هاووڵاتییانی شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان باس لەوە دەكەن كە دۆلاری چاپی كۆن جیاواز لە دۆلاری نوێ بە نرخێكی كەمتر مامەڵەی پێوە دەكرێت، نووسینەگانی دراویش نایشارنەوە كە ترسیان لە ساختەكردنی ئەو جۆرە دراوە هەیە و پۆلیسیش بوونی حاڵەتی ساختەكاری رەت ناكاتەوە.
دۆلاری نوێ ئەستەمە ساختە بكرێت
ژمارەیەك هاووڵاتی لە شارۆكەی كەلار "وشە"یان ئاگادار كردەوە بەوەی لەكاتی گۆڕینەوەی دۆلاری ئەمەریكی، ئەگەر دراوەكە كۆن بێت، بە نرخی رۆژ لەلایەن نووسینگەكانی دراوەوە بۆیان ناگۆڕدرێتەوە.
هەوار حەسەن، كچە قوتابییەكە كەلارە، بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی ئەگەر 125 هەزار دیناری عێراقی بێت، دراوفرۆشان دۆلاری كۆن بە 120 هەزار دینار وەردەگرن، واتە بە جیاوازی پێنج هەزار دینار.
كۆچەر ئیبراهیم، نوێنەرێكی ئالوگۆركەرانی دراو لە كەلار بۆ"وشە"ئاشكرای كرد، بەشێوەیەكی گشتی وەك نووسینگەكانی ئالۆگۆری دراو مەترسیمان لەو جۆرە دراوەی دۆلار هەیە كە ساختە بكرێت، روونی كردەوە، دۆلاری نوێ دیارە و ئەستەمە ساختە بكرێت، بۆیە ئەو جۆرەیان وەردەگرین.
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ دراوی بیانی ساختە كراوە، باسی لەوە كرد، بەلێ دراوی ساختە هێنراوەتە بازاڕ و خراوەتە ناو دراوی تر و تێكەڵ كراوە.
"وشە" بۆ سەلماندنی راستی بوونی حاڵەتی دراوی ساختە لە بازاڕەكانی گەرمیان، پێوەندی بە موقەدەم عەلی جەمال، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیانەوە كرد، ئەو نەیشاردەوە كە دراوی بیانی و دراوەكانی تریش ساختە كراون و ئەوجۆرە حاڵەتەیان لە ماوەی ئەمساڵدا تۆمار كردوە، بەڵام لە كۆتایی ساڵ ژمارەكەی ئاشكرا دەكەن.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی