ئەوروپا هیچ كاتێك هێندەی ئەمساڵ گەرم نەبووە

:: PM:03:05:03/12/2020 ‌
گەرما لە سیبریا، توانەوەی سەهۆڵە زەبەلاحەكانی جەمسەرەكان، هەستانی لافاو لە ئەفریقا و ئاسیا، وشكەساڵی لە ئەمەریكای باشوور بەشێكن لە نیشانەكانی زەقبوونەوەی كێشەكانی كەشوهەوا لە ساڵی 2020. دەگوترێ هیچ كات ئەوروپا هێندەی ئەمساڵی گەرم نەبووە.

رێكخراوی كەشناسی جیهانیی WMO لە راپۆرتێكدا كە لەبارەی دۆخی كەشوهەوا لە ساڵی 2020 خستوویەتەڕوو، بەو ئەنجامە گەیشتووە تێكڕای پلەی گەرمای ئەوروپا لە 10 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا لە هەر كاتێكی تر بەرزتر بووە.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە بە گشتی دەكرێ بگوترێ ساڵی 2020 گەرمترین ساڵی ئەوروپا بووە، لانی كەم لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمەوە كە پلەكانی گەرمی تۆمار كراون.

گرنگترین هۆكاری گەرمبوونی زەوی پێوەندی بە مرۆڤ و گەشەی پیشەسازییەوە هەیە
گرنگترین هۆكاری گەرمبوونی زەوی پێوەندی بە مرۆڤ و گەشەی پیشەسازییەوە هەیە و وڵاتانی دنیا بە تایبەتی وڵاتە زلهێزە پیشەسازییەكان كە هەستیان بە مەترسییەكە كردووە، لە هەوڵی ئەوەدان هۆكارەكانی پیسكردنی ژینگە كەم بكەنەوە و رێگری لە زیاتر گەرمبوونی زەوی بكەن.

هەر دوێنێ بوو سەرۆك وەزیرانی نیوزلاند باری نائاسایی كەشوهەوای لە وڵاتەكەی راگەیاند و بە پەرلەمانی گوت بۆ ئەوەی نەوەكانی داهاتوو تووشی ئازار و كارەساتی گەورە نەبنەوە، دەبێت رێكاری خێرا بگیرێتەبەر.

بە گوتەی جاسیندا ئاردێرن سەرۆك وەزیرانی نیوزلاند، گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە زانستییەكان زۆر روون و ئاشكران، بۆیەش دەبێت درك بەم هەڕەشانە بكەن.

ئەو رووی قسەی لە نوێنەرانی پەرلەمانی وڵاتەكەی كرد و گوتی، "ئێمە كاتێك باری نائاسایی رادەگەیەنین كە هەڕەشەیەك بۆ سەر ژیان و سەروسامانی خەڵك بێتە كایەوە، ئەگەر لە ئێستەوە گوێ بە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا نەدەین، ئەوا لە كەنارەكانی وڵاتەكەمان كارەسات روو دەدات."

بەریتانیا یەكەم وڵاتە كە مانگی ئایاری رابردوو باری نائاسایی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای پەسند كرد.
بەریتانیا یەكەم وڵاتە كە مانگی ئایاری رابردوو باری نائاسایی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوای پەسند كرد. لەو كاتەوە سەرووی 10 وڵات و هەزار و 800 بەرپرسی خۆجێی لە شارەكانی دنیا پشتیوانییان لەم هەنگاوە كردووە.



وشە - سلێمان تاشان