دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو هێزه‌كانی دژه تیرۆری عێراق و پۆلیسی فیدراڵی و به‌شێك له سوپای عێراقی و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خێرا له شاری به‌غدا خرانه حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه، بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گرووپه چه‌كداره توندڕه‌وه شیعه‌كان، له‌وانه‌یش عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق كه هه‌ڕه‌شه‌ی تێكدانی دۆخی ته‌ناهیی شاره‌كه‌ی ده‌كرد و ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاو بووه‌وه كه ڕاسته‌وخۆ ڕووبه‌ڕووی كازمی ده‌بنه‌وه.
به‌یانی هه‌ینی پێش به‌غدا له تاران چی ڕووی دا؟
ئێران سیستمی به‌رگریی ئاسمانییه‌كه‌ی له ده‌وروبه‌ری بنكه ئه‌تۆمییه‌كانی كۆ كرده‌وه، ئه‌مه‌یش وه‌ك ئاماده‌كارییه‌كی پێشوه‌خته بۆ ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێكی له‌ناكاو كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه بكرێته سه‌ر ئه‌و بنكانه، به‌ر له‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، كۆشكی سپی جێ بهێڵێت وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا.
كێشه‌كان چۆن ده‌ستیان پێ كرد؟
ڕۆژی یه‌كشه‌م 20ی كانوونی یه‌كه‌می ڕابردوو باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا كرایه ئامانجی هێرشێكی مووشه‌كی، دوا به‌دوای ئه‌و ڕووداوه‌یش، موقته‌دا سه‌دری سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌دری شیعی داوای له حكوومه‌تی عێراق كرد باری نائاسایی له به‌غدا ڕابگه‌یه‌نێت بۆ پاراستن و سه‌لامه‌تی نێرده دیپلۆماسییه بیانییه‌كان.
دوای ئه‌وه‌ی دژه‌تیرۆری عێراقی ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی میلیشیاكانی گرووپی عه‌سائیبی به‌تۆمه‌تی ھێرشكردنه سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا گرت، چه‌كدارانی ئه‌و گرووپه‌یش له گرته ڤیدیۆییه‌كدا ھه‌ڕه‌شه‌یان له ئه‌مه‌ریكا و حكوومه‌تی عێراق كرد، به‌مه‌یش گرژی كه‌وته نێوان عه‌سائیب و دژه‌تیرۆری عێراقی كه ڕۆڵی حكوومه‌ت ده‌بینن.
كێ له دوای ڕووداوه‌كان هاته سه‌ر خه‌ت؟
موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در له تویتێكدا دووپاتی له‌وه كرده‌وه، "عێراق بووه‌ته قوربانی ململانێكانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران، ئه‌و ململانێیه به‌شێوه‌یه‌ك زیانی به عێراق گه‌یاندووه، كه ئیتر شایانی بێده‌نگبوون نییه، بووه‌ته گۆڕه‌پانی ململانێی سه‌ربازی، ته‌ناهی، سیاسی، ڤایرۆسی، كه ئامانج لێی بۆ لاوازكردنی حكوومه‌ت و په‌رته‌وازه‌كردنی گه‌لی عێراقه".
موقته‌دا سه‌در ڕای گه‌یاند "من ڕووی بانگه‌وازه‌كه‌م له كۆماری ئیسلامی ئێرانی دراوسێی خۆشه‌ویست ده‌كه‌م، عێراق له ململانێكانی به‌دوور بگرێت و له ته‌نگانه‌شدا پشتی تێناكه‌ین، ئه‌گه‌ر ڕێز له سه‌روه‌ری عێراق و حكوومه‌ت و سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ی بگرێت".
زیاتر گوتی، "هۆشداری ده‌ده‌مه لایه‌نی داگیركه‌ر (ئه‌مه‌ریكا)، كه عێراق لایه‌نێك نییه له‌و ململانێیه و ئێسته ئێمه خه‌ریكی بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقه‌كه‌مانین. ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و داواكارییه‌مان نه‌درایه‌وه، ئێمه‌ش هه‌ڵوێستێكی سیاسیی توندمان بۆ ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه ناپه‌سه‌نده ده‌بێت".
