رووسیا یەكێكە لە وڵاتانی پێشەنگ لە بواری پەرەپێدان و دروستكردنی چەكەوە، بەتایبەتی سیستمی مووشەكی بالیستی و بەرگری ئاسمانی، ئەو وڵاتە لە 2007 سیستمی مووشەكی بەرگریی ئاسمانی پێشكەوتووی ئێس-400ی خستە بواری بەكارهێنان، ئێستەیش بە كردەنی دەستی كردووە بە گۆڕینی بۆ سیستمی مووشەكی ئێس-500، ئەو مووشەكەی توانای تێكشكاندنی مانگی دەستكرد و فڕۆكەی سەربازی تارمایی هەیە.
مەوداكەی 80 كیلۆمەتر لە هەر سیستمێكی تری مووشكی زیاترە
سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس-400ی رووسی یەكێكە لە باشترین سیستمەكانی مووشەكی ستراتیجی زەوین-ئاسمانی كە ئێستە لە بەكارهێناندایە، سەكۆكەی وا دروست كراوە بتوانرێ پارێزراوی دژ بە هێرشی ئاسمانی دابین بكات، لەلایەن مووشەكی بالیستیی تەكتیكی و مووشەكی ناوەند مەودا، هەروەها دەتوانرێ لە دژی دامەزراوە زەوینییەكان بەكاربهێنرێت.
گۆڤاری
"National Interest "ی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە سیستمی ئێس-400 لە 2007 خراوەتە بەكارهێنانی سەربازی، بەڵام سوپای رووسیا دەستی كردووە بە پرۆسەی گۆڕینی بە سیستمی بەرگریی مووشەكی ئێس-500، ئەوەیش بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی "تاس"ی رووسی بەوەی رووسیا دەیەوێ لە 2021 پەرەپێدانی سیستمی ئێس-500 تەواو بكات، كە توانای تێكشكاندنی مانگی دەستكرد و مووشەكەكانی خێراتر لە دەنگی لە خولگەی نزیك زەویدا هەیە.
وەك ئەوەی ئاژانسی "كراسنایا زڤیزدا"ی سەر بە وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە 27ی ئەم مانگە لە ئەندرێ یوودین، جێگری فەرماندەی هێزەكانی ئاسمانی بۆشاییەگەڕی رووسیای گواستەوە، بڕیارە لە 2021 كۆتایی بە پرۆسەی پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئێس-500 بهێنرێت، لە ماوەی ئەمساڵیش و لە میانەی پێشانگای نێودەوڵەتی چەكەكانی سوپای رووسیا، یۆری یۆریسۆڤ، جێگری سەرۆك وەزیرانی رووسیا گوتی، بەكردەنی سیستمی ئێس-500 لەژێر تاقیكردنەوەدا بووە، لەوكاتەی كاركردن بۆ كڕینی بەشەكانی بۆ تەواوكردنی بەرهەمهێنانی بەردەوام بووە، بۆیە ئەو تاقیكردنەوانە ساڵی رابردوو ئەنجام دراون و لە میانەی تاقیكردنەوەی توانی ئامانجێك لە دووری 481.2 كیلۆمەتر بپێكێت، ئەوەیش بە 80 كیلۆمەتر لە هەر سیستمێكی تری مووشكەی زیاترە.
سیستمی ئێس-500 بە سیستمی بەرگری بۆشاییگەڕی (SDS) ناوی دەبرێت، ئەوەیش بەهۆی توانای بۆ بۆردمانكردنی ئامانجەكان لە خولگەی بۆشاییگەڕی نزیك زەوی، لەپاڵ مووشەكەكانی خێراتر لە دەنگ و مووشەكی بالیستی ناوەند مەودا و كیشوەربڕەكانیش، ئەو سیستمە لەلایەن كۆمپانیای " Almaz-Antey Corporation "، پەرەی پێ دراوە، كە دروستكەری هەردوو سیستمی مووشەكی ئێس-400 و ئێس-300 بووە.
بەپێی راپۆرتەكانی رووسیا، ئەو سیستمە توانای ئاشكراكردنی تا 10 كڵاوەی جەنگیی مووشەكی بالیستی هەیە كە بە خێرایی زیاتر لە چوار میل لە چركەیەك بفڕن، هەروەها سەكۆكە چەندان سیستمی راداری بەرەو ئامانجی جیاجیا هەیە، لەوانە بۆ ئاشكراكردنی فڕۆكە و كۆپتەر و فڕۆكە بێفڕۆكەوان و مووشەك لە هەمانكاتدا.
مەودای راگەیەندراوی سیستمەكە 600 كیلۆمەترە، ئەوەیش بەپێی زانیاری نافەرمی، كاتی پێویستی وەڵامدانەوەی ئەو سیستمە دەگاتە سێ بۆ چوار چركە، واتە نیوەی ئەو كاتەی ئێس-400 پێویستی پێی بووە كە نۆ تا 10 چركە بوو، مووشەكی سەرەكیی سیستمەكە (40N6)ە و درێژییەكەی 30 پێیە، ئەو مووشەكە بە سووتەمەنی رەق بە دوو قۆناغ كار دەكات و توانای گەیشتنی بۆ خێرایی نۆ ماخ بە كڵاوەیەكی جەنگی هەیە و تا دووری 310 میل دەبڕێت بە وردی پێكانی 95%.
دوو جۆر مووشەكی نوێ لە سیستمی ئێس-500 بەكاردەهێنرێت، ئەوانیش (77N6-N) و (و77N6-N1)ن، كە پێشكەوتووترین مووشەكەكانی رووسیان و هەڵگری كڵاوەی جەنگین و توانای تێكشكاندنی راستەوخۆی كڵاوەی جەنگی ئەتۆمین، هەروەها توانای پێكانی مووشەكی بالیستیان لە بەرزایی 185 كیلۆمەتر هەیە، بەوەیش كاریگەریی پارچە تێكشكاوەكانی كەم دەكاتەوە.
پێشبینی دەكرێ سیستمی ئێس-500 راداری بەڕێوەبردنی جەنگ لە جۆری (91N6A (M و راداری تری دۆزینەوەی ئامانجەكانی 96L6-TsP ، لەپاڵ رادارەكانی رووبەڕووبوونەوەی نوێی 76T6 ، رووسیا پێی وایە هەریەك لە هیندستان و چین یەكەمین كڕیارانی سیستمە مووشەكییەكەی دەبن.
وەك كۆمپانیای دروستكەری سیستمەكە ئاماژەی بۆ دەكات، ئەو سیستمە توانای پێكانی مانگی دەستكردنی لە خوڵگەكانی نزیك زەوی و چەند جۆرێكی گالیسكەی بۆشاییگەڕی لە ئاسمانی نزیكدا هەیە، هەروەها باسی ئەوەیش دەكات كە دەكرێ ببێتە لەناوبەری فڕۆكەی جەنگی تارمایی F-35ی ئەمەریكی.
پێشتر سێرجی شویگۆ، وەزیری بەرگری رووسیا رای گەیاندبوو كە رادەستكردنی سیستمی مووشەكی ئێس-500 بۆ سوپای رووسیا لە ماوەی ئەمساڵ دەست پێ دەكات، لەوكاتەی بڕیار بوو رادەستكردنەكە لە 2025 بێت، هەروەها رووسیا دەست بكات بە راهێنانی شارەزایان بۆ فێربوونی چۆنیەتی بەكارهێنانی سیستمە نوێیەكە، بۆیە پێ دەچێت رووسیا پابەندی ئەو خشتە كاتییە نەبووبێت.