"دەركردنی پەكەكە لە شنگال هەنگاوێكە بۆ دەرچوونیان لە ناوچەكە بە گشتی"

:: PM:09:20:01/12/2020 ‌

 فەرماندەیەكی پێشمەرگەی كوردستان رای دەگەیەنێت، دەرچوونی پەكەكە لە شنگال و كشانەوەی لەو ناوچەیە، دوای رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، گورزێكی بەهێز لەو گرووپە دەدات و كاریگەری لەسەر دروست دەكات.
هێزێك ئەگەر داردەست نەبێ چۆن رووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە
ئەمرۆ سێشەم سەردار مالومەیی، فەرماندە لە لیوای پێشمەرگە بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە هێزێكە هەر لە سەرەتاوە داردەستی داگیركەر بووە، چۆنیان ویستبێ و بۆ هەر پرسێك چۆنیان بوێ بەكاری دێنن، ئەوانیش بۆئەوەی ئەركی خۆیان یان فەرمانی داگیركەر جێبەجێ بكەن، هەرچیان بوێ بەبێ بیركردنەوە و بەناوی خەبات دەیكەن.

زیاتر گوتی، بنەڕەتی دروستبوونی پەكەكە بە هەموو ماناكانی داردەستی داگیركەرە، ئەوان لە بەرانبەر دەركردنیان لە شنگال، ئامادە بوون رووبەڕووی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان ببنەوە، بۆیە هێزێك ئەگەر داردەست نەبێ چۆن رووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە.

ئەو فەرماندەی پێشمەرگە روونی كردەوە، ئەو دەركردنەیان لە شنگال، دوای رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، گورزێكی كوشندەیە بۆ ئەو گرووپە و كاریگەریی خراپ لە رووی دەسەڵات و سیاسی و رێكخستن بۆ ئەوان دروست دەكات، هاوكات هەنگاوێكی گەورەشە بۆ دەرچوونیان لە ناوچەكە بە گشتی.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل