هه‌ر كۆمپانییه‌كی‌ گه‌شیاری‌ ده‌بێت ملیۆنێك دینار بدات

:: PM:04:22:26/11/2020 ‌
كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانی سلێمانی له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی گه‌ره‌نتی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كێشه‌یان بۆ دروستكراوه‌ و داوای پاره‌ی چوار مانگی گه‌ره‌نتییان لێ كراوه‌ كه‌ بۆ هه‌ر كۆمپانیاییه‌ك نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن دیناره‌.

كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانی هه‌ولێر به‌ نووسراوی فه‌رمی فڕۆكه‌خانه‌ و گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر لێخۆشبوونییان بۆ كراوه‌ له‌ پاره‌ی ئه‌و چوار مانگه‌ی فه‌رمانگه‌ی گه‌ره‌نتی، به‌ڵام كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانی سلێمانی به‌ هه‌مان نووسراوی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی و گه‌شتوگوزار ئه‌و لێخۆشبوونه‌یان بۆ نه‌كراوه‌ و داوایان لێكراوه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بده‌ن.

عه‌تا ئه‌نوه‌ر، سه‌رپه‌رشتیاری كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانی سلێمانی، به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، له‌ به‌رواری یه‌كی نیسان تا یه‌كی ئاب، ئه‌و ماوه‌یه‌ كه‌ هیچ گه‌شتیارێكی بیانی له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانی تر به‌هۆی بڵاووبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆنا و رێكاره‌ خۆپارێزییه‌كان، كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كان له‌و چوار مانگه‌ هیچ كارێكییان نه‌بووه‌ و به‌شێكیان كۆمپانیاكانیان داخستووه‌، چونكه‌ كۆمپانیاكان راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ گه‌شتیار مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن.

روونیشی‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ كارێك نه‌كراوه‌، هه‌ندێك له‌ كۆمپانیاكان زیانیشیان به‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام فه‌رمانگه‌ی گه‌ره‌نتی سلێمانی داوایكردووه‌ كۆمپانیاكان پاره‌ی ئه‌و چوارمانگه‌ی گه‌ره‌نتی كارمه‌نده‌كان بده‌ن، له‌ كاتێكدا كۆمپانیاكان نووسراوی فه‌رمی فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی و گه‌شتوگوزاری سلێمانییان بۆ كراوه‌ گه‌ له‌و ماوه‌یه‌ گه‌شتیار نه‌هاتووه‌ و كاره‌كانیان راگیراوه‌.

هه‌روه‌ك دووپاتی‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و فه‌مانگه‌یه‌ ده‌یه‌وێ‌ له‌و ماوه‌یه‌یش كه‌ كارمان نه‌بووه‌ ئه‌ركی سه‌رشانمان زیاتر قورس بكات و تووشی زیانی زیاترمان بكات، به‌و پێیه‌ ده‌بێت هه‌ر كۆمپانیایه‌ك نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن دینار بداته‌ فه‌رمانگه‌كه‌.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ كۆمپانیا گه‌شیارییه‌كانی هه‌ولێر باسی له‌وه‌كرد، كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانی هه‌ولێر به‌ نووسراوی فه‌رمی فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و گه‌شتوگوزاری شاره‌كه‌ كه‌ ئاراسته‌ی فه‌رمانگه‌ی گه‌ره‌نتی شاره‌كه‌یان كردووه‌، لێخۆشبوونیان بۆ كراوه‌ بۆ ئه‌و چوار مانگه‌ و هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كییان لێ وه‌رنه‌گیراوه‌.


سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم

ئه‌م بابه‌ته 319 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