لەوكاتەی ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە 59 ملیۆن و مردنیش لە ملیۆنێك و 395 هەزار تێپەڕی كردووە و تا ئێستەیش بڵاوبوونەوە لە چەندان ناوچەی دنیا روو لە زیادبوونە، هەواڵی كاریگەری و سەركەوتنی تاقیكردنەوەكانی سێیەم قۆناغی دۆزینەوەی ڤاكسین دژ بەو ڤایرۆسە، تەواوی هەواڵی میدیاكانی دنیایان تەنیوەتەوە، ئێستە باس باسی وادەی پێدانی ڤاكسین و خۆسازدانە بۆ قۆناغێكی نوێی زاڵبوون بەسەر ئەو ڤایرۆسەی نزیكەی ساڵێكە گەورەترین زیانی گیانی و ئابووری لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی داوە.
ناوەڕاستی مانگی داهاتوو یەكەم قۆناغی سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا دەست پێ دەكات
دوای ئەوەی لە ماوەی دواییدا هەرسێ كۆمپانیای
فایزەر و بیۆنتیك و مۆدێرنا، سەركەوتنی سێیەم قۆناغی تاقیكردنەوەكانی خۆیان بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا راگەیاند و رێكخراوی تەندروستی جیهانی دووپاتی لە سەركەوتنەكان كردەوە و بەڕێوەبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكایش بە نیازە لە 10ی مانگی داهاتوو تاوتوێی مۆڵەتدان بە ڤاكسینەكەی فایزەر و بیۆنتیك بكات، چاوەڕوان دەكرێت لە 11 و 12ی مانگی داهاتوو یەكەم ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بۆ بەكارهێنان بخرێتە روو، بەوەیش دەبێتە یەكەم هەنگاوی كردەنی سەركەوتن بەسەر ڤایرۆسەكە.
ئێستە دەیان كۆمپانیای تر جگە لەوانەی سەرەوە، لەوانەیش زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی و رووسیا و چین و فڕەنسا و ئوسترالیا و هیندستان و هیتریش، هەرهەموویان لەكێبەركێن لەگەڵ كات بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسین، لەو ناوەدا چوار دەوڵەت پلانی خۆیان بۆ دەست پێكردنی بەرنامەی پێدانی ڤاكسین بە هاووڵاتییانیان راگەیاند، ئەوان بەهیوای ئەوەن تا ئایاری ساڵی داهاتوو ژیان ئاسایی بكەنەوە، لەو وڵاتانەیش ئەمەریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیان، كاتێك لە مانگی داهاتووەوە دەست بە پێدانی ڤاكسین بە هاووڵاتییانیان دەكەن.
د مونسف سیلاوی، سەرۆكی تیمی ئەمەریكی تایبەت بە پەرەپێدانی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا گوتی، رەنگە لە ئایاری 2021 ژیان ئاسایی ببێتەوە، كاتێك لایەنی پێوەندیدار بەمنزیكانە رەزامەندی لەسەر بەكارهێنانی یەكەم ڤاكسین دەدەن، ئەوەیش مانای وایە رەنگە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دەست بە پێدانی ڤاكسین بە هاووڵاتییانی ئەمەریكا بكرێت، بەشێوەیەك تا ئایاری داهاتوو ژمارەی پێویستی ئەمەریكییەكان وەری بگرن.
