لە هەولێر نەشتەرگەرییەكی دەگمەن لەسەر ئاستی عێراق ئەنجام دەدرێت

:: PM:02:01:03/12/2020 ‌
پزیشكێكی پسپۆڕ ڕای دەگەیەنێت، ئەمڕۆ لەسەر ئاستی عێراق بۆ یەكەمجار لە هەولێر نەشتەرگەریی مەیینی خوێن لە شاخوێنبەرەكانی نەخۆشێك ئەنجام دەدرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم سێی كانوونی یەكەم، دكتۆر ئارام هەڵشۆیی پزیشكی پسپۆڕ بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لەسەر ئاستی عێراق بۆ یەكەمجار لە هەولێر نەشتەرگەرییەكی مەیینی خوێن لە شاخوێنبەرەكانی نەخۆشێك ئەنجام دەدرێت، ئەو جۆرە نەخۆشییە پێشتر بە پێدانی دەرمان چارەسەر دەكرا، هەندێك جار یەك مانگی زیاتر پێویست بوو و نەخۆش لەسەر جێ دەمایەوە.

ئەو پزیشكە گوتی، بە چارەسەری دەرمان شوێنەواری زۆر بە جێ دەما، بەڵام بە نەشتەرگەری شوێنەواری كەمتری دەبێت و بەهاوكاریی ژمارەیەك لە پزیشكی توركی و تیمێكی پزیشكی كورد ئەنجام دەدرێت، نەخۆشەکە گەنجێكە و زیاد مانەوەی لەناو جێ وای كردووە تووشی ئەو نەخۆشییە بێت.

باسی لەوەش كرد، ئەو گەنجە زۆرترین كاتی بە یاری پەبجی بەسەر بردووە، ئەوەیش وایكردووە تووشی ئەو نەخۆشییە بێت و ئێستە بە نەشتەرگەری لای دەبەین.

بڕیارە بەشێكی تایبەت لە نەخۆشخانەی CMCـی بۆ ئەو مەبەستە بكرێتەوە و بڕیارە لە سەرانسەری عێراق نەخۆشی لەو شێوەیە بهێنرێن و چارەسەریان بۆ بكرێت.



وشە - رامیار جەواد