پەكەكە ناسنامەی حەشدیان لە گیرفانە و رێگری لە ئاسایبوونەوەی شنگال دەكەن

:: PM:03:21:04/01/2021 ‌

 

 قادر قاچاخ بەرپرسی لقی 17ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" كۆمەڵێك نهێنی پەكەكە لە شنگال ئاشكرا دەكات كە چۆن لەگەڵ حەشدی شەعبی دەستیان تێكەڵ كردووە و دەڵێت، پەكەكە لە شوێنەكانی خۆیان ئاڵایان هێناوەتە خوارەوە و ناسنامەی حەشدییان بۆ كراوە و كاری ڕێگری دەكەن.

• لە میدیاكان بڵاو كرایەوە بارەگاكانی پەكەكە چۆڵكراوە ڕاستی ئەو بابەتە چیە لە كاتێك پەكەكە لە سنوورەكە جموجۆڵی هەیە؟
پێویستە ئەو راستییە بزانرێت تا ئێستە پەكەكە لە شنگال ماوە تەنیا شێوەی ڕووخساریان گۆڕیووە ئێستە ئەوان لە ناو بارەگای گشتی پۆلیسی شنگالن كە دەستیان بەسەردا گرتووەو بەناوی ئاسایشی شنگالیش كە بارەگایەكە كار دەكەن و لە شوێنەكە بوونیان هەیە.

• دوای هێنانە خوارەوەی ئاڵاكانیان بارەگاكانیان چۆڵ نەكرد؟
هێنانە خوارەوەی ئاڵاكان شتێك بوو بۆ ونكردنی ناویان تەنانەت لەو بارەگایانەی ئاڵای تێدا هێنراوەتە خوار لە ژوورەوە كاری خۆیان دەكەن و ئاڵاشیان هەیە و هیچ بارەگایەكیشان چۆڵ نەكردووە.

• كاری هاوبەشی پەكەكە لەگەڵ حەشد چیە كە دەگوترێت لێك نزیكن؟
پێویستە بگوترێت ئەوان خاڵی هاوبەشیان كاری قاچاخچێتییە و لە چەندان شوێن هاوبەشیان هەیە و هەموو جارێك لە خاڵە سنوورییەكانیش ئەو كێشەیان هەیە.

• بۆچی ڕێكخراوە خێرخوازییەكان گلەییان هەیە لەو سنوورە و دۆخی تەناهی؟
پەكەكە و حەشد بەهاوكاری یەكتر ڕێگری دەكەن لە چوونی هاوكارییە ناوخۆییەكان و هاوكارییەنێودەوڵەتییەكان و ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەشی بۆ شوێنە بڕیاری لەسەر دراوە ئەوان ڕێگری لێ دەكەن ئەنجام بدرێت، بۆیە سنوورەكە بە دۆخێكی خراپ تێدەپەڕێت.

• خەڵكی شنگال لە میدیاكان گلەییان هەیە لە ڕەفتاری پەكەكە و بە ئاشكرا ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن؟
ئەو خەڵكە چەندجار هاتوونەتە لای ئێمەیش سكاڵایان هەبووە لەسەر ڕەفتاری پەكەكە و لە ڕابردوویش ئەو ناڕەزایەتیانەمان بینی و خەڵكی دژی ئەوان خۆپێشاندانیان كرد و داوای ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەیان دەكرد لەگەڵ دەرچوونی ئەو چەكدارانە لەو شوێنە.

• دەگوترێت گەنجانی شنگال بەشێكییان بەهۆی ڕفاندنیان لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە چارەنووسیان نادیارە؟
چەندان مێردمنداڵ لەلایەن پەكەكەوە ڕفێنراون و چارەنووسیان نادیارە و ڕێش نادەن كە كەسوكاریشیان هەوڵ بدەن منداڵەكانیان ئازاد بكەن و چارەنووسیان نازانن، ئەوانەی لەلایەن داعش رفێنرابوون بە هەوڵی كەسیی یان بە پارە بێت بەشێكییان ئازاد كران، بەڵام ئەوانەی پەكەكە ڕفاندنی كەس چارەنووسیان نازانێت و لە ڕابردوویش ماڵی ئێزدییان خۆپێشاندانێكی دژی ئەو چەكدارانە ئەنجامدان بۆ دیاركردنی چارەنووسی منداڵەكانیان، بەڵام ئەوان گوێ لە كەس ناگرن.


• ئەو كەسانەی لە ماڵی ئێزدییەكان خۆپێشاندانیان كرد دەگوترێت دواتر پەكەكە هەڕەشەی لێ كردن؟
 بەڵێ، دوای خۆپێشاندانەكان پەكەكە ڕێگری كرد لەو كەسانەی بۆ كاركردن دەچوونە سنووری شنگال  چیتر ڕێگەی نەدا ئەو كەسانە بێنە ئەو سنوورە و ئەو كەسەانە هەڕشەیان لێكراوە كە جارێكی تر خۆپێشاندان نەكەن چ بەڕاستەوخۆ بە تەلەفۆن یان شێوەی تر.

• ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا وایكردووە پەكەكە گوشاری لەسەر بێت بۆ ئەوەی ناوچەكە چۆڵ بكەن؟
تائێستە هیچ هەنگاوێك لەلایەن پەكەكەوە نییە بۆ ئەوەی ببێتە هۆكارێك بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە، چونكە حەشد ڕێگرە لەو ڕێككەوتنە و پەكەكەش پاڵپشتیان دەكات و سەرجەم ئەندامانی پەكەكە ناسنامەی حەشدی شەعبیان لە گیرفانە و كارەكانیان پێ دەكەن.

• چارەسەر چیە، لە كاتێكدا پێشتر عێراق گوتی ئەو چەكدارانە دەردەكەین؟
ڕاستە عێراق گوتی ئێمە ئەو چەكدارانە دەردەكەین چارەسەریش ئەوەیە ئەوان ئەگەر نیەت پاكیان هەیە با پابەندبن و ئەو چەكدارانە لەو ناوچەیە دەربكەن، چونكە ڕێككەوتن دەكرێت دەبێت كاتی كاركردن و جێبەجێكردنی هەبێت.



 



وشە - رامیار جەواد