گەنجێك بەهۆی فیشەك گیانی لە دەست دا

:: PM:01:29:01/12/2020 ‌
گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕای دەگەیەنێت، گەنجێك لە ماڵەكەی خۆی فیشەك بەر جەستەی كەوتووە، ئەو گەنجە لە دایكبووی ساڵی 2003یە و گیانی لە دەست داوە.

ئەمڕۆ سێشەم یەكی كانوونی یەكەم، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ هێزەكانمان ئاگەدار كرانەوە لە گەڕەكی ئاشتی ڕانیە، گەنجێك لە ماڵەكەی خۆی فیشەك بەر جەستەی كەوتووە، دەستبەجێ هێزەكانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و دەركەوت  گەنجەكە بەناوی "ش، ح، م" لەدایكبووی ساڵی 2003، شوێنەواری فیشەك بەجەستەیەوە هەبووە و بەهۆیەوە گیانی لە دەست داوە. 

لە شوێنی ڕووداوەكەدا چەكێكی جۆری كڵاشنكۆف لەگەڵ چەند قەوانێكی تەقیوی لێ بوو
گوتەبێژی پۆلیس گوتی، لەسەر ئەم رووداوە ڕێكاری یاسایی گیرایەبەر و تەرمی گەنجەكە بەڕێ كرا بۆ پزیشكی دادوەری ڕانیە. لە شوێنی ڕووداوەكەدا چەكێكی جۆری كڵاشنكۆف لەگەڵ چەند قەوانێكی تەقیوی لێ بوو.

باسی لەوەش كرد، دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كرایەوە و بەگوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، پێ دەچێت ڕووداوەكە خۆكوژی بووبێت. بەگوێرەی گوتەی كەسوكاری گەنجەكە باری دەروونی ناڕێك بووە. دوای ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی بۆ تەرمی گەنجەكە لە پزیشكی دادوەری ڕانیە، ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە.
 



وشە - رامیار جەواد