له ماوه‌ی رابردوودا، هێزه‌كانی پۆلیس له‌ناو شاری سلێمانی چه‌ندان كه‌سیان به تاوانی له‌شفرۆشی له پیاوان و ژنان گرتووه. ئاشكراشیان كردووه، ئه‌وانه‌ی ئه‌و كارانه‌یان كردووه زیاتر ژنی ئێرانی و عه‌ره‌ب بوون.
له‌گه‌ڵ هه‌موو تاوان و رووداوه جۆربه‌جۆره‌كانی سلێمانی كه ساڵانه روو ده‌ده‌ن و پۆلیس ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانه، دیارده‌ی له‌شفرۆشی یه‌كێكه له‌و تاوانانه‌ی كه له شاره‌كه له‌لایه‌ن ژنانه‌وه ده‌كرێت، پیاوانیش وه‌ك موشته‌ری به‌شدارن و ده‌گیرێن.
نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و پێوه‌ندییه‌كانی پۆلیسی سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، به‌شێك له‌و رووداوانه‌ی كه له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه تۆمار ده‌كرێن، حاڵه‌تی له‌شفرۆشی تێدا بووه، به‌ڵام وه‌ك باند، باندی له‌شفرۆشی نه‌بووه، ئه‌وانه‌ی كه ئه‌و كاره ده‌كه‌ن ژنن وه‌ك تاك نه‌ك به‌شێوه‌ی باند ئه‌و كاره بكه‌ن.
ئه‌وه‌شی گوت، چه‌ندان له‌شفرۆشمان گرتووه كه ئه‌و كاره‌یان كردووه و به‌رده‌وام بوون، ئه‌وان له ماڵدا ئه‌و كاره‌یان كردووه و ماڵه‌كانیان بۆ له‌شفرۆشی ته‌رخان كردووه، به‌هۆی ئه‌وانه‌وه پیاوه‌كانیش كه چوونه‌ته لایان گیراون.
زیاتر گوتی، ئه‌وانه‌ی ئه‌و كاره‌یان كردووه و گیراون، له رووی نه‌ته‌وه‌وه جیاوازن و به‌پێی یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
زیاتر گوتی، ئه‌وانه‌ی ئه‌و كارانه ده‌كه‌ن ژنی عه‌ره‌ب و ئێرانین و هاووڵاتی شاری كه‌م تێدایه، شوێنی تایبه‌تیان نییه، ده‌چنه گه‌ڕه‌كێك ده‌ست ده‌كه‌ن به‌و كاره، دواتر كه دانیشتووانی گه‌ڕه‌كه‌كه پێیان زانین، پۆلیس ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌مه له شاره‌كانی تری وه‌ك هه‌ولێر و دهۆكیش هه‌یه.
له‌ناو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌گیرێن، تێیاندایه به‌شێوه‌ی خێزانی ئه‌و كاره‌یان پێ ده‌كرێ، واته پیاو هه‌بووه له ماوه‌ی ساڵانی رابردوو ژنه‌كه‌ی خۆی وه‌ك له‌شفرۆش به‌كار هێناوه و ئه‌و كاره‌ی پێ كردووه، ژنه‌كه سكاڵای له پیاوه‌كه‌ی كردووه و گوتوویه‌تی مێرده‌كه‌ی ده‌یه‌وێ بۆ له‌شفرۆشی به‌كاری بهێنێ، هه‌روه‌ها چه‌ندان جۆری تر كه دۆسیه‌كانیان له لای پۆلیسه و له‌به‌ر دۆخی كۆمه‌ڵگا ئاشكرایان ناكه‌ن.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی