پزیشكێكی پسپۆڕ بێ بەرانبەر چارەسەری نەخۆش دەكات

:: PM:01:57:29/11/2020 ‌
ئەم رۆژانە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاو بووەتەوە و زیاتر لە هەموو كاتێك بازاڕی پزیشك و دەرمان و پشكنین گەرم بووە، ئەمەش بووەتە دەرفەتێكی باش بۆ پزیشكان و كەرتی تەندروستی تا گیرفانی خۆیان پڕ بكەن، كەچی پزیشكێك ئامادەیە بێ بەرانبەر نەخۆشەكانی چارەسەر بكات و تەنانەت پارەی دەرمان و پشكنینشیان بۆ بدات.

دكتۆر سۆران  محەمەد غەریب پسپۆڕی هەناو و ڕۆماتیزم، لە زانكۆی تێكسیلای ئەمەریكا ماستەری لە بواری هەناودا بەدەست هێناوە و لە زانكۆی سلێمانیش لە بواری رۆماتیزم و بڕبڕە ماستەری وەرگرتووە.

لە توانا و پسپۆڕییەكەی و تەنانەت گیرفانی خۆیشی بۆ خزمەتی خەڵك بەكار دەهێنێت
ئەو پزیشكە بە پێچەوانەی زۆر لە پزیشكان كە دۆخەكەیان لە قازانجی گیرفانیان قۆستووەتەوە، لە توانا و پسپۆڕییەكەی و تەنانەت گیرفانی خۆیشی بۆ خزمەتی خەڵك بەكار دەهێنێت و رەچاوی دۆخی خراپی دارایی خەڵكی كردووە.

ئەو بۆ "وشە" گوتی، هەر كەسێك توانای چوونە نۆرینگەی پزیشكی نییە، ئەوا ئەوان بێ بەرانبەر سەیری نەخۆش دەكەن و ئەگەر نەخۆشەكە پارەی دەرمان و پشكنینی نەبوو، ئەوا ئەویشی بۆ دابین دەكەن.

دكتور سۆران چارەسەری نەخۆشییەكانی بڕبڕە، سەوەفان، ڕۆماتیزم، پاڵەپەستۆی خوێن، شەكرە، گرێكان، چەوری خوێن كەمخوێنی و كێشەكانی گەدە و ریخۆڵە دەكات و نۆرینگەكەی لە شەقامی ئیبراهیم پاشای سلێمانی لە تەلاری سه ردەم هەڵكەوتووە.

سێ ساڵە نرخی بینینی نەخۆشی بۆ پێنج هەزار دینار دابەزاندووە
وەك زیاتر خستیەڕوو سێ ساڵە نرخی بینینی نەخۆشی بۆ پێنج هەزار دینار دابەزاندووە، هەرچەندە زۆر لە هاوكارەكانی داوایان لێی كردووە ئەویش نرخەكە بۆ 15 هەزار دینار بەرز بكاتەوە، بەڵام قبووڵی نەكردووە.

ئەو دەڵێ نەخۆش ناچار ناكات لە كوێ دەرمان دەكڕێت یان لە كوێ پشكنین بۆ نەخۆشییەكەی دەكات، ئەوانەی كەمدەرامەتن ئەوا هیچ بڕە پارەیەكیان لێ ناستێنێت.

لەبارەی یارمەتیدانی رێكخراوەكان و خەڵكی خۆبەخش بۆ ئەو مەبەستە پزیشكەكە ئاماژەی دا، پێوەندیی لەگەڵ هەندێك دەرمانخانە و تاقیگە هەیە كە ئەوانیش ئۆفەری بێ بەرانبەریان پێ داوە و داوایان كردووە ئەو نەخۆشانەی توانای داراییان باش نییە، پێیانی بناسێنێت.

هەرچەندە پزیشكی تریش لە كوردستان هەن كە بێ بەرانبەر چارەسەری نەخۆش دەكەن، بەڵام ئەوانە ژمارەیان زۆر كەمە و دۆخی كوردستانیش ئەوە دەخوازێت نموونەی ئەم جۆرە كەسانە زۆر بێت و بەم هۆیەوە باری گرانی هاووڵاتییان بە تایبەتی لە كاتی تووشبوون بە نەخۆشی سووكتر ببێتەوە.

نەخۆشخانەكان و نۆرینگەكانی پزیشكی و تەنانەت بەردەم نووسینگەی یاریدەدەرە پزیشكییەكان زۆر قەرەباڵغ بووە
پێویستە بگوترێ لەوەتەی كۆرۆنا سەری هەڵداوە، نەخۆشخانەكان و نۆرینگەكانی پزیشكی و تەنانەت بەردەم نووسینگەی یاریدەدەرە پزیشكییەكان زۆر قەرەباڵغ بووە، بازاڕگەرمیی ئەو كەرتە وایكردووە نووسینگە پزیشكییەكان و تاقیگەكان بە خێرایی پەرە بستێنن و جگە لە پەرەی كۆمەڵگە پزیشكییەكان، تەنانەت لە گەڕەك و كۆڵانەكانیش شوێنی نوێ بكرێنەوە.

زۆر لە پزیشكان جگە لە نووسینگەكانیان بەشێوەی سەردانیش كار دەكەن و بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، بۆ هەر جارێك بینینی نەخۆش لە ماڵەوە 100 دۆلار وەردەگرن.

ئەحمەد محەمەد كە ماوەیەك لەمەوبەر باوكی بە سەختی تووشی كۆرۆنا بووبوو، بۆ "وشە" گوتی دۆخی باوكی زۆر ناجێگیر بوو و رۆژانە پزیشكیان دەهێنایە ماڵەوە بۆ ئەوەی پشكنین بۆ باوكیان بكات و بۆ هەر جارێكیش 100 دۆلاریان خەرج دەكرد.

 100 دۆلارەكە تەنیا نرخی بینینی نەخۆش بووە.
ئەو دەڵێ 100 دۆلارەكە تەنیا نرخی بینینی نەخۆش بووە. بەو دەرمان  و پێداویستییانەی بۆ نەخۆشەكەیان دابینیان كردبوو زیاتر لە دوو ملیۆن دیناریان خەرج كرد، كەچی دواجار باوكیان لە دەست دا و بەهۆی نەخۆشییەكە كۆچی دوایی كرد.

هەرچەندە توانای دارایی ئەم خێزانە باش بووە، بەڵام بۆ ئەوانەی هیچ توانایەكی مادییان نییە نەك پزیشك، رەنگە نەتوانن تەنانەت خواردنێكی باشیش بۆ نەخۆشەكەیان دابین بكەن .

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، هەندێك پزیشك كە زۆر زیاتر ناسراون بە 200 دۆلار و تەنانەت زیاتر ئامادەن سەردانی نەخۆشەكان بكەن.
 
بازاڕی چارەسەری و دەرمان و كەرتی تەندروستی گەرمە
بازاڕی چارەسەری و دەرمان و كەرتی تەندروستی گەرمە، گرنگ ئەوەیە لەم دۆخەدا كە باری دارایی خەڵك خراپە، نموونەی ئەو پزیشكانە زۆر بن كە پارە لایان هەموو شت نییە و لە پاڵ چارەسەركردن، لایەنە مرۆیی و نیشتمانپەروەرییان بە بەهێزی ماوەتەوە. 



وشە - سلێمان تاشان