تا 2023 بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان دوو هێندە زیاد دەكات

:: PM:04:10:01/12/2020 ‌
هەرێمی كوردستان هەر ئێستە رۆژانە سەرووی هەزار و 120 تۆن گازی سروشتی بەرهەم دەهێنێت و پشكی شێری ئەو بەرهەمهێنانەش بەر كۆمپانیای داناگاز كەوتووە. ئەندازیارێكی شارەزای بوارەكە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، بەرهەمهێنانەكە تا ساڵی 2023 دوو هێندە بەرز دەبێتەوە و لە داهاتوودا هەرێمی كوردستان رۆڵی لە دابینكردنی ئەم جۆرەی وزە زیاتر دەبێت.

لە داهاتوودا بیكات بەو ناوچەیەی بەشێك لە پێداویستی گازی ئەوروپا و ناوچەكەش دابین بكات .
هەرێمی كوردستان لەسەر كۆمەڵێك كێڵگەی دەوڵەمەندی گازی سروشتی هەڵكەوتووە و ئەمەش وا دەكات لە داهاتوودا بیكات بەو ناوچەیەی بەشێك لە پێداویستی گازی ئەوروپا و ناوچەكەش دابین بكات .

دەوڵەمەندیی هەرێمی كوردستان بە نەوتەكەی نییە، بەڵكو بە گازە سروشتییەكەیەتی و گرنگترین هۆكار كە بە بۆچوونی ئەندازیار بەختیار پشدەری هەرێمی كوردستانی هێنایە سەر نەخشەی وزەی دنیا، ئەوا گازە سروشتییەكەیەتی و ئەگەر لە داهاتوودا وەبەرهێنان پەرەی پێ بدرێت، دەتوانێت ركابەری وڵاتێكی وەك قەتەر بكات.

قەبارەی گازی یەدەگی كوردستان بە پێنج تریلیۆن مەتر سێجا خەمڵێنراوە
قەبارەی گازی یەدەگی كوردستان بە پێنج تریلیۆن مەتر سێجا خەمڵێنراوە، بەڵام ئەوە تەنیا ئەو بەشەیە تا ئێستە دۆزراوەتەوە و بە هۆی ئەوەی كە هەرێمی كوردستان شوێنێكی نوێیە لە دۆزینەوە و گەڕان بە دوای گازی سروشتی، پێشبینی دەكرێت لە داهاتوودا قەبارەی گازە یەدەگەكەی زۆر زیاتر بەرز ببێتەوە.

ئەو ئەندازیارە كە وەك ئەندازیارێكی شارەزا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كاری دەكرد و ئێستە خانەنشین بووە پێی وایە، وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان لە كەرتی گاز شتێكی زۆر نوێیە و ژێرخانی كوردستان لەم رووەوە زۆر لە سەرەتادایە، بۆیەش ئەو گرێبەستانەش كە ئەنجامیان دەدات بە پێچەانەی وڵاتانی تر گرێبەستی هاوبەشن.

بۆ نموونە كاتێك كۆمپانیایەك دێتە كوردستان كار لەسەر دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی گاز دەدات، دێتە سەر زەوییەكی بەتاڵ كە هیچ ژێرخانێكی ئاوەدانكردنەوە لە رووی پیشەسازییەوە بۆ نەكراوە، بۆیەش دەبێت هاوبەش بكرێت تا بتوانێ پارەیەكی زۆر بۆ وەبەرهێنان خەرج بكات و دواجار ئەو ژێرخانە ئاوەدان بكاتەوە.

لە وڵاتی تر ژێرخانەكە ئامادەیە و كاتێك گرێبەستێك واژوو دەكرێت، بە كۆمپانیاكە دەگوترێت هەموو شت ئامادەیە و تەنیا ماوە گازەكە بەرهەم بهێنێت و لە بەرانبەردا دەستحەقی ئەو ماندووبوونە دابین دەكرێت و زۆربەی داهاتەكە بۆ ئەو وڵاتەیە كە خاوەنی گازەكەیە.

لەم رۆژانەدا پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە كوردستان بە رێژەی 6% راگەیاند
سەركیترین كۆمپانیا كە لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنانی كردووە كۆمپانیای داناگازە و لەم رووەوە هەنگاوی زۆر باشی لە هەرێمی كوردستان بڕیوە. ئەو هەر لەم رۆژانەدا پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە كوردستان بە رێژەی 6% راگەیاند و بەگوتەی ئەو ئەندازیارە، بڕیارە تا ساڵی 2023 كۆمپانیاكە بەرهەمهێنان بۆ دوو هێندە بەرز بكاتەوە.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی ئەندازیارەكە خستیەڕوو، ئێستە كۆمپانیاكە رۆژانە هەزار تۆن گازی سروشتی بەرهەم دەهێنێت و لە وێستگەكانی تری هەرێمی كوردستانیش نزیكەی 120 تۆنی تر بەرهەم دەهێنرێت و كۆی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە رۆژێكدا خۆی لە هەزار و 120 تۆن دەدات.

بەشێكی بەرچاو لەو گازە بەرهەم دەهێنرێت بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تەرخان دەكرێت و هێشتا زۆر لە یەكەكان بەرهەمهێنانی كارەبا لە كوردستان پێویستیان بەوەیە گازی سروشتیان بۆ دابین بكرێت، بەمەش بە خێرایی بەرهەمهێنانی كارەباش لە داهاتوودا بەرز دەبێتەوە.

جیۆگرافیای كوردستان زۆر لەبارە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا تەنانەت بتوانێ ركابەریی وڵاتێكی وەك قەتەر بكات
یەكێك لەو زانیارییە گرنگانەی ئەو ئەندازیارە دەیخاتەڕوو ئەوەیە، هەرێمی كوردستان لەسەر كۆمەڵێك كێڵگەی دەوڵەمەندی گاز هەڵكەوتووە و كێشەكە لەوەدایە لەم كەرتەدا وەبەرهێنانێكی زۆر كەم كراوە و جیۆگرافیای كوردستان زۆر لەبارە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا تەنانەت بتوانێ ركابەریی وڵاتێكی وەك قەتەر بكات كە بە یەكێك لە گرنگترین بەرهەمهێنەرانی گازی سروشتی لە دنیادا هەژمار دەكرێت.

قەبارەی بەرهەمهێنانی ئێستەی گاز لە هەرێمی كورستان ئەگەر تەنانەت بۆ 10 هێندەش بەرز بكرێتەوە و بە گریمانەی هەمان پێنج تریلیۆن مەتر سێجا هێشتا هەزار و 200 ساڵی پێویستە تا ئەو سەرچاوەیە لە كوردستان تەواو بێت، بۆیەش دەكرێ بگوترێت هەرێمی كوردستان لە وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی گازی سروشتی زۆر لە سەرەتادایە و رێیەكی درێژ و داهاتوویەكی گەشی لەبەردەمدایە.



وشە - سلێمان تاشان