نووسینی: كه‌ژاڵ نووری
ئه‌و جن و ویسكی و ڤۆدگا و شه‌رابه كه ئه‌مڕۆ له هه‌موویم خوارده‌وه، به‌رم نادات، ئه‌رێ چی بكه‌م هاوڕێیان؟
من ته‌مه‌نم 50 ساڵه، له ته‌مه‌نی 27 ساڵییه‌وه ئازادی ره‌های خۆمم له ناو ده‌ربه‌ندیخاندا له ده‌ست خێزان وه‌رگرت، له ته‌مه‌نی 30 ساڵی نیشته‌جێی سلێمانی بووم، واته پله‌یه‌كی تر له ئازادی ره‌ها چوومه سه‌رێ، له ته‌مه‌نی 33 ساڵی كه هێشتا كچ بووم، به‌ته‌نیا هاتمه هۆڵه‌ندا و 16 ساڵه له ئه‌وروپام. له‌و 16 ساڵه ته‌نیا سێ ساڵ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ردا بووم و ئیتر هه‌ر ته‌نیا بووم.
تا ئێسته به‌درێژایی ته‌مه‌نم نه جگه‌ره‌م كێشاوه و نه ماده كحوولییهكانم خواردووه‌ته‌وه، له هه‌ر شارێكی ئه‌وروپادا ژیابم، زانیومه هه‌موو رێكخراوه‌كانی مافی ژنان و مافی منداڵان و مافی مرۆڤ له كوێدان و له‌گه‌ڵ زۆریشیاندا چالاكیم هه‌بووه. له دوو دانهشیدا وه‌ك ئه‌ندام تا ئێسته‌ش ئهكتیفم له‌ناویاندا، به‌ڵام تا ئه‌م ساته‌وه‌خته نازانم دیسكۆی ئه‌و شارانه‌ی تێیاندا ژیاوم كه‌وتوونه‌ته چ قوژبنێكی شاره‌كه‌وه. هه‌میشه ئه‌و ئازادییه ره‌هایه‌ی هه‌مبووه به‌كارم هێناوه بۆ خۆ رۆشنبیركردن، كتێب خوێندنه‌وه، گه‌شتی وڵاتان بۆ به‌شداریكردن له كۆنفرانس و و كۆڕه‌كان، ته‌واوی ئه‌و چالاكییانه‌ی كه بۆ مافه‌كانی ژنان ئه‌نجام دراون. جا هه‌بووه 16 سه‌عات ئۆتۆمبێلم لێخوڕیوه.
له هۆڵه‌نداوه به‌سه‌ر وڵاتی به‌لجیكادا چوومه‌ته فڕه‌نسا، ته‌نیا له‌به‌ر خاتری خوێندنه‌وه‌ی یه‌ك پارچه شیعری خۆم له فێستیڤاڵێكی ساڵانه‌دا. جار هه‌بووه له‌ناو مه‌جلیسێكدا دانیشتووم و سه‌راپای ئه‌و مه‌جلیسه به ژن و پیاوه‌وه شه‌راب و بیره‌یان خواردووه‌ته‌وه، تكای دنیام لێ كراوه بۆ خواردنه‌وه‌ی قومێك شه‌راب، به‌ڵام پێم گوتوون ببوورن، من كه‌سێكی خاوه‌ن پره‌نسیپ، بڕیارم له‌سه‌ر شتێك دا، زه‌وی و ئاسمان پێم ناگۆڕێت، بۆیه خۆتان هیلاك مه‌كه‌ن و من ته‌نانه‌ت ماده غازییه‌كانی وه‌ك كۆلا و خێزانه‌كه‌شی ناخۆمه‌وه، ته‌نیا ئاوی تیژ و ئاو نه‌بێ له‌گه‌ڵ قاوه‌ی بێ شه‌كر و بێ شیر، له‌گه‌ڵ شیری به‌هه‌نگوین، هیچی تر ناخۆمه‌وه.
