گه‌نمێكی به‌رهه‌مهێنراوی زانكۆی سلێمانی پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا

:: PM:05:36:25/11/2020 ‌
 له‌ ناو 27 توێژینه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌شت وڵاتی عه‌ره‌بی به‌ڕێوه‌چووه‌، له‌ بواری دیاركردنی‌ باشترین جۆری گه‌نم، كۆمكاری عه‌ره‌بی گه‌نمی جۆری "مه‌عرووف"ی به‌ باشترین جۆری گه‌نم دیار كرد كه‌ له‌ لایه‌ن كۆلێژی زانسته‌ كشتوكاڵییه‌كانی زانكۆ سلێمانی به‌رهه‌مهێنراوه‌.

ئه‌و كۆمكاره‌ خه‌ڵاتی ئاسایشی خۆراكی بۆ ساڵی 2018 به‌خشیوه‌ته‌ گه‌نمی مه‌عرووف، كه‌ ته‌رزێكی نوێی گه‌نمه‌ و له‌ سلێمانی به‌رهه‌مهێنراوه‌، ئه‌و جۆره‌ گه‌نمه‌ به‌رهه‌می زۆره‌ و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌مێنێته‌وه‌.

توانیمان باشترین گه‌نم له‌ سه‌ر ئاستی هه‌شت وڵاتی عه‌ره‌بی به‌رهه‌مبهێنین
عیماد مه‌عرووف كه‌ داهێنه‌ری ته‌رزی گه‌نمی مه‌عرووفه‌ به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، ته‌رزه‌ نوێیه‌كه‌مان له‌ ماوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی  بازرگانی عێراق دانی پێدانراوه‌ و ئه‌و جۆره‌ به‌رهه‌مێكی باشی هه‌یه‌ و له‌ توانای هه‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر بمێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ش دوو هۆكاری باشن بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نمه‌كه‌ سه‌ركه‌وتووبێت.

روونیشی‌ كرده‌وه‌، له‌ ناو 27 توێژینه‌وه‌ كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ "عومان و جه‌زائیر و سووریا و میسر و عێراق و سوودان و ئووردن و فه‌ڵه‌ستین" به‌شدارییان كردووه‌ كه‌ له‌ جه‌زائیر ئه‌و كۆنفراسه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌ بۆ باشترین جۆری گه‌نم، گه‌نمی مه‌عرووف كه‌ به‌رهه‌مهێنانی كۆلێژی زانسته‌ كشتوكاڵییه‌كانی زانكۆی سلێمانییه‌ توانی پله‌ی یه‌كه‌م وه‌ك باشترین جۆری گه‌نم به‌ ده‌ست بهێنێت.

لای‌ خۆیه‌وه‌ ره‌زا حه‌سه‌ن سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، "توانیمان باشترین گه‌نم له‌ سه‌ر ئاستی هه‌شت وڵاتی عه‌ره‌بی به‌رهه‌مبهێنین و له‌ ماوه‌ی رابردووشدا له‌ چوار به‌رهه‌می تر ئه‌نجامی باشمان به‌ده‌ستهێناوه‌ و كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سلێمانی كه‌ د. عیماد سه‌رپه‌رشتی كردووه‌ به‌رهه‌می باشیان هه‌بووه‌".

سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم

ئه‌م بابه‌ته 129 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