شیلان زۆری نه‌ما ماڵی خۆی تێكبدات و ببێته‌ ‌قوربانیی خوشكه‌كه‌ی

:: PM:07:54:05/01/2021 ‌
شیلان پاش ساڵێك له هاوسه‌رگیری بۆی دەرکەوت، خوشکەکەی حەزی لە مێردەکەی کردووە و خەریکە ژیانی لێ تێک دەدات.

شیلان و نازدار دوو خوشکی شارۆکەی کەلارن، کاتێک شیلان هاوسەرگیریی کردووە، نازداری خوشکی لەسەر ماڵ ماوە، بەڵام دوای ساڵێک دەرکەوت کە بەدزییەوە لەگەڵ مێردی شیلان پێوەندیی هەبووە.

شیلان چیرۆکی ژیانی و چۆنییەتی ئاشکرابوونی پێوەندیی نێوان خوشکەکەی و مێردەکەی بۆ "وشه‌" گێڕایەوە، گوتی: پێش ئه‌وەی‌ هاوسه‌رگیری بكه‌م، دەمزانی كه‌ خوشكه‌كه‌م هه‌ندێك داخراوه ‌و سه‌ردانی ماڵی خوشك و براكانمی نه‌ده‌كرد؛ به‌ڵام ئەگەرچی پێش هاوسەرگیری پێوەندیی نێوان من و خوشکەکەم هێندە بەهێز نەبوو، کەچی دوای ئەوەی شووم کرد و ماڵم جیاکردەوە، زۆر ده‌هاته‌ لام، سەرەتا وەک شتێکی ئاسایی وەرم گرت، دواتر وردە وردە چاودێریم كرد.

زیاتر گوتی: هاتنی خوشکەکەم لە کەلارەوە بۆ ماڵی من کە لە دەرەوەی کەلارە، زۆر گومانی لا دروست کردم، گومانەکانیشم زیاد بوون، دوای ئەوەی هەستم بەو هەموو گرنگیپێدانەی مێردەکەم بۆ خوشکەکەم دەکرد، دواتر بەتەواوی پێوەندییەکەی نێوانیانم بۆ ئاشکرا بوو و زانیم خوشکەکەم بەتەواوی عاشقی مێردەکەم بووە.

نه‌یشارده‌وه و گوتی،‌ جارێك چوومه‌ته ‌دادگا بۆ جیابوونه‌وه‌ له ‌هاوسه‌ره‌كه‌م، به‌ڵام دواتر یه‌كێك له‌ براكانم به‌ كێشه‌كه‌ی زانی و  له ‌جیابوونه‌وه‌ په‌شیمانی كردمه‌وه‌، به‌ڵێنی دا كێشه‌كه‌م چاره‌سه‌ر بكات.

له‌باره‌ی چۆنێتیی چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته‌ش، شیلان گوتی: براكه‌م  چیتر رێگه‌ی نه‌دا خوشكه‌كه‌م هاتوچۆمان بكات، جگه‌ له‌وه‌ش ئامێره‌كانی پێوه‌ندیان لێ قه‌ده‌غه ‌كرد، تا ساڵی پار ئەو خوشکەم هاوسه‌رگیریی کرد.

شیلان گێڕایەوە کە هاوسەرەکەی گوتوویەتی: من بۆیە گرنگیم بە نازداری خوشکت داوە، چونکە نه‌مویستووه‌ سۆز و خۆشه‌ویستی به‌ كه‌سیتر ببه‌خشێ و كاری خراپه‌ی له‌گه‌ڵ بكات و ناوبانگی ئێوه‌ش ناشرین بكات.

بۆم ده‌ركه‌وت هاوسه‌ره‌كه‌م راست ده‌كات و باوەڕم بە قسەکانی کرد، چونكه‌ دوای ئه‌وه‌ی خوشکه‌كه‌م رێگه‌ی هاتوچۆی پێ نه‌درا و دواتر شووی كرد، هیچ خه‌مباری و بێزارییه‌كم له‌ مێرده‌كه‌م به‌دی نه‌كرد و هاوشێوه‌ی رۆژانی ئاسایی بوو. شیلان وای گوت.

نازدار داوای لێبوردنی لە شیلانی خوشکی کردووە، به‌ڵام ئێسته‌ له ‌شه‌رمی ئاشكرابوونی ئەوەی هه‌وڵی تێكدانی ماڵی خوشکەکەی داوە، هاتوچۆیان ناكات.

نازدار له‌سه‌ر داوای شیلانی خوشكی كه‌ رازی كرد قسه بۆ ''وشه‌'' بكات، ئاشكرای كرد، په‌شیمانه‌ له‌و ڕه‌فتاره‌ی ئه‌نجامی داوه‌، هاوكات سوپاسگوزاره‌ نه‌بووەتە هۆی تێكدانی ماڵی خوشكه‌كه‌ی، گوتیشی: نازانم چۆن خۆشه‌ویستی هاوسه‌ری خوشكه‌كه‌م چوو به‌ دڵمه‌وه‌ و هەوڵی نزیکبوونەوەم لێی دەدا، له‌كاتێكدا ده‌بوو ده‌ستبه‌جێ ئه‌و حه‌زه ‌بكوژم.

گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرێنی


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان