دامەزراوەیەكی ئێران داوای هێرشكردنە سەر حەیفا دەكات

:: PM:04:16:29/11/2020 ‌
رۆژنامەی كەیهان كە راستەوخۆ سەر بە نووسینگەی عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، پێشنیاری ئەوە دەكات ئێران راستەوخۆ هێرش بكاتە سەر بەندەری حەیفا لە ئیسرائیل و لەگەڵ خاك یەكسانی بكات.

لە رۆژنامەكە باس لەوە كراوە ئیسرائیل رۆڵی هەبووە لە كوشتنی زانا ئەتۆمییەكەی ئێران و پێشتریش بەرانبەر ئیسرائیل چەند جارێك ئەوەیان گوتووە ئەگەر هەڵەیەك بكات، ئەوا حەیفا وێران دەكەن و ئێستەش كە ئیسرائیل هەڵەكەی كردووە، كاتی ئەوە هاتووە ئەم هەڕەشەیە جێبەجێ بكرێت.

ئەو هێرشە هاوشێوەی ئەو هێرشە بێت كە ئێران بە مووشەك كردیە سەر بنكەی عەین ئەسەد لە بەغدا
بەگوێرەی بی بی سی  لە وتارەكە ئاماژە بەوە كراوە نابێت ئەو هێرشە هاوشێوەی ئەو هێرشە بێت كە ئێران بە مووشەك كردیە سەر بنكەی عەین ئەسەد لە بەغدا و دواتر بە یەكجاری وازی هێنا، بەڵكو دەبێت بە شێوەیەك بەندەری حەیفا بكاتە ئامانج جگە لە ژێرخانی ئاوەدانكردنەوە خەڵكێكی زۆریش بكوژرێت.

بە گوتەی ئەو رۆژنامەیە ئەگەر ئێران بە وردی هەڕەشەكەی جێبەجێ بكات و هێرش بكاتە سەر حەیفا، ئەوا ئەمەریكا و ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەك ناتوانن وەڵامی هێرشەكە بدەنەوە و بەم گورزەش دۆسیەی تیرۆر لە ناوچەكە بە تەواوی دادەخرێت.




وشە - سلێمان تاشان

ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