به‌ڵام به‌یانی یه‌كی یه‌كی 2021، هه‌ركه چاوم كرده‌وه، بڕیارم دا یه‌ك قاپ ویسكی و ڤۆدگا بخۆمه‌وه، هه‌رواشم كرد. ئیتر بۆ له‌مه‌ودواش هه‌روا ده‌كه‌م. به‌ڵێ مه‌ستم و به‌رم نادات. من ده‌مێكه رۆژانه ئه‌و ڤۆدگایه ده‌خۆمه‌وه، به‌ڵام ڤۆدگاكهی من هیچ كۆمپانیایه‌كی جیهانی ناتوانێ یه‌ك پێكی لێ به‌رهه‌م بهێنێت، هیچ ترێیه‌كی ئه‌م سه‌ر زه‌وینه ئه‌گه‌ر به‌هه‌زاران ساڵیش دایبنێیت، به‌و شێوه‌یه نابێ به‌شه‌راب، ته‌نانه‌ت ئه‌و جنه‌ی له قورئانیشدا خودا به خه‌ڵكی ده‌ناسێنێت، ناتوانێ ببێ به پێكێك له‌و جنه‌ی من ده‌یخۆمه‌وه. چونكه ئه‌و ماده كحوولییانهی من دهیانخۆمهوه به‌رهه‌می ترێ نین، به‌ڵكو به‌رهه‌می قوڕگێكی ساف و ئاوازێكی كوردی ره‌سه‌ن و موزیكێكی ئارامن.
رۆژانه له ماڵی خۆمه‌وه كه گوێ له ده‌نگی چه‌هچه‌هه و قههقهههی ده‌نگی ره‌سه‌نی گۆرانیبێژه‌كانی كورد ده‌گرم، چ حهوجهم به جن و وێسكی و شه‌رابی كۆمپانیای جیهانی خاڵ ئێن خاڵه ( Gall en Gall ) ه؟ چ حهوجهم به مه‌ریوانا و خه‌شخاش هیرۆیینه به جگه‌ره و پێك و پیاڵه؟ من ده‌نگێكی ره‌سه‌ن و قوڕگێكی پاكم به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی سێ رۆژ بمگرێ و به‌رم نه‌دا. بمبوورن ئه‌مڕۆ سه‌رخۆشم.
وه‌ك پیشه‌ی ئه‌و رۆژانه‌ی ناچمه سه‌ركار، كه له خه‌و هه‌ڵده‌ستم، یه‌كسه‌ر له‌ناو جێیهكهم نایه‌مه ده‌ره‌وه و سووڕێك به‌ناو فه‌یسبووكدا ده‌خۆم (ئه‌گه‌ر منداڵه‌كان به‌خه‌به‌ر نه‌بن)، ئه‌م به‌یانییه‌ش هه‌روام كرد، به‌ڵام چی؟
كه‌وتم به‌سه‌ر ڤیدۆیه‌كی گۆرانیی كچێكی منداڵكار به‌ناوی ژینا نهسیرییهوه:
یااللـــــــــــــــــــــــــــــه
چی ڤۆدگایهكه ئه‌و ده‌نگه!
چ تابانێكه ئه‌و ره‌نگه!
چ ناقووسێكه ئه‌و زه‌نگه
چ خه‌یاڵێكی خه‌یاڵییه! ئه‌و مه‌ستبوونه
هاوڕێیان یه‌كێك له گورانییهكانی هاوپێچ دەکەم گوێی لێ بگرن، ئه‌گه‌ر سه‌رخۆشی نه‌كردن به‌بێ شه‌راب، چی ده‌ڵێن بڵێن.
من هه‌تا چه‌هچه‌هه‌ی ده‌نگێكم هه‌بێ،
پیاڵه‌ی شه‌رابم بۆ چییه؟
من تا رووی كیژۆڵه‌یه‌كی گۆرانیبێژی كوردم هه‌بێ
چرای مههتابم بۆ چییه؟