زنجیرەیەكی تەلەڤزیۆنی ئەمەریكی دەگاتە ئەڵقەی 12 هەزار

:: PM:08:21:29/11/2020 ‌

زنجیرەی تەلەڤزیۆنی "The young and the restless"، لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ دەچێتە ناو قۆناغێكی نوێوە، كاتێك 12 هەزارەمین ئەڵقەی پەخش دەكرێت، كە یەكێكە لە دوورودرێژترین زنجیرە تەلەڤزیۆنییەكان لە دنیادا.
یەكەم ئەڵقەی لە 26ی ئازاری 1973 پەخش كراوە
كەناڵی تەلەڤزیۆنی "سی بی ئێس"ی ئەمەریكی كە ئەو زنجیرە پەخش دەكات لەو بارەوە دەڵێت، ئەو زنجیرەیە كە لە 1973ەوە بەشێك بووە لە ژیانی رۆژانەی ملیۆنان ئەمەریكی، سێشەمی داهاتوو ئەڵقەی ژمارە 12 هەزاری دێتە پەخشكردن، لەوكاتەی دەیان ملیۆن كەسی تر لە وڵاتانی دنیا سەیری دەكەن، وەك "فرانس پرێس" باسی كردووە.

بەو بۆنەیەوە كەناڵەكە هەفتەیەكی تایبەت كردووە لە دووشەمەوە دەست پێ دەكات و باسی مێژووی زنجیرەكە دەكات و ژمارەیەك لە كەسایەتییەكانی دەخاتە روو، هەروەها خەڵكەكە دەتوانن چەند چیڕۆكێكی خۆشەویستی كە لە ئەڵقەكانی باس كراون، دووبارە تیایاندا بژین، وەك چیڕۆكی هاوسەران ڤیكتۆر و نیكی نیومان.

چیڕۆكی ئەو زنجیرەیە لە نێوان ژمارەیەك خێزانە لە شارێكی ویلایەتی ویسكنسنی ئەمەریكی و چەندان رووداو لەخۆ دەگرێت، وەك هاوسەرگیری و جیابوونەوە و ونبوون و دەركەوتنەوە و ماوەی چەند دەیەیەكە ژمارەیەكی زۆر لە ئەكتەران بەشداری تیادا دەكەن، ماوەی هەر ئەڵقەیەك 30 خولەكە و لە نووسینی لی فیلیپ بێل و دەرهێنانی سالی ماكدۆناڵد و كیسی چایڵدزە.

یەكەم ئەڵقەی زنجیرەكە لە 26ی ئازاری 1973 پەخش كراوە و پاڵەوانەكەی جین كوپەر بووە و خەڵاتی ئیمی دایتایمی بۆ باشترین زنجیرەی دراما وەرگرتووە، لەگەڵ ئەوەیش ژمارەی پێوانەیی درێژترین زنجیرەی تەلەڤزیۆنی نەشاكاندووە.

شایەنی باسە زنجیرەی "Guiding Light"، بە درێژترین زنجیرەی تەلەڤزیۆنی لە ئەمەریكا دادەنرێت، كە لە 1937ەوە پەخش كراوە و 72 وەرزەی هەبوو و ژمارەی ئەڵقەكانی گەیشتووەتە 18626 كە ماوەی هەر ئەڵقەیەكی 15 خولەك بوو، یەكەم ئەڵقەی لە 25ی كانوونی دووەمی 1937 پەخش كرا و دوایین ئەڵقەی لە 18ی ئەیلوولی 2009 بووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل