ئەو 10 خاڵە جەوهەرییەی دەوڵەمەندترین كەسی دنیا كردوویەتە حەڵقەی گوێی

:: AM:11:36:01/12/2020 ‌
جێف بێزوس بە دەوڵەمەندترین مرۆڤ و دامەزرێنەری ئامازۆن هەژمار دەكرێ كە سەركەوتووترین كۆمپانیایە لە مێژوو دروست كرابێت. بە بێ كەسایەتییەكی وەك بێزوس، رەنگە ئەستەم بووایە ئامازۆن لە كۆگا و گەراجێكەوە بۆ پێشكەوتووترین جۆری بازرگانی گۆڕانكاری بەسەردا بێت.

دێڤید بیكەر كە رۆژنامەنووسە هەوڵی داوە خوێندنەوە بۆ بیر و مێشكی بێزوس بكات و ئەو هەنگاوانە ئاشكرا بكات بۆ بەدیهێنانی خەونەكەی رەچاوی كردوون.
خەونەكانی بێزوس لە زەوی ترازاوە و تەنانەت دەیەوێ مرۆڤ رەوانەی بۆشایی ئاسمان بكات

خەونەكانی بێزوس لە زەوی ترازاوە و تەنانەت دەیەوێ مرۆڤ رەوانەی بۆشایی ئاسمان بكات و لەم رێیەوە داهاتی زیاتر دەستەبەر بكات، بەڵام پرسیار لەوەدایە بێزوس چۆن توانیویەتی تا ئەو ئاستە ببێتە هۆی سەركەوتنی ئامازۆن. لێرەدا ئاماژە بە 10 خاڵی گرنگ دەكەین كە بێزوس بڕوای پێیەتی و بووەتە هۆكاری سەركەوتنی ئەو لە كارەكانی.

هەموو كێشەیەك بە بیرتیژی و داهێنان چارەسەر دەبێت

توانای داهێنان زوو لەو كەسایەتییە بازرگانە دەركەوت. ئەو هاوینان دەچووە كێڵگەی بابەگەورەی لە تێكساس و لەوێ هەر كێشەیەك دروست بوایە خۆیان چارەسەریان دەكرد و ئامێرەكانیان چاك دەكردەوە، بۆ نموونە ئەگەر تراكتۆرێكی كۆن لەكار بكەوتایە هەر خۆیان چاكیان دەكردەوە. بێزوس جارێك رووداوێكی سەیری بینی كاتێك بابەگەورەی لە كاتی شوفێری پەنجەیەكی قرتا و دواتر پزیشكەكان بە گرێدانی پێستەكەی و بەخیەكردن پەنجەكەیان چاك كردەوە.

هەموو كات ماف لای كڕیارە

بەو ئەزموونانەی بێزوس لە بانكداری و ژیانیدا هەیەتی گرنگترین شت لای ئەو كڕیارە. تۆم ئالبێرگ بەڕێوەبەری گشتی پێشووی ئامازۆن دەڵێت، بێزوس بە جینێكی كڕیار لە دایك بووە و دەیەوێ دنیا بگۆڕێت و بیر و مێشكی ئەو لەسەر بنەمای وەرگرتنی رەزامەندییە لە كڕیار، بەو هۆیەوەیە داهات زیاد دەبێت و كە داهاتیش زیاتر بوو ئەوكات دەتوانی كاری زیاتر ئەنجام بدەی.

كاركردن لەسەر رابردوو و پلاندانان بۆ داهاتوو

سانیل گوپتا لە كۆلێژی ئابووری زانكۆی هارڤارد دەڵێت، ئەو كاڵا و خزمەتگوزارییانەی ئامازۆن كاریان پێ دەكات لەسەر بنەمای كاركردن لەسەر رابردوو و پلاندانان بۆ داهاتوو داڕێژراوە.

بەو پێیە ئامازۆن بیر لە خواستی كڕیارەكانی دەكاتەوە
بەو پێیە ئامازۆن بیر لە خواستی كڕیارەكانی دەكاتەوە و لە ئەزموونی رابردوو بۆ گەیشتن بە داهاتوو سوود وەردەگرێت. ئەگەر كۆمپانیاكە خۆی توانای ئەنجامدانی ئەو كارەی نەبێت ئەوا بۆی دروست دەكات. پلاندانان بۆ داهاتوو بەو واتایە دێت تۆ چۆن بتوانی تواناكانت بەگەڕ بخەیت بۆ ئەوەی كاسبی و كارێكی نوێ بهێنیتە كایەوە.

