زانیاری نوێ‌ لەسەر گۆڕانكاری لە نرخی دۆلار ئاشكرا دەكرێت

:: PM:03:01:26/12/2020 ‌

 

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، بەهیچ شێوەیەك ئەنجوومەنی نوێنەران ناتوانێ دەستكاری ئەو نرخە بكات بۆ دۆلار دیاری كراوە.

ئەمڕۆ شەموو 26ـی كانوونی یەكەم، شێروان میرزا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی دارایی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بودجەی ساڵی 2021ـی عێراق لەسەر فرۆشتنی 100 دۆلار بە 145 هەزار دینار دیاری كراوە، بۆیە دەستكاریكردنی ئەستەمە.

زیاتر گوتی، لە دەسەڵاتی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نییە دەستكاری ئەو نرخە بكەن كە بانكی ناوەندی دایناوە.

باسی لەوەش كرد، ئەمڕۆ بانكی دراوی نێودەوڵەتیش پشتگیریی ئەو هەنگاوەی حكوومەتی عێراقی كردووە بۆ دابەزاندنی بەهای دراو، سەرجەم ئەو دەنگۆیانەش ڕەت دەكەینەوە باس لە دابەزاندنی نرخی دۆلار دەكەن بۆ 130 هەزار دینار.

ڕوونی كردەوە، ئەگەر بەهای دۆلار كەم بكرێتەوە هەرچەندە ئەستەمە، دەبێت جارێكی تر بودجە عێراق دەستكاری بكرێتەوە و جارێكی تر دابڕێژرێتەوە.

حكوومەتی عێراق لە هەفتەی ڕابردوو بەهای دیناری دابەزاند و 100 دۆلاری بۆ 145 هەزار دینار بەرز كردەوە.



 



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 7316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