نرخى زێڕ 46 دۆلار دابه‌زى

:: AM:09:51:24/11/2020 ‌

 

 لەماوەی 24 سەعاتی ڕابردوودا نرخی زێڕ لە بازارەكانی جیهاندا بە شێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە دابەزین كرد و نرخەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو هاتووەتە خوارەوه،‌ زێڕەنگرێكی شاری هەولێریش ڕای دەگەیەنێت: ئێمە پێشبینیمان كردبوو زیاتر بەرزبێتەوە نەك وەك ئەمڕۆ 46 دۆلاری ئەمەریكی بۆ هەر ئۆنسێك دابەزێت.

ئەمڕۆ سێشەم  24ی تشرینی دووەم، دیار فەرهاد باڵەكی بریكاری زێرەنگری سەرباز بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ نرخی زێڕ بە شێوەیەكی بەچاو ڕووی لە دابەزین كردووە.

زیاتر گوتی، "نرخی هەر مسقاڵێك زێڕی عەیار 18 بە 274 هەزار دیناری عێراقییە و عەیاری 21 بە 320 هەزار دیناری عێراقییە و عەیاری 22 بە 335 هەزار دیناری عێراقییە، هەروەها عەیاری 24 بە 366 هەزار دیناری عێراقییە".

ئاشكرای كرد، یەك لیرەی ڕەشادی عەیار 21 بە 460 هەزار دیناری عێراقییە، شایەنی باسە لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردووەوە هەشت هەزار دینار لە مسقاڵێكی زێڕ دابەزیووە، بەشێوەیەك ئۆنسی زێڕ دوێنێ 23ی تشرینی دووەم بە 1874 دۆلاری ئەمەریكی بوو ئەمڕۆ بووە بە 1828 دۆلاری ئەمەریكی واتا 46 دۆلاری ئەمەریكی لە كۆی گشتی دابەزیووە.

ڕوونی كردەوه،‌ هۆكاری دابەزینی خێرای نرخی زێڕ تەنیا پێوەندیی بە دۆزینەوە و سەركەوتنەكانی‌ ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هەیە، بۆیە لە ئێستەدا هیچ پێشبینییەك ناكەین.

پێویسته‌ بگوترێ له‌ ئابی ئه‌مساڵ به‌های هه‌ر ئۆنسێك زێڕ بۆ دوو هه‌زار و 80 دۆلار هه‌ڵكشابوو كه‌ به‌ به‌رزترین نرخ له‌ مێژووی ئه‌و كانزایه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت.

 



وشە - محەمەد میران