له‌لایه‌كی تره‌وه محه‌مه‌د ڕه‌زا سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕای گه‌یاند، له‌دوای داواكارییه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در بۆ ڕاگه‌یاندنی باری نائاسایی، دوو فه‌وجی هێزه تایبه‌ته‌كان ڕه‌وانه‌ی به‌غدا كران.
ئاماژه‌ی كرد، "لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له‌گه‌ڵ داواكارییه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌دره بۆ ڕاگه‌یاندنی باری نائاسایی له به‌غدا، چونكه پایته‌خت پێویستی به سوپایه‌ك هه‌یه كه كۆنترۆڵی ئه‌و بۆشاییه ته‌ناهییه بكات كه به‌كار ده‌هێنرێت بۆ به ئامانجگرتنی باڵوێزخانه‌كان."
ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، "پێویسته له به‌غدا ئاسایش و دۆخی ته‌ناهی به‌ته‌واوی كۆنترۆڵ بكرێت به‌مه‌به‌ستی سه‌پاندنی یاسا، چونكه كوشتن و پێشێلكاری ته‌ناهی له شوێنه گشتییه‌كاندا هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا بێ ڕێزی به‌رانبه‌ر هاووڵاتییان و ته‌نانه‌ت پۆلیسی هاتوچۆیش ده‌كرێت".
له به‌رانبه‌ردا مسته‌فا كازمی له تویتێكدا له پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی ڕای گه‌یاند، "ئاسایشی عێراق ئامانه‌تێكه و له ئه‌ستۆماندایه، به بێده‌نگی و ئارامی كارمان كردووه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه‌ی گه‌ل و دامه‌زراوه ته‌ناهییه‌كان و سوپا به ده‌وڵه‌ت، له‌كاتێكدا سه‌رپێچیكاران به‌ده‌ستی ده‌ره‌كی متمانه‌یان لاواز كرد."
زیاتر ڕوونی كردبووه‌وه، "داوای ئارامی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان نه‌كه‌وێته ناو سه‌ركێشییه‌كی تری بێماناوه، له‌هه‌مان كاتیش‌دا ئاماده‌ین بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه ئه‌گه‌ر پێویست بكات."
له‌و ناوه‌نده‌یشدا ئیره‌ج مه‌سجدی باڵوێزی ئێران له عێراق له لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی، "تاران ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆیی لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراقدا ناكات، به‌ڵام لایه‌نه‌كان خۆیان ده‌یانه‌وێ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌ن، هه‌روه‌ها ته‌واوی لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق پێوه‌ندی ئه‌رێنییان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه."
له كۆتایی گرژییه‌كان چی ڕووی دا؟
شه‌وی ڕابردوو هێزه‌كانی دژه تیرۆری عێراق به‌فه‌رمانی مسته‌فا كازمی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق خرانه حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه، وه‌ك ئه‌گه‌رێك بۆ هه‌ر هێرشێكی چه‌كداری گرووپی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق و دروستكردنی پشێوی و مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌غدا و حكوومه‌ت.
عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی به‌غدایش هێزه‌كانی بڵاوه پێ كردووه، له‌لایه‌ن دژه تیرۆریشه‌وه هۆشدارییان پێ درا كه ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بن، ئه‌وا ڕووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه و ڕێگری ده‌كه‌ن له هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی چه‌كداری كه بیانه‌وێ ئه‌نجامی بده‌ن و بارودۆخی ته‌ناهی به‌غدا تێكبده‌ن.
ناوه‌نگیری هه‌بوو؟
هه‌وڵی ناوه‌ندگیریی له نێوان دژه تیرۆر و گرووپی چه‌كداری عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق له به‌غدا هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ شه‌موو 26ی كانوونی یه‌كه‌م سه‌عات 9:30 به‌یانی به‌كاتی كوردستان، عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق ڕازی نه‌بووه هێزه‌كانی بكشێنێته‌وه و مه‌رجیشی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دیاری كردووه، داوا ده‌كه‌ن گیراوه‌كانیان ئازاد بكرێن كه به فه‌رمانی ڕاسته‌وخۆی مسته‌فا كازمی و به‌تۆمه‌تی هێرشی مووشه‌كی بۆ سه‌ر نێرده دیپلۆماسییه‌كان گیراون.
