بەغدا دەیەوێ تەواوی مافەكانی كورد بسڕێتەوە

:: PM:03:33:29/11/2020 ‌
شیعە و سوننە هەموو ڕێیەكان دەگرنەبەر بۆ دژایەتی قەوارەی هەرێمی كوردستان . ئەو عەقڵە فیدراڵییەی پێ قبووڵ ناكرێت و دەست بۆ هەمواری دەستوور و بڕینی بەشە بودجە و هەموو شتێك دەبات تا زیان بە هەرێمی كوردستان بگەیەنێت. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە عێراق لە ساڵی 2014ەوە بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە و بە ئاشكرا پێشێلی دەستوور دەكات.

دكتۆر مەحموود عوسمان پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆچوونی سەركردەكانی سوننە و شیعە لە بۆچوونی گەلی كورد جیاوازە، بۆ  نموونە گەلی كورد فیدڕاڵی دەوێت، كەچی ئەوان باوەڕیان پێ نییە، كورد دەیەوێت هەرێمەكەی دەسەڵاتی زۆر بێت، ئەوان دەیانەوێت دەسەڵاتی كەم بێت، كورد كار دەكات بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و جێبەجێكردنی مادەی 140 بەڵام، عەرەب بەردەوام هەوڵ دەدات كێشە بۆ كورد دروست بكات.

ئێستە شیعە و سوننە هەنگاوەكانیان بەو ئاراستەیە دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان كەم بكەنەوە
ئێستە شیعە و سوننە هەنگاوەكانیان بەو ئاراستەیە دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان كەم بكەنەوە بەردەوام كاریش لەسەر ئەوە دەكەن، بودجەی كوردستان كەم بكەنەوە . پێشتریش ئەو ڕەفتارانەیان بەرانبەر بەكورد هەبوو، هەروەها دەوڵەتانی توركیا و سووریا و ئێران  وعێراق بەردەوام كوردیان چەوساندووەتەوە و كورد بەخەتەر دەزانن لەسەر خۆیان.

بودجەی كوردستان 17% بوو كەم كرایەوە بۆ 12% ئێستە ئەوەش نانێرن و بیانوویان ئەوەیە خۆشیان پارەیان نییە و قەرز دەكەن، دكتور مەحموود عوسمان بە پێویستی دەزانێت كۆبوونەوەیەكی باڵا لە نێوان پەرلەمان و حكوومەت و سەرۆكایەتی هەرێم و حزبەكان ئەنجام بدرێت و چارەسەرێك بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە.

نایانەوێت دەسەڵات بە هەرێمەكان و پارێزگاكان بدرێ وەك ئەوەی لە دەستوور دیاری كراوە
هاوكات دكتور ئەشواق جاف پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند هۆكارەكانی بڕینی بەشە بودجەی كوردستان ئەوەیە حوكمڕانی فیدڕاڵی دوای 2003  لەلایەن چەند سەركردەیەكی عێراق قبووڵكراو نییە و نایانەوێت دەسەڵات بە هەرێمەكان و پارێزگاكان بدرێ وەك ئەوەی لە دەستوور دیاری كراوە و  بۆیە هەوڵی هەمواركردنی دەستووریان دا . ئەوەیان بۆ نەچووەتە سەر چونكە سێ پارێزگا هەمواری هەرمادەیەكی دەستوور ڕەت بكاتەوە ناتوانن بڕگەی دەستووری بگۆڕی و بۆیە دەستیان بۆ بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان بردووە.

وەك زیاتر خستیەڕوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاوەدانكردنەوەیەكی فراوانی لە تەواوی كوردستان دەست پێكردبوو، ئەگەر گەندەڵی بەراورد بكرێ لە نێوان كوردستان و ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەردەكەوێ كامە نەیتوانیوە خزمەت بكات.

کە لە بەغدا کورد هاوپەیمان بوو، ڕێگر دەبووین لە تەواوی ئەو هەوڵانەی دەیاندا.
ئەو دەڵێت "بۆچی پێشتر ئێمە وەكو كورد دەمانتوانی ڕێگری بكەین لە یاسا و هەنگاوەكان دژی خەڵكی كوردستان، من لە دوو خول پەرلەمانتار بووم، كورد هاوپەیمان بوو و ڕێگر دەبووین لە تەواوی ئەو هەوڵانەی دەیاندا. لە ساڵی 2014 بە واژۆیەكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بودجەی كوردستان بە نایاسایی بڕدرا و ئیتر سیستەمی كاركردن لە عێراق لەوكاتەوە نایاساییە."

ئەو پێی وایە  یەكڕیزی كورد تەواو لاواز بووە، سەیرە بەغدا و گوتەبێژی حكوومەتی عێراق دەڵێ، هەرێمی كوردستان پابەندە، بەڵام پەرلەمانتاری كورد دەڵێ نەخێر. 

هەڵەبجە / عەزیز هەورامی



وشە - سلێمان تاشان