ئەندامێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەكات، ئێستە لەسەر موزایەدەكردن و حیسابی مووچەخۆران، پەرلەمانتارانی خۆفرۆش و شۆڤینی زیاتر لە یەكتر نزیك بوونەتەوە، باكگراوەندی ئەو هاوڕاییەیان بۆ پرسی ئاینی و مەزەوی دەگەڕێتەوە .
بەهۆی هەڵبژاردنەكان زۆر پەرلەمانتار پەنا بۆ خۆناساندن و بەلاڕیدابردنی خەڵك دەبەن
دیاری بەرواری، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، هەندێك لەو پەرلەمانتارانەی هەرێمی كوردستان كە دژایەتیی گەلەكەیان دەكەن، باكگراوەندی مەزەوی و ئاینیان هەیە، بەوهۆیەوە لە پەرلەمانتارانی شیعە نزیك بوونەتەوە، ئەوانیش، واتە شیعەكان، سوودیان لێ وەرگرتوون كە وێنەیەكی تەڵخیان وەرگرتووە و دژایەتیی كوردستانی پێ دەكەن.
زیاتر گوتی، غالب محەمەد و ئەحمەد حاجی رەشید و یوسڕا رەجەب، نموونەی ئەو پەرلەمانتارانەن كە كەوتوونەتە هاوكاریكردنی یەكتر بۆ بانگەشەكردن، بەرواری نەیشاردەوە بەهۆی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكان، زۆرێك لە پەرلەمانتاران پەنا بۆ ئەو رێگایانە دەبەن كە زیاتر دەیانناسێنێ و دەبێتە هۆكارێك بۆ نزیكبوونەەیان بە ئاراستەی بەلاڕیدابردنی خەڵك.
شایەنی باسە هەریەك لە پەرلەمانتاران غالب محەمەد و یوسڕا رەجەب بە مەزەو شیعەن و ئەحمەد حاجی رەشید لە حزبێكی ئیسلامییە و هەموویان باكگراوەندێكی ئاینیان هەیە.
گەرمیان/سەبری هۆرێنی