بەرپرسی هێڵی گۆڕانكاری شوورای ناوەندی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان رای دەگەیەنێت، گەڕانەوە بۆ بەغدا و گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا، كارێكی خراپە و خیانەتە بەرانبەر خوێنی شەهیدان و كەسوكاریان.
ئەمڕۆ دووشەم، 30ی تشرینی دووەم، بەكر تاماس بەرپرسی هێڵی گۆڕانكاری شوورای ناوەندی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، كارێكی خراپە كاتێك كار بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت بۆ سەر بەغدا، ئەمە كەمكردنەوەی حكوومەتی هەرێم و ئەو قەوارەیەی كە چەندان ساڵە لە پێناویدا خوێن دراوە و خەبات كراوە تا پێی گەیشتوون.
ئەمە پیلانێكە دەیانەوێ مووچەخۆران برسی بكەن
وەك زیاتر خستیەڕوو، شیعە هەوڵێكی دەست پێ كردووە و هەندێ پەرلەمانتاری كوردیش دەیانەوێ ئەو كارە بكەن، ئەمە پیلانێكە دەیانەوێ مووچەخۆران برسی بكەن، پیلانێكی نەگریسە و مەترسی لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی هەرێم هەیە.
ئەو هەروەها روونی كردەوە "هەوڵدان بۆ گواستنەوەی مووچە خیانەتێكە بەرانبەر كەسوكاری شەهیدان و خوێنی شەهیدان، ئەوانەی دەسەڵاتداری بەغدان هەر پاشماوەی رژێمی بەعسن، ئەوان خوشك و برا و باوك و كەسوكاری كوردیان كوشت و ئەنفال و كیمیابارانیان كرد، ئێستە چۆن دەبێت مووچەی فەرمانبەران لەژێر دەستی ئەوان بێت، نانمان بكەوێتە دەست بكوژانی كەسوكارمان."
سلێمانی/ هۆشیار عەلی