بانكی ناوەندیی نیوزلاند هاك كرا

:: PM:12:16:10/01/2021 ‌
بانكی ناوەندیی نیوزلاند هاك كرا و پێشبینی دەكرێت بەو هۆیەوە بەشێكی بەرچاو لە زانیارییەكانی بانكەكە لەسەر هەژمارە بانكییەكان دزرابن.

بانكی ناوەندیی ئەو وڵاتە بۆ هەڵگرتنی زانیارییەكان، سوود لە سیستمێك وەردەگرێت كە تایبەت بە خۆیەتی، بەڵام هاكەرەكان توانیویانە بچنە ناو ئەو سیستمەوە.

ئۆدریان ئۆر سەرۆكی بانكی ناوەندیی نیوزلاند باسی لەوە كرد، كۆنترۆڵی دۆخەكەیان كردووە، بەڵام ماوەیەكی پێ دەچێت تا بتوانن بە تەواوی سیستمەكە بەگەڕ بخەنەوە.
پێ دەچێت هاكەرەكان دەستیان بە هەندێك زانیاری هەستیاری كەسی و بازرگانی گەیشتبێت

لە بەیاننامەیەكدا كە ئەو بەرپرسەی نیوزلاند بڵاوی كردووەتەوە و گوتوویەتی، بازنەی هاككردنەكە هێشتا بە تەواوی دیار نییە، بەڵام پێ دەچێت هاكەرەكان دەستیان بە هەندێك زانیاری هەستیاری كەسی و بازرگانی گەیشتبێت.

بەگوێرەی مێهرنیوز، ئەو هێرشە ئەلیكترۆنییە دوای ئەوە دێت لە مانگی ئابی ساڵی رابردووش بۆرسەی كاغەزە داراییەكانی نیوزلاند هێرشی كرایە سەر و هاك كرا.

كۆمپانیای inphysec كە بەرپرسیارێتی رێگرتن لەو جۆرە هێرشانەی لە ئەستۆدایە، باسی لەوە كردووە ئەو جۆرە هێرشانە لە نیوزلاند بێ وێنەن.


وشە - سلێمان تاشان