سعوودیە شاری the line دروست دەكات كە 100% پشت بە وزەی پاك دەبەستێت

:: AM:10:59:11/01/2021 ‌
لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژە ستراتیجییەی "نیۆم" كە سعوودیە بۆ پەرەپێدانی بواری گەشتوگوزار و بازرگانی دەستی پێ كردووە، شارێكی نوێ دادەمەزرێت كە بە the line ناسراوە و 100% پشت بە وزەی پاك دەبەستێت.

شازادە محەمەد بن سەلمان جێنشینی پاشای سعوودیە یەكێك لە گرنگترین پڕۆژەكانی ئەو وڵاتەی كردەوە كە بە the line ناسراوە و لە ناوچەی نیۆم دروست كراوە. ئەو پڕۆژەكەی بە شۆڕشێكی نوێی شارستانی  هەژمار كردووە كە مرۆڤی خستووەتە ئەولەیەتی هەموو شتێكەوە.

دەكرێ مرۆڤ لە سروشتێكی زۆر پاكدا بژیت و دووبارە شار پێناسە بكاتەوە.


ئەو باسی لە ژینگە كرد كە دەكرێ بەو واتایە سوودی لێ وەرگیرێت كە شاری پێشكەوتووی تێدا بنیات بنرێت و جیاواز بێت لەو شارانەی لە رابردوو دروست كراون كە مایەی تێكدانی ژینگە بوون. ئەمجارە بە پێچەوانە بە تەكنەلۆجیای سەردەم و هۆشی دەستكرد، دەكرێ مرۆڤ لە سروشتێكی زۆر پاكدا بژیت و دووبارە شار پێناسە بكاتەوە.

بەگوێرەی ئەلعەرەبیە ئەو ئاماژەی بە قوربانیانی رووداوەكانی هاتوچۆ كرد و گوتی، بۆ دەبێت ساڵانە یەك ملیۆن كەس بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆ بمرن و بۆ دەبێت تەمەنی مرۆڤ بۆ شتی خراپ بە فیڕۆ بچێت.

شاری the line بە شارێكی ملیۆنی هەژمار دەكرێت كە 170 كیلۆمەتر درێژە و 95% لە سروشتی ناوچەی نیۆم دەپارێزێت. لەو شارەدا هیچ شەقام و هیچ جۆرە ئۆتۆمبێلێك نییە و هیچ شتێك لەو شارە سوودی لێ وەرناگیرێت كە ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە.

دانیشتووانی شاری the line بە پێنج خولەك پیادەڕەوی دەتوانن پێداویستییەكانی خۆیان دابین بكەن.


دانیشتووانی شاری the line بە پێنج خولەك پیادەڕەوی دەتوانن پێداویستییەكانی خۆیان دابین بكەن. خەرجییەكانی ژێرخانی ئەو شارە 30% كەمترە، بەڵام كوالێتییەكەی 30% زیاترە و بە رێژەی 100% لە وزەی پاك سوود وەردەگیرێت.

لەو شارەدا تەواوی گرووپ و كۆمەڵگە جیاوازەكان بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی پێوەندییان لەگەڵ یەكتردا هەیە، سەرووی 90%ی ژێرخانی ئاوەدانكردنەوەی شارەكە پێوەندی بە تەكنەلۆجیای زانیارییەوە دەبێت.

ئەم پڕۆژەیە بە پشتبەستن بە وزەی پاك خۆی لەگەڵ ئەو ئامانجە گونجاندووە كە بۆ بنیاتنانی پڕۆژەی ستراتیجی نیۆم پلانی بۆ داڕێژراوە.

لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو كۆمپانیای نیۆم بە فەرمی ئەوەی بڵاو كردەوە، بنكەی سەرەكی خۆی لە ریازەوە بۆ ناوچەیەك لە باكوری سعوودیە گواستووەتەوە، بۆ ئەم كارەشی مۆڵەتی وەرگرتووە كە دەكرێ لەو رێیەوە پەرەی زیاتر بە پڕۆژەكە بدات.

پڕۆژەی نیۆم راستەوخۆ لە لایەن محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیەوە سەرپەرشتی دەكرێ. ئەو شارە ئۆتۆماتیكییە، تێیدا دەتوانین سەیری هەموو شتێك بكەین و یەك كۆمپیوتەر دەتوانێ تێبینی هەموو تاوانێك بكات، بێ ئەوەی پێویست بكات راپۆرت بنووسرێ، ئەوە شارێكە دەتوانرێ جووڵەی هەموو هاووڵاتییان بخاتە ژێر چاودێرییەوە.
نیۆم بە بیابانی وشك و برینگ دەورە دراوە،

نیۆم بە بیابانی وشك و برینگ دەورە دراوە، بەو حاڵەشەوە حكوومەتی سعوودیە نەك هەر دەیەوێ شارەكە بكاتە بازاڕێكی گەورەی بەرهەمی كشتوكاڵی، بەڵكو بەنیازە لە رێی هەوری دەستكردەوە رێژەی باران بەرز بكاتەوە و كەشی شارەكەش فێنك بكاتەوە. سعوودیە ئامانجیەتی نیۆم خۆشترین شاری دنیا بێ بۆ ژیان، بۆ ئەوەش چوارچێوەیەكیان داناوە 13 ستانداردی جیهانی لەخۆ دەگرێ كە لەسەر ئاستی دنیا بۆ شارێكی خۆش لەبەرچاو دەگیرێن.

نیۆم هاوسنووری ئوردن و میسرە و رێ بە خواردنەوەی كحوول و ژنی قژ ڕووت دەدرێ، هەرچەند لە دۆكیۆمێنتەكانی حكوومەتدا باس لەوە دەكرێ كە دادوەرانی نیۆم لە چوارچێوەی شەریعەتدا كاری خۆیان دەكەن، بەڵام پلانێكی تریش هەیە وەك شارەكە وەك وڵاتێكی  نیمچە سەربەخۆی لێ بێ، بۆ ئەوەی وەك سووكایەتی بە وڵاتێك لە قەڵەم نەدرێ كە مەككە و مەدینەی تێدایە.

لە داهاتوودا سوودێكی زۆری ئابووری بە سعوودیە دەگەیەنێت


محەمەد بن سەلمان یەكێك لەو كەسانە بووە كە هەوڵی داوە جیاواز لە شازادە و پاشاكانی پێشتری سعوودیە وڵاتەكەی لە چەقبەستوویی رزگار بكات و بەرەو دنیای دەرەوە بیكاتەوە. هەرچەندە تا ئاستێك دژایەتی محەمەد بن سەلمان كراوە، بەڵام ئەو سوورە لەسەر پڕۆژەكانی و پێی وایە لە داهاتوودا سوودێكی زۆری ئابووری بە وڵاتەكەی دەگەیەنێت و ناكرێ تاهەتایە وڵات هەر چاوی لە داهاتی نەوت بێت.


وشە - سلێمان تاشان