گازى سروشتى هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێته‌ قوناغێكى به‌هێزى ئابوورى

:: AM:10:13:27/11/2020 ‌
هه‌رێمى كوردستان سه‌رچاوه‌یه‌كى ترى داهاتى له‌ ته‌واوبووندایه‌ و له‌ ساڵى داهاتووه‌وه‌ ئاستى داهاتى هه‌رێمى كوردستان به‌ نه‌وت و گازى سروشتى ده‌گاته‌ قۆناغێكى نوێ و هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووى ئابوورییه‌وه‌ ده‌گاته‌ قۆناغێكى نوێ و سه‌رۆكى لقى سلێمانى ئابووریناسانى كوردستانیش ده‌ڵێت، هه‌مه‌چه‌شنكردنى داهات سوودى زۆرى بۆ هه‌رێم ده‌بێت.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 27ى تشرینى دووه‌م، نه‌وزاد شێخ كامیل، سه‌رۆكى لقى سلێمانى ئابووریناسانى كوردستانى به‌ "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌رهه‌مهێنانى گازى سروشتى ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌سه‌رچاوه‌كانى داهات بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌پاڵ نه‌وتیشدا گازى سروشتى ده‌فڕۆشرێت و هه‌نارده‌ ده‌كرێت كه‌ كوردستان ده‌بێته‌ خاوه‌نى دوو سه‌رچاوه‌ى داهات كه‌ له‌ ڕووى ئابووریه‌وه‌ گرنگ ده‌بێت.

زیاتر گوتى، گازى سروشتى وه‌ك نه‌وت نییه‌، ئێسته‌ زۆرێك له‌ وڵاتان كاریان به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت و فڕۆشتنه‌، گازى سروشتی یه‌كێك له‌و مادانه‌ى كه‌ كڕیارى باشى هه‌یه‌ و زۆرێك له‌ وڵاتان كێشه‌ى ئه‌و گازه‌یان هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌م كڕیار و هه‌میش پاره‌ى باش ده‌كات.

ڕوونى كرده‌وه‌، بۆ هه‌رێمى كوردستان زۆر گرنگه‌ له‌ سه‌ره‌تادا كار بۆ دۆزینه‌وه‌ به‌ بازاڕكردنى بكات و به‌هۆى عێراقه‌وه‌ تووشى گرفت نه‌بێت، كاره‌كه‌ ئابووریانه‌ بێت و هه‌رێم تووشى زیان نه‌بێت، ئه‌گه‌ر عێراق سكاڵا بكات و ڕێ‌ نه‌دات هه‌رێم گاز بفرۆشرێت تووشى كێشه‌ ده‌بینه‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نرێته‌ ئه‌وپه‌ڕى ئابوورى به‌هێز و داهاتێكى باشى ده‌بێت.

ئاشكراى كرد، به‌شێك له‌و پاره‌ى كه‌ له‌ گازى سروشتى ده‌ستى ده‌كه‌وێت ده‌توانێت ژێرخانى ئابوورى بگه‌یه‌نێته‌ قۆناغى نوێ، هه‌رێمى كوردستان پێویستى به‌ ژێرخانى ئابوورى هه‌یه‌ چونكه‌ به‌و داهاته‌ ده‌توانى له‌بوارى تر سه‌رچاوه‌ى داهات زیاد بكه‌ى به‌ تایبه‌تى كشتوكاڵ.

به‌رده‌وامی وه‌به‌رهێنان و لێدانی بیره‌ نه‌وتی زیاتر له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له‌ ته‌ك ئه‌وه‌یش په‌ره‌پێدانی به‌رهه‌مهێنانی گازی سروشتی و پلاندانان بۆ هاورده‌كردنی بۆ ده‌ره‌وه‌، به‌ ئاماژه‌ی دڵخۆشكه‌ر داده‌نرێن، بۆ زیاتركردنی داهاتی كوردستان له‌ ڕێی فرۆشتنی نه‌وت و گازه‌وه‌، كه‌ سه‌ره‌نجام ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌ ته‌نگژه‌ی دارایی بێت و دووباره‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌وێته‌وه‌ سه‌ر ڕێچكه‌ی پێشكه‌وتن و ببێته‌ خاوه‌ن ئابوورییه‌كی به‌هێز له‌ ناوچه‌كه‌.

سلێمانى/ هۆشیار عه‌لى


وشە - محەمەد میران

ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