هەموو رۆژێك دەبێ یەكەم رۆژت بێت

لە راپۆرتی ساڵانەی كۆمپانیای بێزوس وێنەیەك لە نامەی بێزوسیش بۆ سەرجەم خاوەن پشكەكانی كۆمپانیاكە دەنێرێت. لە نامەكەدا پێداگری لەوە كردووە هەموو كاتێك دەبێت وای دابنێن یەكەم رۆژی كارتانە كە چ حەز و هیوایەكتان بۆ كاركردن و داهێنان هەیە و دەبێ ئەو تایبەتمەندییە بپارێزن.

 سەركێشی بكەن

ساڵی 2000 و دوای داڕمانی كۆمپانیای دۆت كۆم، بێزوس سەركێشییەكی گەورەی كرد و دەرگای فرۆشتنی ئامازۆنی بۆ كڕیارە بیانییەكان كردەوە. ئەو كات ئەم جۆرە سەركێشییە ناعەقڵانی بوو، بەڵام بەهای تاقیكردنەوەی هەبوو. ئەو هەندێك سەركێشی بچووكیشی هەبوو وەك چوونە ناو بازاڕی مۆبایل. كەسایەتی بێزوس بە شێوەیەك بووە هەوڵی داوە ئەزموونە نوێیەكان تاقی بكاتەوە.

بەگوێرەی بی بی سی یەكێك لە بەڕێوەبەرانی پێشووی ئامازۆن دەڵێ، جێف بێزوس حەز دەكات بڕیار بدات لە كاتێكدا نازانێ دەرەنجامی چی دەبێت و پڕۆژەی ئەلێكسای ئامازۆنیش یەكێكە لەو بڕیارانە.

دووبارە شكست بخۆ و باشتر شكست بخۆ

ئەو جۆرە بیركردنەوەیەی بێزوس وایكردووە سەركێشی گەورە بكات و لە شكست نەترسێت، ئەو دەڵێت "هەریەك لە ئێمە چەندان جار تووشی شكست بووین، هەموو كات پێمان وابووە ئێمە شوێنێكی گونجاوین بۆ شكست، چونكە رۆڵی خۆمان بە باشی دەگێڕین و لەو بوارەدا راهێنانێكی زۆرمان كردووە."

هەرگیز لەو كارەی هەوڵت بۆی داوە پەشیمان نابیتەوە

بێزوس دەڵێت كاتێك تەمەنتان بووە 80 ساڵ و بیرتان لە پەشیمانییەكانتان كردەوە، بیرتان بۆ ئەو كارانە دەچێت كە ئەنجامتان نەداوە، بەڵام هەرگیز خەم لە كارێك نەخۆن كە تێیدا شكستان خواردووە یان وەك پێویست سەركەوتوو نەبوون.

ئەوەی بەمێشكتاندا دێت بیڵێن

لەم بوارەدا ئامازۆن جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ كۆمپانیاكانی تردا نییە. لە زۆربەی كۆمپانیاكان ئەندامەكان ئازادانە قسەی خۆیان دەكەن و مشتومڕی بابەتەكان دەكەن. زۆر لە مرۆڤەكان لە دەربڕینی بۆچوونی راستەقینەی خۆیان شكستخواردوون.

ركابەری یەكتر بكەن

بێزوس پەرەی بە ركابەری داوە و ئەو هەستەی هێناوەتە ناو كار و كاسبییەكەی.

دوور بڕوانن

دووربینین خاڵێكی جەوهەرییە لە سەركەوتنەكانی جێف بێزوس و ئامازۆن. بێزوس حەز دەكات لە دوای 10 ساڵ لە هەر پڕۆژەیەكی نوێ كە دەیخاتەڕوو، داهات دەستەبەر بكات و ئەو پڕۆژەیەش كە حەزی لێ دەكات و باوەڕی پێیەتی تا سەر درێژەی پێ بدات.

هەر دەبێت بیر لە شوێنێكی تر لە دەرەوەی گۆی زەوی بكەنەوە
دامەزراندنی كۆمپانیای بلوو ئۆرجین كە بە مەبەستی بنیاتنانی پڕۆژەیە لە بۆشایی ئاسمان هەر لەسەر ئەو بنەمایەیە. ئەو بیر لەوە دەكاتەوە زەوی بچووكە و ئەگەر ئابووری و دانیشتووانەكەی هەر بەم شێوەیە گەشە بكات، ئەوا هەر دەبێت بیر لە شوێنێكی تر لە دەرەوەی گۆی زەوی بكەنەوە تا پەرە بە كارەكانیان بدەن.


وشە - سلێمان تاشان