پۆمپیۆ: رێكخراوی قاعیدە لەژێر سێبەری رژێمی ئێراندا كار دەكات

:: PM:08:26:12/01/2021 ‌

وەك بڕیار بوو ئەمشەو مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا چەند زانیارییەكی هەواڵگری لەبارەی بوونی پێوەندی ئێران و رێكخراوی قاعیدە ئاشكرا كرد، ئەو ئێرانی بە یارمەتیدانی پلاندانان بۆ هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری 2001 تۆمەتبار كرد، دووپاتی كردەوە كە نزیكەی سێ دەیەیە قاعیدە و ئێران پێوەندیان هەیە.
ئێران داوای لە قاعیدە كردووە بارەگایەكی سەرەكی لەو وڵاتە بكاتەوە
ئەمڕۆ سێشەم پۆمپیۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، بۆ یەكەمجارە بە ئاشكرا دووپات لە كوژرانی ئەبو محەمەد میسری، (عەبدوڵا ئەحمەد عەبدوڵا)، بە گولە لە ئێران دەكەینەوە، كە كەسی دووەمی ناو رێكخراوی قاعیدە بوو، روونی كردەوە، ئێران یارمەتی قاعیدەی داوە بۆ پێوەندیكردن بە ئەندامەكانییەوە و رێگەی پێ داون بۆ گەشتكردنی ئازادانە بۆ سووریا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئێرانی بە ئەفغانستانێكی نوێ وەسف كرد، بەوەی بووەتە شوێنی دەستپێكی نوێی چالاكییەكانی قاعیدە، بۆیە ئێران گەورەترین وڵاتی پاڵپشتیكاری تیرۆرە، ئێوە بێننە بەرچاوتان ئەگەر قاعیدە هێرشەكانی بە فەرمانی ئێران جێبەجێ بكات، بۆیە قاعیدە لەژێر سێبەری رژێمی ئێراندا كار دەكات و پێویستە هێزی سەربازی بەشێوازی نەشتەركاری دژ بەو رێكخراوە بەكار بێنین. 

پۆمپیۆ لە كۆنگرەكەدا سەپاندنی سزاكانی بەسەر سوڵتان یووسف عەریف، ناسراو بە (عەبدورەحمان مەغریبی)، راگەیاند، روونی كردەوە، حكوومەتی ئەمەریكا پاداشتێكی حەوت ملیۆن دۆلاری دیاری كردووە بۆ هەركەسێك بە زانیاری یارمەتی گەیشتن بە مەغریبی بدات، دووپاتی كردەوە كە جەنگی دنیای ئازاد دژ بە تیرۆر بەردەوام دەبێت.

پۆمپیۆ گوتی، ئێران بووەتە كۆپییەكی نوێی ئەفغانستان بۆ قاعیدە، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە توندڕۆیانی قاعیدە لە چیا دوورەدەستەكانی ئەفغانستان چالاك بوون، كەچی لە ئێران چاودێرییەكی فەرمیان دەكرێت، ئێران داوای لە قاعیدە كردووە بارەگایەكی سەرەكی لەو وڵاتە بكاتەوە، بەمەرجی پابەندی بە یاساكانی، ئەو پاڵپشتییەكی گەورەی لۆجیستی قاعیدەی كردووە و رێگەی پێ داون ببنە خاوەن پاسپۆرت و پارە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانیان كۆ بكەنەوە، هەروەها قاعیدە سوود لە تۆڕەكانی پێوەندیكردنی ئێران وەردەگرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە ئەو تێوەگلانەی ئێران لە پاڵپشتیكردنی توندڕۆیانی قاعیدە، مەترسییەكی گەورەیە بۆ زۆرینەی وڵاتانی دنیا و هیچ رێگەیەك نییە جگە لە لێپرسینەوەكردن لەو وڵاتە و بەردەوامبوونی لە جەنگ لەدژی تیرۆردا.        



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل