هەر رەشەوڵاخێك 200 تا 250 هەزار دیناری هاتووەتە سەر

:: PM:02:52:07/01/2021 ‌
هەڵمەت حەمزە بەڕێوەبەری گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر، لە دیمانەی "وشە"دا باس لەوە دەكات بەهۆی تەنگژەی دارایی و دابەزینی بەهای دینار، نرخی ئاژەڵ بەرز بووەتەوە. ئەو وێڕای پێداگری لە تەندروستیی ئەو گۆشتەی لە لای ئەوانەوە بۆ ناو شار دەگوازرێتەوە، هۆشداری دا لە بوونی گۆشتی ناتەندروست لای بەشێك لە قەسابخانەكان و بە پێویستی زانی خەڵك هوشیار بن و گۆشتێك نەكڕن مۆری چاودێری تەندروستی لەسەر نەبێت.

گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر تا چ ئاستێك دەتوانێ پێداویستی شارەكە بە گۆشتی سوور دابین بكات؟

رۆژانە ژمارەیەكی زۆری ئاژەڵی گەورە و بچووك لەم شوێنە دوای چاودێری وردی تەندروستی سەردەبڕێن، پاشان لە لایەن دوكاندار و قەسابەكان بە ناو شاری هەولێردا بڵاو دەكرێنەوە و زیاتر پێداویستی ناوخۆی هەولێر دابین دەكات و لە دەوروبەری هەولێریش هەندێك سەربڕخانەی تر كار دەكەن.

بۆچی تەنیا بۆ ناو شاری هەولێرە، بەرهەمەكە بەش ناكات یان بازنەكانی دابینكردنی گۆشتی قەسابخانەكان دابەش كراون؟

بابەتەكە بەم جۆرە نییە، گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر نەتوانێ سەرجەم پێداویستییەكان دابین بكات، بەڵكو توانای ئەو گۆشتگەیە زۆر لەوە زیاترە كە ئێستە پێشكەشی دەكات و بەكۆمەڵێك هۆكار كەمتر لە وزەی خۆی كار دەكات.

رۆژانە 100 رەشەوڵاخ و 700 ئاژەڵی بچووك بۆ سەربڕین وەردەگرین.
توانای گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر لە سەربڕینی ئاژەڵ چەندە؟

خۆی بۆ هەشت سەعات كاركردنی ،وانای وەرگرتنی 200  رەشەوڵاخ و هەزار و 200 ئاژەڵی بچووكی هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی كە 12 سەعات كار دەكەین، رۆژانە 100 رەشەوڵاخ و 700 ئاژەڵی بچووك بۆ سەربڕین وەردەگرین.

هۆكاری كەمبوونەوەی ئەم توانایە چییە؟

هۆكاری جۆراوجۆر هەن، پرسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و توانای دارایی هاووڵاتییان كاریگەری لەسەر ئەو بازاڕەش هەبووە، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو خەڵك لەبەر تەنگژەی دارایی گۆشت ناكڕن و داخوازی لەسەری كەم بووەتەوە.

گۆڕانی نرخی دۆلار چ كاریگەرییەكی لەسەر بازاڕی گۆشت هەبووە؟

ئەمەش یەكێكی ترە لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی داخوازی هاووڵاتییان لەسەر گۆشت، هەر رەشەوڵاخێك 200 تا 250 هەزار دیناری هاتووەتە سەر، ئەمەش دواجار كاریگەری لەسەر نرخی گۆشت لە ماركێت و قەسابخانەكان دەبێت.

یەكێكیان لە بنەسڵاوە و ئەوی تریان لە قوشتەپەیە و بەداخەوە بنەما تەندروستییەكانی گۆشتگەیان تێدا نییە
جگە لە گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر، چەند گۆشتگەی تر پێداویستی هاووڵاتییان بە گۆشت دابین دەكەن؟

دوو گۆشتگەی تر هەن كە یەكێكیان لە بنەسڵاوە و ئەوی تریان لە قوشتەپەیە و بەداخەوە بنەما تەندروستییەكانی گۆشتگەیان تێدا نییە و نەبوونیان باشتر بوو، بەڵام لەبەر ئەو دۆخە تایبەتییە و كۆمەڵێك هۆكاری تر، ئەوانەش بەشێك لە پێداویستییەكانی دەوروبەری هەولێر بە گۆشت دابین دەكەن.

مەگەر هاوشێوەی گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر ئەوانە لە لایەن حكوومەتەوە چاودێری ناكرێن؟

ئەم دوو شوێنە جیاوازن، لە لایەن كەرتی تایبەت بەڕێوە دەچن و چاودێرییە تەندروستییەكان لەسەریان لاوازە و لە هەمووی گرنگتر هەر خۆی شوێنەكەیان بۆ ئەوە شیاو نییە ئاژەڵی لێ سەر ببڕێت، لەرووی تەندروستییەوە گونجاو نییە و نەبوونیان لە بوونیان باشترە.

ئەوان ئاژەڵی نەخۆش و لاواز و مێش سەردەبڕن كە لە گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر رێپێدراو نییە
لە دەوروبەری هەولێر هێشتا خەڵكێك ئاژەڵەكانیان ناهێننە گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر تا سەریان ببڕن، لەبەرچی رێیان پێ دراوە؟

ئەوانە بە كۆمەڵێك هۆكار هەوڵ دەدەن دوور لە تیمەكانی چاودێری تەندروستی و بازاڕ ئاژەڵەكانیان سەرببڕن. یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە لە قازانجی زیاتر دەگەڕێن و نایانەوێت ئەو رسووماتە بدەن لە كاتی سەربڕینی ئاژەڵەكانیان لە گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر دەیدەن، جگە لەمە وای لێك دەدەنەوە هێنانی ئاژەڵەكە بۆ گۆشتگە و پاشان بردنەوەی گۆشتەكە تێچووی زیاتر دەكات، ئەگەر هەر لای خۆیان بیكوژنەوە خەرجییان كەمتر دەبێت. جگەلەمە ئەوان ئاژەڵی نەخۆش و لاواز و مێش سەردەبڕن كە لە گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر رێپێدراو نییە، لە لایەك دەیانەوێ پارێزگاری لە پەرەپێدانی ئاژەڵداری بكەن و لە لایەكی تریش گۆشتی ئاژەڵی لەڕ و لاواز و نەخۆش بۆ خواردن شیاو نییە و زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.

ئەی بۆچی تیمەكانی چاودێری تەندروستی رێیان لێ ناگرن  لە كاتێكدا بێ هیچ پشكنینێك گۆشتەكەیان دەفرۆشن؟

تیمەكانی چاودێری بازاڕ سنووردارن و بەوە راناگەن چاودێری هەموو شوێنێك بكەن جگە لەمە ئەوانەی سەرپێچی دەكەن، بەیانیان بەر لە رۆژهەڵات ئاژەڵەكانیان سەردەبڕن و هەر جارێكیش شوێنی سەربڕینەكە دەگۆڕن بۆ ئەوەی تیمەكانی چاودێری بازاڕ پێی نەزانن. 

هەر ئاژەڵێك بهێنرێتە لای ئێمە بەر لە سەربڕین و دوای سەربڕین پشكنینی بۆ دەكرێت.
ئەو رسووماتەی ئێوە بۆ سەربڕینی ئاژەڵ وەری دەگرن چەندە؟

بۆ هەر رەشەوڵاخێك هەشت هەزار دینار و بۆ ئاژەڵی بچووكیش دوو هەزار و 500 دینار وەردەگیرێت. هەر ئاژەڵێك بهێنرێتە لای ئێمە بەر لە سەربڕین و دوای سەربڕین پشكنینی بۆ دەكرێت.


ئەو ئاژەڵانەی لای ئێوە سەردەبڕێن خۆماڵین یان هاوردە كراون؟

90%ی ئەو رەشەوڵاخانەی لای ئێمە سەردەبڕێن لە دەرەوە هاوردە دەكرێن، بەڵام ئاژەڵی بچووك تەنیا 20%ی هاوردەیە و ئەوەی تری هەمووی هی خۆمانە.

هاووڵاتییان خۆیان دەبێت هوشیار بن لەوەی هەموو گۆشتێك نەكڕن
ئێوە تاچەندە خەڵك لەوە دڵنیا دەكەنەوە بەرهەمەكانتان تەندروستن؟

هەر ئاژەڵێك لە گۆشتگەی هاوچەرخی هەولێر سەربڕابێت 100% تەندروستە، چونكە زۆر بە وردی پشكنینی بۆ دەكەین و مۆری دەزگاكەش لەو گۆشتە دەدەین كە دواتر دەهێنرێتە بازاڕەوە، هاووڵاتییان خۆیان دەبێت هوشیار بن لەوەی هەموو گۆشتێك نەكڕن و سەیری مۆر و هێمای ئەو شوێنەش بكەن ئاژەڵەكەی لێ سەربڕاوە.

هیچ بەرنامەیەكتان هەیە خۆتان راستەوخۆ گۆشت لە بازاڕ بخەنەڕوو لە جیاتی ئەوەی خەڵك لاتان ئاژەڵ سەرببڕێت و دواتر بەرهەمەكە بخرێتە بازاڕەوە؟

بەرنامەیەكی لەو شێوەیەمان هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە تایبەتییە و پاشان كۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر، نەمانتوانیوە بەرنامەكە بەرەوپێش ببەین.


وشە - سلێمان تاشان