخەڵەتاندنی گەل، پێشتر بە چەند ناونیشانێك گەلی عێراقیان هەڵدەخەڵەتاند، وەك سوننە و شیعە و هیتریش، بەڵام ئەوانە كۆتاییان هات و گەلی عێراق وازی لەوانە هێناوە.

ئەو شرۆڤەكارە روونی كردەوە، ئێستە گەنجان لە گۆڕەپانەكە ئامادەن، بۆیە لێرەوە داوا لە خۆپێشاندەران دەكەم، بۆ گۆڕەپانی هەڵبژاردن بڕۆن باشترە لە گۆڕەپانی خۆپێشاندان، چونكە لە رێگەی هەڵبژاردن دەتوانن هاوكێشەكە بگۆڕن و ئەو هێزە سیاسیانە شەرمەزار بكەن، ئەگەرچی تەواوی دنیا دەستبەرداری عێراق و گەلەكەی بوو.

جۆدە روونی كردەوە، دنیا یارمەتی وڵاتانی تر دەدات، كەچی لە عێراق ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی نقووم دەكەن، بەڵێ عێراقییەكان هۆشیار بوونە و گەنجان بوونەتە خاوەنی قۆناغی داهاتوو و چاویان لە گەیشتنە بە پۆستەكان، ئەگەر راپەڕینی ئەوان نەبووایە، مستەفا كازمی و كۆمەڵەكەی لە حكوومەت نەدەبوون، بۆیە خۆپێشاندانەكان كاریگەریان هەبوو، ئێستەیش داوایان لێ دەكەین بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن و لەسەر سندووقی دەنگدان ئامادەبوونیان هەبێت، بۆیە ئەو قۆناغە كاتییە و دیموكراسییەت لە عێراق هەر پێ دەگات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل