شرۆڤەكارانی ئێران داوا لە دەسەڵاتدارانیان دەكەن پەلكێشی جەنگ نەكرێن

:: AM:11:12:29/11/2020 ‌
هەرچەندە بەرپرسانی ئێران یەك لە دوای یەك باسی تۆڵەی خوێنی موحسین فەخریزادە زانا ئەتۆمییەكەیان دەكەن، بەڵام شرۆڤەكاران و چاودێرانی سیاسیی ئەو وڵاتە پێیان وایە ئێران نابێت ئێستە تۆڵە بكاتەوە، چونكە ئامانجی ئەمەریكا و ئیسرائیل ئەوەیە بیكێشنە ناو جەنگێكەوە و دووكەڵی ئەو جەنگەش تەنیا دەچێتە چاوی خەڵكی ئێران و حكوومەتی ئێران زۆر لاواز دەكات.

حكوومەتی ئێران كە پێشتر حاشای لەوە دەكرد تەقینەوەی وێستگەی ناوكیی نەتەنز كێشەیەكی تەكنیكی بێت و هیچ دەستێكی دەرەكی لە پشتەوە نەبێت، ئێستە بە فەرمی دەڵێت ئەم تەقینەوەیە و رووداوی كوشتنی زانا ئەتۆمییەكەیان لە تاران پێوەندییان بە یەكەوە هەیە .

ئەوانەی تەقینەوەی نەتەنزیان ئەنجام دا، هەر ئەوانەش موحسین فەخریزادەیان كوشت
بەهرۆز كەمالوەندی گوتەبێژی ئاژانسی ناوكیی ئێران گوتوویەتی، ئەوانەی تەقینەوەی نەتەنزیان ئەنجام دا، هەر ئەوانەش موحسین فەخریزادەیان كوشت و هەڕەشەی ئەوەشی كردووە وەڵامێكی توندیان بۆ ئەو هێرشانە دەبێت.

زاناكەی ئێران لە كاتێكدا كوژراوە كە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوكیی لەگەڵ ئێران لە دانوستاندایە بۆ ئەوەی رێی پێ بدرێت چاودێری و پشكنینی بنكە ناوكییەكانی ئێران بكات. كەمالوەندی گوتوویەتی رێدان بە چاودێرە نێودەوڵەتییەكان لە دەسەڵاتی بەرپرسە باڵاكانی ئێراندایە و ناتوانێ هیچ قسەیەكی لەسەر بكات.

پێ دەچیت ئیسرائیل لە پشتەوەی هەردوو رووداوەكە بێت.
ئەو بەرپرسەی ئێرانیش هاوشێوەی وەزیری دەرەوەی ئێران ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار كردووە و گوتوویەتی، پێ دەچیت ئیسرائیل لە پشتەوەی هەردوو رووداوەكە بێت.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، گوتەبێژی ئاژانسی ناوكیی ئێران ئاماژەی بە هۆكاری كوشتنی فەخریزادە كردووە و گوتوویەتی، ئەو لە بواری فیزیای ناوكیی خوێندنی تەواو كرد و دواتر لە توێژینەوەكانی تایبەت بە پیشەسازی بەرگری هاوكاری وەزارەتی بەرگری دەكرد، كێشە لەوەدایە میدیاكانی رۆژئاوا بۆ ئەوەی قەبارەی دۆسیەی ناوكیی ئێران گەورەتر بكەنەوە، بەردەوام ئاماژەیان بە ناوی موحسین فەخریزادە دەكرد و بنیامین نەتەنیاهۆش لە كاتی خستنەڕووی بەڵگەنامەكان، ئاماژەی بە ناوی فەخریزادە كرد لە كاتێكدا ئێران هیچ كاتێك بە تەمای بەرهەمهێنانی چەكی ناوكی نەبووە.

مەبەستی گوتەبێژی ئاژانسی ناوكیی ئێران بۆ ئەو وتارەیە بنیامین نەتەنیاهۆ لە ساڵی 2018 پێشكەشی كرد و تێیدا ئاماژەی بە چالاكییە ناوكییەكانی ئێران لەسەر دەستی موحسین فەخریزادە لە ساڵی 2003 كرد.
عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران داوای تۆڵەسەندنەوەی كرد.

