مۆدێرنا دوایین هەنگاو بەر لە دابەشكردنی ڤاكسینەكەی دەنێت

:: PM:08:18:30/11/2020 ‌

بڕیارە ئەمڕۆ كۆمپانیای مۆدێرنای ئەمەریكی داوای مۆڵەتی مەرجدار بۆ بەكارهێنانی ڤاكسینەكەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەمەریكا و ئەوروپا بكات، ئەوەیش وەك دوایین هەنگاو بەر لە دابەشكردنی ڤاكسینەكەی. 
پێشبینی دەكرێ رۆژی 10 تر ڤاكسین بەردەست بێت
وەك "فرانس پرێس"، باسی كردووە كۆمپانیاكە رای گەیاند، ئەوان ئەو هەنگاوە دەنێن دوای ئەوەی ئەنجامی تەواوی تاقیكردنەوە كلینیكییەكانیان كاریگەرییەكی زۆری ڤاكسینەكەیان دەرخست كە گەیشتە 94.5%

دوای دوو هەفتە لە راگەیاندنی سەركەوتنی ئەنجامی تاقیكردنەوە سەرەتاییەكانی ڤاكسینەكەی، مۆدێرنا رای گەیاند كە 196 بەشداری تاقیككردنەوەكانی تووشی كۆرۆنا بوونە، لەوانە 185 ڤاكسینێكی خەیاڵیان وەرگرتووە، هەروەها 11 كەسیش كە ڤاكسینە راستەقینەكەیان پێ دراوە، واتە رێژەی كاریگەری 94.1% بووە.

هاوكات هیچ لە بەشدارانی تاقیكردنەوەكان لەوانەی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنایان پێ درا نیشانەی توندی نەخۆشییەكەیان بەسەر دیار نەكەوت، كە بەپێی یاسا بەر لە دابەشكردن و بەكارهێنانی هەر ڤاكسینێك، پێویستە مۆڵەتی پێ بدرێت.

ئەو هەنگاوەی مۆدێرنا دوای چەند سەعاتێك لە دەست پێكردنی هەردوو كۆمپانیای فایزەر و بیۆنتیك بە گواستنەوەی ڤاكسینەكەیان بۆ ئەمەریكا دێت، كە بریتی بووە لە یەكەم وەجبە و لە بەلجیكاوە بەرەو شیكاگۆ بە فڕۆكە گوازراوەتەوە،ئەوەیش دوای ئەوەی هەردوو كۆمپانیا داوای مۆڵەتیان لە حكوومەتی ئەمەریكا كردووە و چاوەڕوان دەكرێت لە 10 رۆژی داهاتوو پێیان بدرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل