وەزیری تەندروستی: تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا کەمی کردووە

فۆتۆ/ زریان تەها
:: PM:12:07:28/11/2020 ‌
وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەواڵە خۆشەكەی لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، ئەویش كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووانە.

ئەمڕۆ شەموو 28ـی تشرینی دووەم، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ژمارەی تووشبووان و گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا كەم بووەتەوە.

پێویستە ئێستە زیاتر بەرەنگاری ڤایرۆسەكە ببینەوە و پابەندی ڕێنوێنییەكان بین 
وەزیری تەندروستی گوتی، پێویستە ئێستە زیاتر بەرەنگاری ڤایرۆسەكە ببینەوە و پابەندی ڕێنوێنییەكان بین و خۆمان بپارێزین تا جارێكی تر ژمارەی تووشبووان بەرز نەبێتەوە.

باسی لەوەش كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵی لە ڕابردوو و ئێستەیش پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییانە و بە چەندان شێوە هەوڵەكان چڕ كراونەتەوە.

ئەو گوتانەی وەزیری تەندروستی لە كاتی كردنەوەی سەنتەرێكی ڕاوێژكاری منداڵان بوو لەناو نەخۆشخانەی لە دایكبوونی هەولێر ئەمڕۆ كرایەوە.

ئامانج لە كردنەوەی ئەو سەنتەرە پێدانی رێنوێنییە بە دایكان لەسەر چۆنیەتی ئاگەداربوون لە تەندروستی منداڵەكانیان و چاودێریكردنیان تا تەمەنێكی دیاریكراو.



وشە - رامیار جەواد