جگە لەم بەرپرسەی ئێران، دوێنێ شەمووش عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران داوای تۆڵەسەندنەوەی كرد. دوای ئەو هەڕەشەیەی خامنەیی دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە ئێران كرد ئەگەر یەك سەربازیشی زیانی پێ بگات و بزانێ ئێران لە پشتەوەی بووە، ئەوا وەڵامێكی زۆر توندی دەبێت.

هەر دوێنێ باڵوێزخانەكانی ئیسرائیلیش لە تەواوی وڵاتانی دنیا ئامادەباشییان راگەیاند لە ئەگەری هەر هێرشێك لە لایەن ئێران بكرێتە سەریان.

زۆر لە لێكۆڵەرەوان و چاودێرانی سیاسی پێشبینی دەكەن ئەو هەڕەشانەی لە لایەن ئێرانەوە دەكرێن، لەوانەیە لە ناوچەكە جەنگێكی بەدواوە بێت. ئەوان گوتوویانە دەبێت ئێران لەمبارەیەوە زۆر ددان بە خۆیدا بگرێت، ئەگەرنا تووشی كێشەیەكی گەورە دەبێت كە هەرگیز ناتوانێ لێی دەرباز ببێت.

گەندەڵیی ناو سیستمی سیاسیی ئێران، وایكردووە دزە بكرێتە ناو دەزگا تەناهییەكانی
هەروەها لە ناوخۆی ئێران ئەو تێڕوانینە لە لایەن چاودێران زۆر بەهێزە و پێیان وایە گەندەڵیی ناو سیستمی سیاسیی ئێران، وایكردووە دزە بكرێتە ناو دەزگا تەناهییەكانی و دەبێت هەر لە ناوخۆش چارەسەر بكرێت نەك بە هەڵگیرساندنی جەنگ هێندەی تر  ژیانی خەڵك بخەنە مەترسییەوە.

عەلی موتەهەری نوێنەری پێشووی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، ئێستە تۆڵەسەندنەوە هەڵەیەكی گەورەیە و دەبێت بۆ كاتێكی تر هەڵبگیرێت و ئامانج لە كوشتنی فەخریزادە ئەوەیە هەموو دەرگاكانی گفتوگۆی نێوان ئەمەریكا و ئێران دابخرێن و لە سەردەمی بایدنیش هیچ دانوستانێك روو نەدات.

لە لایەكی ترەوە كازم عەلەمداری مامۆستای كۆمەڵناسی لە زانكۆ و شرۆڤەكاری سیاسی گوتوویەتی، ئێران پیتاندنی یورانیۆمی 12 هێندە زیاد كردووە و ئەوەش بەو واتایە دێت ئیتر ئەمەریكاش بەو ئەنجامە گەیشتووە سزاكان هیچ كاریگەرییەكیان نەبووە، بۆیەش ئێستە بیر لە بژاردەی تر دەكەنەوە و دامەزراوە ناوكییەكانی ئێران دەكەنە ئامانج. وەك چۆن لە ساڵی 1981 دامەزراوە ناوكییەكانی عێراق لە ناو بران و لە ساڵی 2007یش هەمان كار لە سووریا كرا.

هێنانی فڕۆكەی B52 و كەشتیی فڕۆكەهەڵگر بۆ ناوچەكە، رەنگە بە واتای ئەوە بێت ئەوان دەیانەوێ جەنگێك دژی ئێران بەرپا بكەن
هێنانی فڕۆكەی B52 و گواستنەوەی كەشتیی فڕۆكەهەڵگر بۆ ناوچەكە، رەنگە بە واتای ئەوە بێت ئەوان دەیانەوێ جەنگێك دژی ئێران بەرپا بكەن و بە بۆچوونی ئەو شرۆڤەكارەش ئەگەر ئێران بچێتە ناو جەنگەوە، ئەوا دووكەڵەكەی دەچێتە چاوی خەڵكەكەی خۆیەوە و ئێرانیش چیتر ئەو هێز و توانایەی نامێنێت كە ئێستە هەیەتی.

سابیر گول عەنبەری كە شرۆڤەكارێكی تری سیاسییە پێی وایە، كاتێك ئیمارات بڕیاری دا پێدانی ڤیزا بە خەڵكی 13 وڵات هەڵپەسێرێت، ئاگاداری ئەو جۆرە هێرشە بوون و ویستوویانە هەرزوو رێوشوێنی تەناهی بگرنەبەر و پێشبینییان كردووە لەوانەیە ئێران لە ئیماراتەوە دژی ئیسرائیل هەڵوێستی هەبێت.



وشە - سلێمان تاشان