لە بەریتانیا سەرچاوەكانی حكوومەتی ئەو وڵاتە ئاماژەیان كرد كە بە دەستەی تەندروستی نیشتمانی بەریتانی راگەندراوە بەوەی ئامادە بێت بۆ بەڕێوەبەردنی بەرنامەیەكی پێدانی ڤاكسین لە سەرەتای كانوونی یەكەمی داهاتوودا، ئەگەرچی وەزارەتی تەندروستی بەریتانیا رەتی كردەوە زانیاری لەوبارەوە بدات، كە پێشتر بەریتانیا داوای 40 ملیۆن ژەمی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنای لە كۆمپانیای فایزەر كردبوو و پێشبینی دەكرێ تا كۆتایی ئەمساڵ 10 ملیۆن ژەمی دەست بكەوێ كە بەشی پاراستنی پێنج ملیۆن كەس دەكات، هاوكات دوای راگەیاندنی سەركەوتنی ئەنجامی ڤاكسینەكەی ئسترازینیكا و زانكۆی ئۆكسفۆرد، چاوەڕوان دەكرێ ئەویش لە مانگی داهاتوو ڤاكسینەكە بۆ زیاترین هاووڵاتیی بەریتانیا دابین بكات.
هاوكات ینس سبان، وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی لە كانوونی یەكەمی داهاتوو دەست بە پێدانی ڤاكسین بە هاووڵاتییانی ئەڵمانیا دەكات، روونی كردەوە، گەشبینییەك هەیە بەوەی لە ماوەی ئەمساڵدا رەزامەندی لەسەر چەند ڤاكسینێك بدرێ لە ئەوروپا و دوای ئەوە راستەوخۆ دەست بە پێدانی ڤاكسین دەكەین، بۆیە داوا لە هەموو ویلایەتەكان دەكەین تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو بۆ پێدانی ڤاكسین ئامادە بن، ئەڵمانیا زیاتر لە 300 ملیۆن ژەمی دەست كەوتووە.
لای خۆیەوە پیدرۆ سانشیز، سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی لە كانوونی دووەم، واتە سەرەتای ساڵی داهاتوو دەست بە بەرنامەیەكی فرەوان دەكات بۆ پێدانی ڤاكسین دژ بە كۆرۆنا و پێشبینی دەكرێ لە ماوەی شەش مانگدا ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی ئەو وڵاتە بگرێتەوە، لەوكاتەی ئیسپانیا پلانی هەیە لە یەكەم سێ مانگی 2021 چواریەكی دانیشتوانی بەو ڤاكسینە بكوتێت.
ئەمڕۆ دووشەم تاقیكەی ئەسترازینیكای بەرتانی رای گەیاند كە ئەو ڤاكسینەی بە هاوكاری زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی پەرەی پێ دەدات، بە رێژەی 70% كاریگەرە بۆ پاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوەیش دوای تاقیكردنەوەكان لە بەریتانیا و بەرازیل، ئەندرۆ بۆلارد، توێژەر لەو تاقیگەیە دەڵێت، دەركەوت ئەگەر لە بری دوو ژەمی تەواوی ڤاكسینەكە، نیو ژەم و دوای ئەوە ژەمێكی تەواو بە كەسەكان بدرێت، رێژەی پارێزی بۆ 90% بەرز دەبێتەوە، ئەوە لەوكاتەی كاریگەری هەردوو ڤاكسینی فایزەر/بایۆنتیك و مۆدێرنا بە رێژەی 90% و 95% بووە.
بەپێی پۆلێنی سەركەوتوویی ڤاكسینەكان تا ئێستە، ڤاكسینی فایزەر/ بیۆنتیك دژ بە كۆرۆنا سەركەوتووترینە لە سێیەم قۆناغی تاقیكردنەوەكان، كاتێك دەركەوت كاریگەریی ڤاكسینەكە بۆ كەسانی سەرووی تەمەنی 65 ساڵ 94%یە ئەوەیش لای شارەزایان زۆر گرنگ بوو، دوای ئەوەی ڤاكسینی كۆمپانیای مۆدێرنا دێ كە كاریگەرییەكەی بە رێژەی 94.5%یە و دوای ئەوانیش ڤاكسینەكەی زانكۆی ئۆكسفۆرد دێت، لەوكاتەی ئەوەی گرنگە دەبێت هەر ڤاكسینێك دوو مەرجی سەرەكی تیادا بێتە دی، ئەوانیش كاریگەری دژ بە ڤایرۆسەكە و سەلامەتی بەكارهێنانە.