به‌پێی زانیارییه‌كانیش ئێسته قاسم ئه‌عره‌جی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، له‌و بابه‌ته ناوه‌ندگری مسته‌فا كازمی و قه‌یس خه‌زعه‌لی ده‌كات، بۆ چاره‌سه‌ری ئاڵۆزییه‌كان.
مسته‌فا كازمی بۆ هاته سه‌ر شه‌قام؟
دوای ئه‌وه‌ی حوسام زرێجاوی پێنج ڕۆژه له‌لایه‌ن ده‌زگای ھه‌واڵگری عێراق به تۆمه‌تی هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردووی سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وز و باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا گیرا. دوێنێ شه‌و سه‌عات 10، چه‌ند چه‌كدارێكی سه‌ر به عه‌سائیب به چه‌كی قورس و سووكه‌وه چوونه سه‌ر سه‌ربازگه‌ی تاجی بۆ ئازادكردنی، پاش ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ هێزه ته‌ناهییه‌كان، چه‌ند چه‌كدارێكیان لێ گیرا، ڕاسته‌وخۆ قه‌یس خه‌زعه‌لی سه‌رۆكی عه‌سائیب داوای ده‌ستبه‌جێ ئازادكردنیانی كرد و كازمیش ڕای گه‌یاند، لێكۆڵینه‌وه‌ی دادگا چاره‌نووسیان یه‌كلا ده‌كاته‌وه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا دره‌نگانی شه‌و هێزه ته‌ناهییه عێراقییه‌كان په‌یتاپه‌یتا گۆڕه‌پانه‌كانیان چۆڵ ده‌كرد و ترس هێزه‌كانی حكوومه‌تی عێراقی داپۆشیبوو، بۆیه به‌ناچاری مسته‌فا كازمی سه‌ردانی هێزه‌كانی دژه تیرۆری له به‌غدا كرد و پێیانی ڕاگه‌یاند، ده‌وڵه‌ت ئاماده‌یی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێكی چه‌كداری دووپات ده‌كاته‌وه كه ببێته مایه‌ی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئارامی شاره‌كه.
هاتنه سه‌ر شه‌قامی كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و ئاڵۆزییه‌كانی به‌غدا، ھاوكاته له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕی كوژرانی قاسم سلێمانی و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس كه سێی كانوونی دووه‌می ساڵی 2020 له هێرشی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئه‌مه‌ریكی، به فه‌رمانی سه‌رۆك تڕه‌مپ له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا كرانه ئامانج، چه‌ند رۆژێك پێش ئێسته گرووپه چه‌كداره شیعه‌كان له به‌غدا ھه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌یان له ھێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كردووه.
ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه دوای ھێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی شه‌وی 20ـی كانوونی یه‌كه‌می سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به فه‌رمی ڕای گه‌یاند، "ئه‌گه‌ر یه‌ك ئه‌مه‌ریكی بكوژرێت، ئه‌وا ئۆباڵی له ئه‌ستۆی ئێرانه".
عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق كێن؟
عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق، هێزی به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی ئیسلامی شیعه‌ن له عێراق، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا چه‌ندان سه‌ركرده و ئه‌ندامی سوننه‌یشی هه‌یه، له ساڵی 2014 له‌دوای هێرشه‌كانی داعش و شكستی هێزه عێراقییه‌كان دروست بوون، له سووریا چالاكییان هه‌بووه و ناویان له لیستی تیرۆری ئه‌مه‌ریكایه، به ئازادكه‌ری پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینی عێراقی داده‌نرێن دوای ئه‌وه‌ی داعش ئه‌و شاره‌ی گرت، هێزه‌كانی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق ڕاسته‌وخۆ فه‌رمان له قه‌یس خه‌زعه‌لی ئه‌مینداری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی عه‌سائیب ئه‌ھل حه‌ق وه‌رده‌گرن.
دوای كوژرانی قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی سوپای قودس، ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و چه‌ند كه‌سێكی تر و له ئه‌ستۆگرتنی كرده‌وه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، هه‌ڕه‌شه و گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا ڕووی له هه‌ڵكشانی زیاتر كردووه، به‌شێوه‌یه‌ك كه ڕاسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه سه‌ر بنكه‌كانی یه‌كتر ده‌كه‌ن.